پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت کە دیاریکردنی یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک پشووی فەرمی لە عێراقدا دەستکەوتێکی مەزنە و بە هەوڵی ئێمە بووە.
مانگی ئایاری 2024 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا ڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بکرێتە یەکێک لە پشووە فەرمییەکانی عێراق.
ئەمڕۆش غەریب ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و هۆزەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە ڕۆژی16ی ئازار لە سەرتاسەری عێراق کراوەتە پشووی فەرمی.
وتیشی: “ئەم دەستکەوتە مەزنە، بەهۆی هەوڵەکانی ئێمەوە بووە وەك فراکسیۆنی یەکێتی و نووسراوی پێشکەشکراومان وەك جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەوقافی بەژمارە ١٤٧ لە ٢٠٢٤/٥/٢٢ كە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانم کردووە”.
غەریب ئەحمەد ڕاشیگەیاند، لە نووسراوەکەدا داوامان کردووە کە بە فەرمی ڕۆژانی ١٦/٣ (یادی کیمیابارانی هەڵەبجە) و ١٤/٤ (یادی ئەنفال دژ بە گەلی کورد) بکرێنە پشووی فەرمی لە سەرتاسەری عێراقدا.
وتیشی: “سوپاس بۆ خوا، سەرۆك واژۆی لەسەر نووسراوەکەمان کرد و دەنگی پێویستی نوێنەرانی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە فەرمی پەسەند کرا”.
