spot_imgspot_img

بەشی دووەم – چەند سیناریۆیەکی ئەگەریی بۆ داهاتووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕابەر تەڵعەت – توێژەر
بەشی دووەم
دووه‌م/ سیناریۆی پاشەکشە و پێکدادان (ڕەشبینی):
دەستپێشخەری ئاشتی لە تورکیا؛ ڕه‌نگه‌ بەهۆی ئاراستەیەکی ناسیۆنالیستی توندڕەو، یان دابەشبوونی ناوخۆیی لە ڕیزەکانی په‌كه‌كه‌ دا بگات بە بنبەست و کوتایی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕی لە ناوچەکانی سنوور و باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا به‌دوادابێت!. یاخود ئەردۆگان هەست بە هەڕەشە بکات و لە هەوڵ و بەڵێنەکانی ئاشتی پاشەکشە بکات؛ دواجار هەڵمەتی سەربازی توندوتیژ دژی په‌كه‌كه‌ دەستپێبکاتەوە و هەوڵەکانی ئاشتی لەبار بچن.
پەرەسەندنێکی هاوشێوە؛ سێبەری شەڕ و گرژی خۆی بەسەر سوریاشدا دەکێشێت! تورکیا بیانووی دەکەوێتە دەست بۆ چوونەناوەوەی سەربازی زیاتر بۆ باکوری سوریا (ڕۆژئاڤا)، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی کۆتاییهێنان بە ئیدارەی خۆسەریی کوردی!. هه‌روه‌ك ناوچە کوردنشینه‌كان ڕووبەڕووی گورزی سەربازی و کارەساتی مرۆیی و پاکتاوی رەگەزی ببنه‌وه‌! لەم حاڵەتەدا، ڕه‌نگه‌ (واشنتۆن) دەستەوەستان دانه‌نیشێت؛ (گه‌رچی لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، ڕیسک بە هەموو پەیوەندییەکانییەوە ناکات لەگەڵ تورکیا)، بەڵام لە ماوەی رابردووشدا پابەندبوونی ئەمریکا بە پاراستنی کوردەوە، بە واقیعی بینراوە؛ بۆیە پێناچێت ڕێگە بە هاوپەیمانەکەی (تورکیا) بدات “هێڵی سوور” ببەزێنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە ناکاتە قوربانی بۆ پاراستنی كورد و ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی. بۆیە پێده‌چێت سازشکردن (وەک دروستکردنی ناوچەی داماڵراو لە چەک، یان ناوچەی ئارام، یاخود هاندانی کورد بۆ تێکەڵبوون بە سوپای نوێی سوریا) بە باشتر بزانێت وەک لە پشتگیریی ئۆتۆنۆمی یان هەر جۆرێکی دیکەی خۆبەڕێوەبەریی. ئەم سیاسەتەش هیچ گه‌ره‌نتییەکی ڕەهای بۆ کورد تێدا نییە،کوردیش درک بەم ئه‌گه‌ره‌ دەکات و لە پێشبینی هەر پاشەکشەیەکی کتوپڕی ئەمریکادا، کار بۆ هەمەچەشنکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزەکانی تردا دەکات.
لە چوارچێوەی پێشهاتی نوێدا، بەتایبەتی دوای جەنگی غەززە، بڕیاردەرانی (تەلئەبیب)، دۆسیەی کورد؛ وەک جۆرێک لە بەرپەرچدانەوە و ڕێگریی، یان کارتی فشار بۆ ڕێگریی پەرەسەندنی پێگه‌ و نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا دەبینن. شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئیسرائیل سوود لە پەیوەندی لەگەڵ کورد دەبینێت بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی ناوچەیی خۆی؛ وەبەرهێنان لە دۆسییه‌ی کورد دەکات بۆ ڕێگریکردن لە گۆشەگیریی ناوچەیی و کاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچەکە. هەر بە ڕای چاودێرانیش؛ ئەمە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی پشت دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی لە تورکیا و پێشوازی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد وەک ئاکتۆرێکی کاریگەر!
