spot_imgspot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە

سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دەستیان لەکارکێشایەوە

سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، دەستیان لە کارکێشایەوە و لە ماوەی 45 ڕۆژی داهاتووشدا هەڵبژاردنی دەستەی كارگێڕیی یانەکە ئەنجام دەدرێت.

ئەمرۆ شەممە 2025.3.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کاتی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر کۆبۆوە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، کە یانەی هەولێر وەک یانەی دایک و خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدار و ناوێکی بەرز، لە سەرووی هەموو مانەوەیە و ڕێگە نادەین ببێتە قوربانی.

ڕاشیگەیاند، ئامانجی هەموومان خزمەتکردن و بەرەو پێشبردنی یانەکەبووە، لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێکمان بۆ باشترکردن و چاکتر کردنی یانەکە بووە، بەڵام بە داخەوە گرفت و کێشەکان بەردەوامیان هەبووە، بۆیە پێویست ئەمڕۆ لە بنەڕەتەوە چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت نەوەك بەشێوەیەكی كاتی.

لە کۆتایدا کۆبوونەوە لە پێناو چارەسەرکردن و بنبڕکردنی کێشە و گرفتەكانی یانەكە و دابینکردنی ئایندەیەكی گەش و باشترکردنی ڕەوەشی یانەکە، گەیشتە ئەو بڕیارانە:
یەکەم/ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کاتی کارگێڕی یانەی هەولێر، بە گشتیی دەستیان لە کارکێشایەوە و دەست لە کارکێشانەوەکەیان قەبوڵکرا.

دووەم/ هەموو ئامادەکارییەک بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازادانەی دەستەیەكی تازەی كارگێڕی بۆ یانەی وەرزشی هەولێر، لە ماوەی مانگێک تا 45 ڕۆژی دیکە.

سێیەم/ بۆ ئەو ماوەیە، واتا لە ماوەی ئەو مانگە تا 45 ڕۆژەی داهاتوو کە پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، دەستەیەکی کاتی بۆ ئیدارەدانی یانەکە دەستنیشان کرا بەو مەرجەی کە نابێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکە، ئەوانیش بریتن لە بەڕێزان:
1- تاهیر سابیر – سەرۆکی کاتی یانەی هەولێر
2- زوبێر جەبار، ئەندامی کاتی دەستەی کارگێڕی
3- د.سەرتیپ محمەد عەوڵا، ئەندامی کاتی دەستەی کارگێڕی
4- د.ئیبراهیم محمەد، ئەندامی کاتی دەستەی کارگێڕی
5- د.شوان خالید، ئەندامی کاتی دەستەی کارگێڕی