“ڕاگرتنی کاتی”
هێزەکانی ئۆکراین وێنەی مانگی دەستکردیان بەکاردەهێنا بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆردومانی تۆپخانەکانی مۆسکۆ و دەستنیشانکردنی ئامانجەکان بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، لە ئێستادا ئەم هاوکارییە سەربازییە لەلایەن واشنتۆنەوە راگیراوە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئاژانسی نیشتمانی تایبەت بە زانیاریی شوێنی -هەواڵگری ئەمریکا “ڕاگرتنی کاتی” دەستڕاگەیشتن بە وێنەی مانگی دەستکردی بۆ ئۆکراین ڕاگەیاندووە، کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆی دابین دەکرا.
بەپێی ڕێنماییەکانی ئیدارەی ترەمپە
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئاژانسی نیشتمانی تایبەت بە زانیاریی شوێنی – هەواڵگری، ڕایگەیاندووە، “بەشێوەیەکی کاتی دەستڕاگەیشتنیان بە سیستمێک ڕاگرتووە” کە وێنەی مانگی دەستکردی دابین دەکرد “بەپێی ڕێنماییەکانی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە پشتیوانییەکانیان لە ئۆکراین”.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕوونی کردەوە کە هێزەکانی ئۆکراین بۆ کۆنترۆڵکردنی تەقەی تۆپخانەکان و دیاریکردنی ئامانجەکان بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سوودیان لەم هاوکارییەی ئەمریکا وەرگرتووە.
خیانەت نەک بڕیارێکی سیاسی
ئاماژەی بەوەشکردووە، “سەربازانی ئۆکراین دەستبەجێ هەستیان بە دەرئەنجامەکانی ئەم کارە کردووە و هەندێکیان ئەم بڕیارەیان بە خیانەت وەسفکردووە نەک بڕیارێکی سیاسی”.
جاکی هاینریچ، ڕۆژنامەنووسی فۆکس نیوز ڕایگەیاندووە، جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەمریکا هاوبەشیکردنی هەواڵگری لەگەڵ ئۆکراین ڕاگرتووە.
پێشتر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو؛ پێنتاگۆن فەرمانی ڕاگرتنی هەموو هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراین پێگەیشتووە.
دۆناڵد ترەمپ تەنها چەند ڕۆژێک دوای دەمەقاڵێی لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی کە لە ٢٨ی شوبات لە کۆشکی سپی ڕوویدا، فەرمانی ڕاگرتنی سەرجەم هاوکارییە سەربازییەکانی ئۆکراینی دەرکرد.
ئەم فەرمانەی سەرۆکی ئەمریکا لە 4ی ئازارەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم کەرەستە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەگرێتەوە کە ئێستا لە ئۆکراین نین، لەوانە ئەو چەکانەی لە ڕێگەی فڕۆکە و کەشتیەوە دەگوازرێنەوە، یان چاوەڕێی بارکردنن لە پۆڵەندا.