به‌بێ لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە گەورەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی و گرژییەکانی نێوان زلهێزەکان، ناتوانین لە ئایندەی کورد لەناوچەکە تێبگەین! گۆڕانکارییە جیۆپۆلێتیکییە جیهانییەکان؛ نوێنەرایەتی ئەو پاشخانە فراوانە دەکەن، کە داشه‌كانی پرسی کورد لە چوارچێوەیدا دەجووڵێن و هەر ململانێیەکی جیهانی یان ڕێکخستنەوەی زلهێزەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ (هەندێجاریش ڕاستەوخۆ) کاریگەری لەسەر دۆخی کورد دەبێت. لە دەیەی ڕابردوودا، قورسایی بایەخی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەندێک دوور کەوتۆتەوە و بە ئاراسته‌ی ئاسیا و زەریای هێمن گۆڕاوه‌، ئەویش بۆ مەبەستی سنووردارکردنی سەرهەڵدان و گەشەکردنی چین بووە. ئەم پاشەکشە ڕێژەییەی ئەمریکا لە پرسەکانی ناوچەکەدا بۆشایییەکی بەرچاوی بەجێهێشتووە.
سەرقاڵبوونی واشنتۆن بە کێبڕکێوە لەگەڵ پەکین، وایکرد مەیدانی مانۆڕی نفوزخوازی (تورکیا و ئێران) لەناوچەکەدا و بەبێ گوێدانە کاردانەوەکانی ڕۆژئاوا، فراوانتر ببێت. هەردوو وڵات لە ڕووبەڕووبوونەوەی کورد و سەرکوتکاریدا، لەنێوان ساڵی 2016 بۆ 2023 درێغییان نه‌كردووه‌ و دەستیان نەپاراستووە!
وەرچەرخانی بایەخی ئەمریکا بەرەو چین و سەرقاڵبوونی ڕوسیا بە شەڕی ئۆکرانیاوە، دەرفەتێکی وای بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە ڕەخساند، كه‌ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان هێڵە سورەکان تۆخبكه‌نه‌وه‌، به‌جۆرێك کورد تیایدا بە لاوازترین دۆخدا تێپەڕیوە. هەندێک لێکۆڵەر بارودۆخی ئێستایان بە قۆناغی شەڕی سارد لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا چواندووە، کە ئه‌و كات هەر کامپێکی جیهانی سەرنجی لەسەر ململانێ گەورەکانی بووه‌، ئەمەش ڕێگەی بۆ (تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران) خۆشكرد، بەبێ هیچ ترسێک لە دەستێوەردان و لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی، سیاسەتی سەرکوتگەرانەی توند لە دژی گه‌لی کورد پەیڕەو بکەن.
دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ ئەمڕۆ، تا ڕاده‌یه‌ك گران و بگره‌ ئه‌سته‌مه‌، جیهان چیتر بەو شێوه‌ تونده‌، دوو جەمسەری نییە و کوردیش یاریزانێکی خۆسه‌لمێن و دانپێدانراو بووه‌ لە شەڕی تیرۆر و قۆناغی دوای بەهاری عەرەبی. سەرباری ئەمەش دووبەرەکی نێوان زلهێزەکان، توانای داڕشتنی پێگەیەکی یەکگرتووی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی کورد لاواز کردووە؛ ئێستا بۆشاییەک لە سەرکردایەتی نێودەوڵەتیدا هەیە بۆ نێوەندگیری، یان فشار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە. هه‌روه‌ك گۆڕانکارییە جیهانییەکانیش دەرفەتن بۆ کورد، یان لانیکەم فاکتەری یارمەتیدەرن. سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و شکستی ئەو ڕێکخراوە لەسەر دەستی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی، کە کورد ڕۆڵی گەورەی تێدا بینی، تێڕوانینی جیهانی بۆ کورد گۆڕی. هێزە کوردییەکان (پێشمەرگە لە عێراق و هەسەدە لە سوریا) کاریگەریی خۆیان سەلماند لە بەرەنگاربوونەوەی داعش؛ ئەمەش وایکرد ببێتە هۆی بەدەستهێنانی ڕێز و ناساندنی نێودەوڵەتی بۆ کورد، وەک هاوبەشێکی پێویست لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
