spot_imgspot_img

سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندن دەستپێدەکاتەوە

سەرۆكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە، ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچە لایان زۆر ناخایانێت. بەرپرسێکی وەزارەتی داراییش دەڵێت: “خشتەکانی بودجە لە پەرلەمان دەربچێت، ئەوکاتە ئەوەی ڕاگیراوە لە هەرێمی کوردستانیش دەست پێدەکاتەوە”.

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “راگرتنی سڕینەوە و زیادكردنی نوێ لە دامودەزگاکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای بڕگەکانی بودجە هات، کە بریتی بوون لە ڕاگرتنی دامەزراندن و گۆڕانكاری نەكردن لە میلاكی دامودەزگاکان، تا خشتەی بودجەی 2025 پەسند دەكرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا: “بەردەوامیی ئەو پرسە کێشەی زۆری بۆ فەرمانبەران و فەرمانگەكانیش دروست كردووە”.

عەتوان عەتوانی ئەوەی خستە ڕوو: “چاوەڕوانی خشتەکانی بودجە دەکەین بگەن بە پەرلەمان، بەوپێیەی لە بودجەدا دەقگەلێک لەخۆ دەگرێت، کە ڕێگە بە دامەزراندن نادەن، چ بە مووچەی ڕۆژانە بێت، یان گرێبەستی تازە، بەڵام گرێبەستەکان ئەو فەرمانبەرانەن، کە مووچەکانیان لە حکوومەت لە ڕێگەی وەزارەت و دامودەزگاکانەوە وەردەگرن و ئەوانیش بە دامەزراندنی نوێ هەژمار ناکرێن، بەڵکوو تەنیا جێگیركردنیان دەوێت و دەبێت ئەوە بكرێت”.

ئەوەشی وت: “لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە پەیوەندیداین، چاوەڕێی نووسراوێکی ئەنجوومەنی خزمەتی دەوڵەتین بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتی جێگیركردنی گرێبەستەكان و كردنیان بە هەمیشەیی، چونكە بڕیاریان هەیە”.

سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچە، سەرۆكی لیژنەی دارایی وتی: “دوای پەسندکردنی خشتەکان پێویستە پلەبەرزکردنەوەکان بەردەوام بن، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو خشتانەی پەیوەستن پێیانەوە پەسەند دەکات و پێشبینیش دەكەین حکومەت خشتەکانی بودجە لە ناوەڕاست یان پێش کۆتایی ئەم مانگە بۆ پەرلەمان بنێرێت، بۆ ئەوەی ئەو كێشانە چارەسەر بكەین”.

لای خۆیەوە د. هاوڕێ كەمال، ڕاوێژكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “ئەو بڕیارانەی بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی دەرماڵەی تازە و سەرمووچە و گواستنەوە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دراوە، ئەوە بڕیاری حکوومەتی عێراقن و چاوەڕوانی خشتەکانی بودجە دەکرێت لە پەرلەمان دەربچێت، ئەوکاتە ئەوەی ڕاگیراوە دەست پێدەکاتەوە”.

هاوڕێ كەمال، ڕوونیشی کردەوە: “هەر کاتێک خشتەی نوێ پەسەند کرا و ڕێکارەکان لە عێراق گۆڕان، ئەوا هەموو ئەوانەی ڕاگیراون دووبارە دەست پێدەکەنەوە و مافی کەس نافەوتێت”.

 

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە