سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرای دەكات، تەیف سامی سوورە لەسەر تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی بەرامبەر تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، “ڕەنگە ئەم داواکارییانە ببنە بەربەست لەبەردەم مووچەی مانگی شوبات”.
میدیاكانی یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویانكردەوە، ئەو داواکارییانەی تەیف سامی هەیەتی لەبارەی تەوتین و داهاتی نەوتی و نانەوتی، ڕەنگە ببنە بەربەست لەبەردەم مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد، داواکارییەکانی تەیف سامی بریتین لە تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر تەمویلکردنی پارەی مووچەدا.
سەرچاوەكە وتوشیەتی، “بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە بڕیارە سبەی یەک شەممە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدادبن، چونكە لە رۆژی پێنج شەممەی هەفتەی ڕابردووەوە وردبینی لیستی مووچەی مانگی شوبات تەواوبووە و نێردراوە بۆ تەیف سامی”.
لای خۆشیەوە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) وتی، “وەزیری دارایی عێراق بۆ لیستی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی دواتر، تەئکید لەسەر خێرا ناردنی زانیاری مووچەخۆرانی هەرێم دەکاتەوە بۆ تەوتین بەپێی ڕێکارەکان، کە لەبڕیاری دادگای فیدراڵی هاتووە”.
بە وتەی سۆران عومەر، “وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤ تەسلیم بە حکومەتی هەرێم کراوە”.
