وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کاراکردنی دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێی تورکیاوە نزیکە و ئەگەریش هەیە لەو ڕێیەوە هەناردەکردنی نەوتی بەسڕەش زیاد بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق-تورکیای کرد کە ژمارەیەک لە وەزیرەکان ئامادەی بوون.
وەزیری نەوتی عێراق جەختی لە گرنگیی هەردوو دۆسیەی ئاو و نەوت کردەوە و ڕایگەیاند، بەم نزیکانە دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا کارادەکرێت.
ئاماژەشیدا بە ئەگەری هەناردەکردنی نەوتی بەسڕەش لە ڕێی هەمان بۆرییەوە.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە هێشتا دۆسیەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت یەکلانەکراوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی دواخستنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە دەبوو لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێبکردایەتەوە.
