وەزارەتی کارەبا گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ چەند گەڕەکێکی شاری سلێمانی ڕاگەیاند و دەڵێت” زیاتر لە 9,000 هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتووە”.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا وەک قۆناغێکی ئەزموونی، لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ بازاڕی سلێمانی و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی وەک (ئیبراهیم پاشا، سابونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا) کە زیاتر لە 9,000 هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر 17 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکراوە و بەمشێوەیە بەکۆی گشتی نزیکەی 100 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن لەم خزمەتگوزارییە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی کارەبا، پڕۆژەی ڕووناکی لە چالاکیەکانی بەردەوامە و بەمزووانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ کۆمەلێک گەڕەکی دیکە لەهەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.
بۆ زانیاری زیاتر، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی ڕووناکی لەڕێگای ژمارە 1992. سەنتەرەکە لەکاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکو 9ی شەو بەردەستە.
