ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی دەڵێت: لەژێر ئەوپەڕی فشاردا دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناكەین و داواکارییەکان بۆ پەكخستنی بەرنامە مووشەکییەکەمان قبوڵ ناکەین.
عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، لەژێر ئەوپەڕی فشاردا، سەبارەت بە توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران، لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناكەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەندێک وڵات پێداگری لەسەر دانوستان دەکەن بۆ سەپاندنی داواکارییەکانیان و چارەسەرنەکردنی کێشەکان و وتیشی، “تاران لەژێر فشاری وڵاتێکی زاڵدا دانوستان ناکات”.
ڕاشیگەیاند، بەدڵنیاییەوە تاران داواکارییەکانیان قبوڵ ناکات، تاران هەرگیز داواکارییەکان بۆ پەكخستنی بەرنامە مووشەکییەکەی قبوڵ ناکات.
قسەكانی ڕابەری باڵای ئێران، دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا دێت، کە ڕایگەیاند، پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە و بژاردەی پێداوە لە نێوان دانوستان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی یان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