سیناریۆی ڕەشبینانە لەپشت ئەم دابەشبوونە قورسەی هێز و هەژموونخوازی هه‌رێمی و نێودەوڵەتی هەمیشە (گریمانەیەک دەهێڵێتەوە، كه‌ تیایدا هەمووان دەستبەرداری کورد بن و بۆ چارەنووسی خۆی جێی بهێڵن)؛ ئەمەش وەک سیناریۆیەک بەدوور نازانرێت لە واقیعدا ڕووبدات! هه‌روه‌ك مێژووی نوێ دەریخستووە؛ کاتێک هێزێکی پشتیوان دەکشێتەوە، هێزێکی دیکە هەنگاو دەنێت به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ستراتیژیی خۆی – شوێنەکەی پڕبکاتەوە. بۆ تێگەیشتن لە سیناریۆی چاوەڕوانکراو؛ پێویسته‌ گۆڕانکاریی لە هاوسەنگی هێزی ناوخۆیی و هه‌رێمیی کاریگەر بە گۆڕانکاریی جیهانی لەبەرچاو بگرین. لاوازبوونی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی شەڕ و ململانێی ناوخۆیی (سوریا و عێراق)، گەمارۆکان لەسەر (ئێران)، و قەیرانە ئابوورییەکانی (تورکیا)، ڕه‌نگه‌ توانای ئەو دەوڵەتانە لە سەرکوتکردنی کورد لاواز بکەن. لەبەرامبەریشدا سەنگی دیمۆگرافی و سیاسیی کورد بەراورد به‌ ڕابردوو زیادی کردووە. بزووتنەوە کوردییەکان ئەزموونی سیاسی و سەربازیی قوڵتریان هەیە، هەروەها نیمچە قەوارەیەکیان هەیە، کە کاروبارەکانیان بەڕێوەدەبەن (هەرێمی کوردستانی دانپێدانراو لە عێراق، و ئیدارەی خۆسەری دیفاکتۆ لە باکوری سوریا- ڕۆژئاڤا).
ده‌رئەنجام؛ لە کاتی شیکردنەوەی سیناریۆی ڕەشبینانە بۆ ئایندەی کورد، بۆمان دەردەکەوێت؛ سەرەڕای بوونی هەڕەشەی ڕاستەقینە و هاوسەنگی ئاڵۆز بەرامبەر بە خواستەکانی، ئەو هۆکارانەی باسمان کرد، تۆڕێکی سەلامەتی پێکدەهێنن، کە ڕێگری لە بەدیهێنانی خراپترین مه‌ترسییه‌كان دەکات. پاڵپشتی شاراوە و پچڕپچڕی ئیسرائیل، پابەندبوونی ڕێژەیی ئەمریکا (لە سنووری پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا)، خۆگرتنی دەوڵەتانی ناوچەکە (بەهۆی بەرخۆدانی کورد و فشاری نێودەوڵەتی)، ڕۆڵی هاوسەنگکردنی یەکێتی ئەوروپا و ڕوسیا و گۆڕانکاری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا – هەموو ئەمانە؛ کورد لەسەر نەخشەی هاوکێشە ناوچەییەکان دەهێڵێتەوە. ڕەنگە کورد بە خێرایی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یان یەکلاییکردنەوەی دادپەروەرانەی پرسەکەی بەدەست نەهێنێت، بەڵام پێناچێت بزووتنەوە، یان شوناسه‌ نەتەوەییەکەی بەتەواوی لەدەست بدات. کورد بەردەوام دەبێت لە قۆستنه‌وه‌ی هه‌لی ئەو پەراوێزە بزووتنەوەیانەی، کە دژایەتییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان ڕێگەیان پێدەدەن. ئەمەش بەو مانایەیە، کە پرسەکەی بە زیندوویی دەمێنێتەوە و لە نێوان هەڵکشان و داکشانەوەدا دەگۆڕێت، بەڵام ئه‌سته‌مه‌ هیچ لایەنێک بتوانێت بەبێ حسابکردن بۆ کورد خۆی، چارەنوسی ئەم نەتەوەیە یەکلایی بکاتەوە. بەم شێوەیە تەنانەت لە ڕەشبینترین سیناریۆشدا، فاکتەری بابەتیی هەیە، کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوه‌ تاریکه‌كانی مێژوو لە دژی گەلی کورد دەکات، و هیوا بە زیندووی دەهێڵێتەوە لە توانای بەرگەگرتن و سەپاندنی بوونی خۆیان لە هاوکێشەکانی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە