spot_imgspot_img

عێراق بێ کارەبا دەبێت

 

لە ئەمڕۆوە عێراق بێ غازی ئێران دەبێت.. هاووڵاتیان لەچاوەڕوانی هاوینێکی سەخت و بێ کارەبایدان

راگرتنی مۆڵەتی کڕینی کارەبا و گاز لە ئێران هاووڵاتییانی عێراقی نیگەرانکردووە و ترسیان هەیە لەمەوەی دۆخی کارەبا بەرەو خراپتر بچێت.

 

بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، عێراق رۆژانە بڕی 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، لە ئێستاشدا ئەو وادەیەی ئەمریکا بۆ عێراقی داناوە پەیوەست بە دەستبەرداربوونی کڕینی گاز و کارەبا لە ئێران کۆتایی هاتووە.

هەوڵ هەیە بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوونی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، ” هەوڵ هەیە بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوونی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە، ئەگەرچی تائێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوون بۆ هاوردەی گازی ئێران بەدەست نەگەیشتووە.”

 

ئەحمەد موسا عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە کەناڵی سۆمەریەی ڕایگەیاندووە، ” وەزارەتی کارەبا بەپێی رێنماییە حکومییەکان کار دەکات و هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمیشیان سەبارەت بە کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بەدەست نەگەیشتووە”.

لە کارداین بۆ دامەزراندنی هێڵی گواستنەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو

عەبادی دەڵێت، “قەبارەی هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە 1000 مێگاواتە، لەگەڵ تورکیا و ئوردنیش هێڵی گواستنەوەی کارەبامان هەیە، لە کارداین بۆ دامەزراندنی هێڵی گواستنەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.”

 

بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ، “هەوڵێک لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی لێخۆشبوونی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە هەیە، بەڵام ئەگەر ئەنجامی نەبوو ئەوکات هاوردەکردنی گازی ئێرانی رادەگرین.”

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، ” ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر دۆخی کارەبا دەبێت، بەڵام هەوڵ دەدەین ئەو گرێبەستەی وەزارەتی نەوت لەگەڵ تورکمەنستان واژۆی کردووە، کاری پێبکرێت، کە بەگوێرەی گرێبەستەکە رۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا گازی شل لەو وڵاتەوە هاوردە دەکرێت.”

کورتهێنانی کارەبا پڕ دەکەینەوە

ئەوەشی وتووە؛ “کار دەکەین بۆ دروستکردنی سەکۆی گازی شل و بە پشتبەستن بە وزەی خۆر و دروستکردنی وێستگەی هەڵمی بۆ بەکارهێنانی گازی ناوخۆیی، کورتهێنانی کارەبا پڕ دەکەینەوە.”

 

ئەحمەد عەبادی ئەوەی خستەڕوو، “لە بەسرە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کار دەکرێت بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی دابینکردنی کارەبا، لە رێگەی وزەی خۆر بە توانای 1000 مێگاوات، لە کەربەلا، بابل و زیقاریش بەهەمان شێوە.

 

لە ساڵی 2018وە ئەمریکا چەند جارێک لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت، کە ئەمڕۆ 8ی ئادار، مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتایی دێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە