بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان: هەمیشە لەگەڵتان بووم و دەبم

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە یادی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان دەڵێت: “هەمیشە لەگەڵتان بووم و دەبم، پشتیوان و پارێزەری بەدیهێنانی هەموو خواستەکانتانم و لە ریزی پێشەوەی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەمتان دەبم.

ئەمڕۆ شەممە کە هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە رۆژی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژنان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە ژنانی کوردستان، عیراق و جیهان دەکەم.

دەشڵێت: “هیوادارم ئەمڕۆ سەرەتایەکی جددی و کارکردنی پێکەوەیی هەموومان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی ژنان و پشتیوانیکردن لە خەباتیان و نەهێشتنی جیاکاری و هێنانەدی داواکاری و خواستەکانیان”.

باسی لەوەشکردووە: “ئێمە باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەکسانی و فراوانکردنی بەشدارییان لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیاردا هەیە، لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپە چەسپاوە زەمینەی زیاتر دەڕەخسێنین بۆ ژنان تاوەکو لەناو ریزەکانی یەکێتیدا خەبات بکەن و شانبەشانی کاری رێکخراوەییان، پێکەوە خەباتی ژنان جۆشبدەینەوە و نەهێڵین لەژێر هیچ پاساوێکدا ئازادییەکانتان لێبسەندرێتەوە”.

ئەوەشی وتووە: “لەم یادەدا سڵاوی وەفاداری دەنێرین بۆ هەموو ئەو ژنە تەوارانەی لە قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتی بەشێک بوون لەکۆڕی تێکۆشان و قوربانییان بەخشیوە لەپێناو گەل و خاکەکەماندا، چ وەک ژنە پێشمەرگە و شۆڕشگێر، وەک دایک، مامۆستا، چالاکوان کە لە پێشەوەی کۆڕی تێکۆشاندا بوون، هەمیشە خۆمان بەقەرزارتان دەزانین و وەفاداری ماندوبوون و خەباتتان دەبین”.

“هەمیشە لەگەڵتان بووم و دەبم، پشتیوان و پارێزەری بەدیهێنانی هەموو خواستەکانتانم و لە ریزی پێشەوەی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەمتان دەبم، تا ئێوەی ژنان رۆڵی گرنگتر بگێڕن لە هەرێمى کوردستان و وەک هەمیشە بەشێکبن لە سەرکەوتن و گۆڕانکارییەکان لە هەموو کایەکانی ژیاندا”، بافڵ تاڵەبانی وای وتووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە