عێراق، ترسی لە پەرێنەوەی ڕووداوەکانی سووریا هەیە

عێراق، نیگەرانە

بەرپرسانی سەربازی و سیاسی لە عێراق، نیگەرانن لەو بارودۆخەی لە سووریا هاتووەتە ئارا و ترسی خۆیان لە کاردانەوەی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییانە دەربڕی کە لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئیدارەی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی کاتی و ئەو چەکدارانەی کە بەشێکن لە بەرهەڵستکارانی حکومەتی نوێ و پاشماوەکانی ئەسەد سەریان هەڵداوە.

“ئەوەی ڕوودەدات سەرەتای زنجیرەیەک ئاژاوەگێڕییە”

بەرپرسێکی یەکێک لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان دەڵێت، “ئەوەی ڕوودەدات سەرەتای زنجیرەیەک ئاژاوەگێڕییە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “خەبات بۆ نفوز و ڕادەستکردنی سووریا بۆ تورکیا لەلایەک و کۆنترۆڵکردنی ئەمریکا و کردنەوەی ڕێگە بۆ قەوارەی زایۆنی لەلایەکی دیکەوە، سووریا بەروە ڕۆژانی سەخت و بێ کۆتای نەهامەتی پاڵ دەنێت”.

ئەو بەرپرسە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە بۆ رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی وتوویەتی “ئێران دەستی لە ڕووداوەکانی سووریادا نییە، بەڵکو ئەوەی هاتووەت پێش لە ئەنجامی فاکتەرەکانی ئاژاوەگێڕی و تائیفەگەری و تیرۆرەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هەموویان لەسەر خاکی سووریا بوونیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە “لە ئێستادا کوتلە چەکدارەکانی عێراق و نفوزی ئێران لە دەرەوەی هاوکێشەکەن، دوای ئەوەی هەمووان تۆمەتباریان دەکردین بەوەی لەپشت لەناوبردنی ئەوەین کە لەو وڵاتە هاتووەتە بوون”.

ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی لەپشت ئەوەن کە ڕوودەدات

ئەو بەرپرسە پێی وایە “ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی لەپشت ئەوەن کە ڕوودەدات، ئەمە جگە لە هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی تورکیا دوای ئەوەی توانی بە پشتیوانیکردنی بەرەی نوسرە خۆی بسەپێنێت”.

پێشهاتەکانی سووریا هەمیشە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر عێراق هەیە، کە سنوورێکی دوورودرێژی لەگەڵدا هاوبەشە، لەکاتێکدا ڕەنگە دۆخی پشێوی ناوچەکە کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی عێراق هەبێت.

هەروەها بەغدا ترسی لە لێشاوی شەپۆلی نوێی پەنابەران هەیە، کە دەتوانێت فشار بخاتە سەر سەرچاوە و خزمەتگوزارییەکانی پارێزگا سنوورییەکان، جگە لە زیندووکردنەوەی شانە تیرۆریستییەکان بە قۆستنەوەی ئەو ئاژاوەیەی کە لەناو وڵاتی دراوسێدا ڕوودەدات.

لەگەڵ دروستبوونی ئیدارەی نوێ لە دیمەشق، ڕەنگە پێویست بێت ڕێککەوتنە ئەمنییەکان و بازرگانییەکان ڕێکبخرێنەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە نەوت و سنوورە هاوبەشەکان، لە هەمان کاتدا تەحەددای ئەمنی و سیاسی هەر ماون و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق و ناوچەکە بە گشتی هەیە.

ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەکە تێکبچێت

لەمبارەیەوە جەودەت کازم، شارەزای ئەمنی عێراقی، هۆشداری دەدات لە پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ عێراق.

دەشڵێت؛ “پێویستە بەغدا پلانێکی ئەمنی و سەربازی تۆکمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا دابڕێژێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەکە تێکبچێت و عێراق ببێە قوربانی توندڕەوی و تیرۆر، وەک ئەوەی لە ساڵی 2014 ڕوویدا کە یەک لەسەر سێی وڵات کەوتە دەست تیرۆریستان”.

کازم پێی وایە “جوڵەی ئەم هێزە چەکدارانە کە دەوترێت سەر بە ڕژێمی ئەسەدن هۆکاری کەسی پاڵنەریان نین، بەڵکو لایەنێکی دەرەکی هەیە کە خەریکی دنەدانی خواستەکانیانە، بەتایبەتی کە سووریا خاڵێکی سەرنجڕاکێشە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لە کاتێکدا لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە کە پشتگیری لە هیچ گروپێک بکات لە ناوچەکەدا دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا و پراکتیزەکردنی سیاسەتی زۆرترین فشار لەسەری”.

پاسەوانی سنووری عێراق لە ئامادەباشیدایە

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە لوبنانیەکە، یەکەی پاسەوانی سنووری عێراق جێگیربوونی خۆی لەگەڵ سووریا چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی لە کەناراوەکانی سووریا سەریان هەڵدا.

پاسەوانی سنووری عێراق لە بەیاننامەیەکدا دووپاتیکردەوە؛ “لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق، یەکەکانمان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەسەر سنووری عێراق و سووریا لە دەروازەی ڕەبیعە تا دەروازەی ئەلوەلید، لە ڕێگەی بڵاوەپێکردنی چڕ و دەوریەی ئەمنی “.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە