spot_imgspot_img

ئەمریکا و ئێران: دانوستانی ئەتۆمی یان گەمەی سیاسی؟

مانۆڕێکی سیاسی نوێ، یان هۆکاری تر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرەڕای مێژوویەکی دوور و درێژی سیاسەتەکانی دژ بە ئێران، بەردەوامە لە شەپۆلدانی بیرۆکەی دانوستان لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترەمپ کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردبوو؛ نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ناردووە و بانگهێشتی تاران دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، ڕەنگە پرسیار لەبارەی جددیەتی ئەم بانگهێشتنامەیە دروست بکات، کە ئایا تەنها مانۆڕێکی سیاسی نوێیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنی کارتەکانی لە ناوچەکەدا، یان هۆکاری تری هەیە؟

ئێران کە لەژێر گوشاری سزاکانی ئەمریکادا بە چەقبەستوویی ڕەتیکردۆتەوە دانوستان بکات، ئەو پێشنیارەی ترەمپ لە تاکتیکێکی سیاسی زیاتر بە هیچی دیکەی نازانێت.

لەو چوارچێوەیەدا، تاریق وەهبی لێکۆڵەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە کەناڵی سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاندووە، ئەوەی ترەمپ دەیکات تەنها مانۆڕێکی سیاسییە، پێموانیە هیچ ئەگەرێک هەبێت واشنتۆن و تاران بەم زووانە بگەنە ڕێککەوتنێک.

وەهبی پێی وایە، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران هێشتا پەیوەندیی بە فشارەکانی ئیسرائیلەوە هەیە، و واشنتۆن بەدوای ئەوەدا نییە ئاماژەیەکی ڕاستەقینەی نیازپاکی بۆ تاران پێشکەش بکات.

ئەوروپا لە نێوان چەکی ئەتۆمی و نیگەرانی ئەمریکا

لە کاتێکدا واشنتۆن هەوڵی بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات و بەردەوامە لە زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر تاران، وڵاتانی ئەوروپا بە خێرایی هەنگاو دەنێن بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە ئەتۆمییەکانیان.

خودی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی چەترێکی ئەتۆمی ئەوروپی کردووە، کە لە چەکی فەرەنسی و بەریتانیا تێپەڕ دەبێت و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەگرێتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە هاوبەشی بەرگرییەکی نوێ.

وەهبی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕێبازە ئەوروپییە تەنیا کاردانەوە نییە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ڕووسیا، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بەرگری لە ژێر ڕۆشنایی دابەزینی پشتبەستن بە ئەمریکا،“ئەوروپا ناتوانێت سەقامگیری ئەمنی خۆی لەداهاتوودا گەرەنتی بکات، مەگەر توانای ئەتۆمی هاوبەشی نەبێت”.

ئایا ئێران دەرگای دانوستان دەکاتەوە؟

سەرەڕای داوای ترەمپ بۆ دانوستان، بەڵام  تاران لەژێر فشاری سزاکاندا ڕەتیدەکاتەوە دانوستان بکات.

وەهبی پێی وایە ئەم هەڵکشانە سیاسییە زیاتر پاڵنەری ناوخۆیی هەیە نەک بانگەوازێکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی، “ترەمپ هەوڵدەدات خۆی وەک سەرکردەیەک نیشان بدات کە بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا زیاتر بەدوای دەستکەوتی سیاسیدا دەگەڕێت نەک گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە لەگەڵ ئێران.

ئایا ترەمپ جیهان بەرەو شەڕی ئەتۆمی دەبات؟

لە کاتێکدا کە لە هەموو جیهانەوە بانگەوازی ئاشتی دەکرێت، لە هەمان کاتدا کارگەکانی چەک توانای بەرهەمهێنانی خۆیان بەرز دەکەنەوە، ئەم پارادۆکسە سیاسییە نیگەرانییەکان دەوروژێنێت کە جیهان دەتوانێت خۆی بخزێنێتە ناو شەڕێکی ئەتۆمی نوێ لە نێوان بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان زلهێزەکان، بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ڕووسیا.

تاریق وەهبی لێکۆڵەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژە بەوە دەکات “دژایەتی نێوان گوتاری سیاسی و کردەی سەربازی دەمانخاتە دۆخێکی سەختی مەترسیدارەوە”، لە کاتێکدا کە بانگەوازەکان بۆ ئاشتی زیاتر دەبن، ئامادەکارییەکان بۆ شەڕ زیاتر دەبن، ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دروست دەکات.

یارییەکی زۆر ئاڵۆز

نیازی ترەمپ بەرامبەر ئێران تا ئێستا ناڕوونە، ئایا ئەمە بانگەوازێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئاشتیی، یان تەنها تاکتیکێکی سیاسی ترە؟ لە کاتێکدا زلهێزەکان لەسەر فایلە ئەتۆمییەکان شەڕ دەکەن، دیمەنی نێودەوڵەتی بەڕووی هەموو ئەگەرەکاندا کراوەیە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە