spot_imgspot_img

لە ڕۆژی جیهانی ژنان. چۆن ژنان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێ لە پاراستنی ژینگەدا

مەعروف مەجید

لە زۆرینەی کۆمەڵگاکان و بە تایبەتی کۆمەڵگەی لەمەڕ خۆمان، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتن و پاراستنی سەقامگیری کایەکانی ژیان، دەکرێ لە بۆنە و یادەکانی تایبەت بە ژنان بابەتی ژینگە زیاتر برەوی پێبدرێت و کاری زیاتری بۆ بکرێت.

لە کاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی هەیە، بەڵام کاریگەرییەکانی یەکسان نین، گروپە زیانلێکەوتووەکان زیاترن؛ گرنگترینیان ئافرەتن.

بە پێی توێژینەوەکان ئافرەتان زەرەرمەندیی یەکەمی گۆڕانیکارییەکانی کەش و هەوا و پیسبوونی ژینگەن. نیشانەکانی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان کە بەهۆی پیسبوونەوە دروست دەبێت بە چەندین شێوە لە خانماندا دەردەکەون، وەک ناڕێکی سوڕی مانگانە، زیادبوونی خوێنبەربوون و ئازارێکی زۆر تەنانەت ڕەنگە پیسبوون توانای منداڵبوون کەم بکاتەوە و ئەگەری لەبارچوون زیاد بکات و دووگیانی دوابخات. هۆکاری زۆر هەیە کە ژنان پێویستیان بە بەشداریکردنە لە چالاکییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا، لەوانە: ژنان نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لە گفتوگۆکانی کەشوهەوا دوورخراونەتەوە و لە چالاکییەکانی کەشوهەوادا پەراوێز دەخرێن. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕزگارکردنی هەسارەکە پێویستی بە بەشدارییەکی بەهێزی ژنان هەیە لە هەموو ئاستەکاندا، لە دانوستانەکانی کەشوهەوا تا دارستان و کێڵگەکان لەو ناوچانەی کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییان لەسەرە، بۆ نموونە، ژنانی کۆمەڵگا ڕەسەنەکان پارێزەری ژینگەن و زانیاری و ئەزموونی بەنرخیان هەیە و بوونی ئەوان بەشدارە لە بنیاتنانی خۆڕاگری کەشوهەوا و کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی. بۆیە بەشداری ژنان زۆر پێویستە.

ژنان دەتوانن بەشدارییەکی بەرچاو بکەن لە چارەسەرکردنی قەیرانی خۆراکی جیهانیدا ئەگەر دەستیان بە هەمان سەرچاوەی کشتوکاڵی پیاوان بگات لە کەرتی کشتوکاڵدا، ئەمەش وایان لێدەکات بەرهەمی کشتوکاڵی بە ڕێژەی ٢٠% بۆ ٣٠% زیاد بکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی کۆی بەرهەمی کشتوکاڵی بە ڕێژەی 2.5% بۆ 4% و کەمکردنەوەی قەیرانی برسێتی جیهانی بە ڕێژەی 12% بۆ 17%.

هەروەها بەهێزکردنی ژنان و دابینکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سەرچاوەی گونجاو بۆیان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەردەوامیی پراکتیزە کشتوکاڵییەکان و پاراستنی بەردەوامیی ژینگەیی و کەمکردنەوەی هەژاری و خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتییەکی ژنی زۆریان لە پەرلەماندا هەیە، ئەگەری پەسەندکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی ژینگەیی زیاترە. ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە چاکبوونەوەی کۆمەڵگاکان لە کارەساتی سروشتی کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبن، لە ڕێگەی ئەو پشتگیرییەی کە پێشکەشی خێزانەکانیان دەکەن، کە بەشدارە لە چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی چاکبوونەوەی پێشوەختەی کۆمەڵگاکە، بۆیە سەیر نییە کە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کۆمەڵگایانەی کە ژنەکانیان لە پلاندانان بۆ ستراتیژییەکانی خۆڕاگری و بنیاتنانی توانادا بەشدارن، سەرکەوتووترینن.

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر هەموو مرۆڤەکانی سەر هەسارەکە دەبێت، بەڵام گروپە هەرە لاوازەکان، لە هەردوو وڵاتی گەشەسەندوو و پێشکەوتوودا، بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەرە و مەترسی و بارگرانییەکان زیاتر دەکەن؛ بەتایبەت لە حاڵەتەکانی هەژاری و بەرپرسیارێتیدا. بۆ نمونە کۆمەڵگەگەلێک هەن کە ژنان بەرپرسیارن لە وزەی ماڵ و ئاو و خۆراک و چاودێریکردنی گەنجان و بەساڵاچووان، لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بارگرانی لەسەر ژنان و کچان زیاد دەکات، هەندێک جار ناچارن مەودای دوور ببڕن بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی ڕۆژانە، ئەمەش مەترسی زیاتریان لەسەرە.

بۆیە؛ بەهێزکردنی ژنان بەشدارە لە پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی هەژاری و گەیشتن بەو ئامانجانەی گەشەپێدانی بەردەوام کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دانراون. نموونەی ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی ژینگەدا زۆرن، وەک: لەسەر ئاستی جیهان ژنان خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتین تەنانەت خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ژینگەپارێزیدا. لە میسر کۆمەڵێک ژن کۆمەڵەی کچانی سەوزی میسریان دامەزراند کە کار لەسەر چاندنی نەمام و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەکات سەبارەت بە کێشەکانی ژینگە. لە مەغریب کۆمەڵێک ژن کۆمەڵەی “ژن بۆ ژینگە”یان دامەزراند کە کار بۆ پاراستنی ژینگەی کەناراوەکان دەکات.

لە هیندستان کۆمەڵێک ژن ڕێکخراوی ژن بۆ دارستانیان دامەزراند کە کار بۆ پاراستنی دارستانەکان دەکات. لە کوردستانی باشوور و بەشەکانی تریش ئافرەتان و ژنان لەکاری ژینگەپارێزی لەناو ڕێکخراو و سەنتەرەکانی تایبەت بە ژینگە ناکرێ ڕۆڵیان بەرچاو نەگیرێت. هەمیشە ژنان دەتوانن ڕۆڵی باشتر ببینن لە باشترکردن و پاراستنی زیاتری ژینگە، بۆنموونە، کەم بەفیڕۆدانی خۆراک و کەمکردنەوەی پاشماوەکان و بەکارنەهێنانی مادەپلاستییکی و نایلۆنەکان، بە فیڕۆنەدانی ئاو و گرنگی دانی زیاتر بە سەوزایی ناوماڵەکان و پەروەردەکردنی نەوەیەکی ژینگەدۆست لەناو خێزانەکاندا، ئەمانە و چەندین کاری جوانتر دەتوانن لەناو کۆمەڵگادا ئەنجام بدەن، دەکرێ ژنان و ئافرەتان لە بۆنە تایبەتەکاندا سێکتەری ژینگە و ژینگەپارێزی یەکێک بێت لە خاڵە جەوهەرییەکانی کارکردنی داهاتوویان.

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە