ڕابەر تەڵعەت – توێژەر
بەشی یەکەم
پێدەچێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لەسەر رێڕەوێکی جیاوازی تەرازووی هێز و هەژموون، لە قالبێکی جیاوازدا خۆی رێکبخاتەوە! داهاتووی کورد چۆن دەبێت؟ سیناریۆی ئەم گۆڕانکارییانە بۆ کورد چین؟
یەکەم/ چارەسەریی ئاشتیانەی هەمەلایەن (سیناریۆی گەشبین): دەستپێشخەریی ئاشتی لە تورکیا، دڵی ئەم گەشبینیەیە. پە&کە&کە، پابەندە بە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، رێگە بە ئۆجەلان دەدرێت رۆڵێکی سیاسی بگێڕێت لە ئاراستەکردنی پرسی کورد بۆ چارەسەریی دیمۆکراسی لە تورکیا. لەبەرامبەردا، دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بۆ چاکسازیی ڕیشەیی دەنێت لە سیستەمە سیاسییەکەیدا و کوردیش لە چوارچێوەی حکومەتە خۆجێییەکاندا، بەشداری لە دەسەڵاتدا دەکات، ئەمەش کۆتایی بە شەڕ و خوێنڕشتنێکی چل ساڵە دەهێنێت.
ئەم ڕێککەوتنە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆژئاڤا هەیە؛ بە نەمانی هەڕەشەی چەکداری پە&کە&کە، بیانووی تورکیا بۆ دەستوەردان لە باکوری سوریا کەم دەبێتەوە. پاشان لەوانەیە ئەنقەرە قبوڵی بکات ئۆتۆنۆمی بە کوردی سوریا لە چوارچێوەی دەوڵەتی نوێی سوریادا بدرێت، بە تایبەت ئەگەر بتوانن گەرەنتی پچڕاندنی پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکانیان لەگەڵ پە&کە&کە بکەن.
ئیدارەی خۆسەری کورد دەچێتە نێو دانوستان و ناوبژیوانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ هێڵکاری و داڕشتنەوەی داهاتووی سوریا، تیایدا کورد پێگەیەکی دەستوری دانپێدانراو بەدەست دەهێنێت (ڕەنگە سیستەمێکی فیدراڵی بێتەکایەوە و مافەکانیان گەرەنتی بکات).
لە چوارچێوەی عێراقیشدا، هەرێمی کوردستان سوود لە کەشوهەوای سەقامگیریی و ئاشتی هەرێمایەتی وەردەگرێت، ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی نەوتی و داراییەوە چارەسەر دەکات کە بە ڕوونی پشکی دەستوری هەرێم زامن دەکات و لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنەوە کۆتایی بە ململانێی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەهێنێت. هەروەها ڕەنگە (پارتی و یەکێتی) لەژێر فشاری جەماوەریدا ڕیزەکانی ناوخۆ یەکبخەن، بەمەش دەسکراوەیی دانوستانکاریی هەولێر زیاتر دەبێت.
سەبارەت بە ئێران، ئەگەر رووبەرووی ئەمریکا ببێتەوە، رەنگە پرسی گۆڕانکاریی ڕژێم بێتەئاراوە! ڕەنگە کوردی ئێرانیش دەرفەتێک بدۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی ناوچەیی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتی نوێ – هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی عێراق – یان تەنانەت داوای ڕیفراندۆم بکات بۆ (چارەی خۆنوسین)!
لەم سیناریۆیە گەشبینانەنەیەدا زلهێزە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی ئەم گۆڕانکاریانە دەکەن: ئەمریکا و ئەوروپا پشتگیریی ڕێککەوتننامەی ئاشتی تورکیا و کورد دەکەن و لەرێگای ناوبژیوانییەوە، جێبەجێکردنەکەی مسۆگەر دەکەن، هەروەها ڕێککەوتنەکانی ئۆتۆنۆمی کورد لە سوریاش وەک بەشێک لە چارەسەرێکی سیاسی بەرەکەتدار دەکەن….و هەموانیش بە رۆڵی خۆیان بەشداردەبن لە ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لە ناوچە کوردنشینەکان.
دەرئەنجام؛ پرس و چارەنوسی کورد پێ دەنێتە سەردەمێکی نوێوە کە تیایدا بتوانێت مافی نەتەوەیی خۆی ئازادانەتر لەناو خاکی خۆیدا مومارەسە بکات، و وەک پێکهاتەیەکی مێژوویی رەسەنی ناوچەکەش، بەشێوەیەکی یەکسان بەشداری ژیانی سیاسی ئەو وڵاتانە بکات، لەبری ئەوەی چەکیان لەدژ هەڵبگرێت!
