spot_imgspot_img

ئیدارەی خۆسەر بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتی بڵاودەکاتەوە

ئیدارەی خۆسەر لەبارەی گرژییەکانی سووریا بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و دەڵێت” هۆکاری ئەم پەرەسەندنە، خوێندنەوەی هەڵەی واقیعی سوریایە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە”.

ئەمڕۆ هەینی 7ـی ئازاری 2025، ئیدارەی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا کەبۆ ڕای گشتی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت” گرژی و پێکدادانەکان لە سوریا بەتایبەت لە کەناراوەکانی سووریا لە نێوان لایەنگرانی دەسەڵاتدارانی دیمەشق و گروپە سەربازییەکانی کەناراوەکانی سووریا پەرەدەسەنن”.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمە لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و دڵتەنگیمان لەسەر ئەوەی کە لە کەناراوەکاندا ڕوودەدات، هۆکاری ئەم پەرەسەندنە، خوێندنەوەی هەڵەی واقیعی سووریایە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە، و ڕەچاونەکردنی هەستیاریی دۆخی سووریا، بەتایبەتی هەمەچەشنی پێکهاتەکان و لایەنەکان.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم ڕەچاونەکردنە و نەخوێندنەوەی دۆخەکە بەباشی  وڵاتەکەمان بۆ لێوارێکی پڕ مەترسی گەورە ڕادەکێشێت ، و ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی گەلی سووریامان.

ئیدارەی خۆسەر داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات حیکمەت و خۆڕاگری بەکاربهێنن، و ئەم ئاڵۆزییانە ڕابگرن کە دەبێتە هۆی ئاژاوە و دووبەرەکی و لێکترازانی هێزە نەتەوەییەکانی سووریا، و خەڵکی سووریا بە تەنها باجی ئەم دژایەتیانە دەدات.

ئیدارەی خۆسەر جەختیشدەکاتەوە و دەڵێت”ئێمە چەندین جار جەختمان لەوە کردووەتەوە کە سووریا پێویستی بە دیالۆگێکی نیشتمانی ڕاستەقینە هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی گەیشتن بە سەلامەتی و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە نێوان هێزەکانی سووریادا هەڵپەسێردراون”.

جارێکی تر داوای کۆتایی هێنان بە پەرەسەندن و پەنا بۆ دیالۆگ دەکەین، داوا لە گەلی سووریاشمان دەکەین کە پاڵپشتی لەو کەسانە نەکەن کە هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەدەن لە سووریا، چونکە هەموومان دۆڕاو دەبین و دوژمنەکانمان ئەوانە دەبن کە ئەمە بۆ مەبەستی خۆیان لە سووریا دەقۆزنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە