spot_imgspot_img

بۆ دوای ڕۆژووشکاندن هەست بە ماندوویی و خەواڵوویی دەکەین؟

 

دوای کاتژمێرەکانی ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزان و لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی بەربانگ، ڕۆژووانان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بانگی ئێوراە دەکەن، تا بە قومێک ئاو یان دەنکێک خورما رۆژووەکەیان بشکێنن و وزە بۆ جەستەیان بگەڕێننەوە، بەڵام ڕەنگە هەندێک کەس بۆیان دەرکەوێت کە خواردنی ئێوارە چالاکیی پێویستیان بۆ دابین ناکات، بەڵکو زیاتر تووشی سەرئێشە یان خەواڵوویی دەبن کە کاریگەری لەسەر توانای مانەوەیان هەیە بۆ بە ئاگابوونیان.

هۆکارەکانی پشت ئەم دۆخە لەناکاوە بۆ وەنەوز و خەواڵوویی چین؟

چۆن دەتوانرێت بەسەریدا زاڵ بین یان کاریگەرییەکانی کەم بکرێتەوە؟

هۆکارەکان چین؟

بەشێوەیەکی گشتی هەستکردن بە خەواڵوویی دوای نانخواردن ئاساییە و نابێتە هۆی نیگەرانی، بەوتەی شارەزایان ئەوەی بەسەر جەستەدا دێت لەدوای خواردنی نانی ئێوارە – کە هەستکردن بە  خەوانەوە و تەمبەڵی لەخۆدەگرێت- دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی ڕیخۆڵەکان بە بڕێکی زۆر خوێن بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە پرۆسەی هەرسکردندا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی مێدیکاڵ نیوز تودەی، هەستکردن بە ماندوێتی دەگەڕێتەوە بۆ دەردانی زیاتری ماددەی سیرۆتۆنین لەدوای خواردن، کە پێکهاتەیەکی کیمیاییە و ڕۆڵی هەیە لە ڕێکخستنی خەو و هەستکردن بە خەواڵوویی دا.

ترشی ئەمینی تریپتۆفان کە لە زۆرێک لە خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە پرۆتیندا هەیە، یارمەتی بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین دەدات، هەروەها کاربۆهیدراتەکان یارمەتی لەش دەدەن بۆ هەڵمژینی تریپتۆفان، بۆیە خواردنی ژەمێکی دەوڵەمەند بە پرۆتین و کاربۆهیدرات وا لە مرۆڤ دەکات هەست بە خەواڵوویی بکات.

بەگوێرەی ماڵپەڕی “Healthline”ی ئەمریکی، لە هەندێک حاڵەتدا هەستکردن بە ماندوێتی دوای نانخواردن یان هەستکردن بە خەواڵوویی بەردەوام لەوانەیە نیشانەی بوونی کێشەیەکی تری تەندروستی وەک نەخۆشی شەکرە، هەستیاری بە هەندێک پێکهاتەی خۆراک، کەمخوێنی، یان لایەنێکی دیکە تەندروستیی بێت لەوانە کێشەکانی غودەی دەرەقی.

بۆ ئەوەی دوای خواردنی نانی ئێوارە لە مانگی ڕەمەزاندا بەتایبەت، هەست بە خەواڵوویی نەکەیت و وزە و زیندوویی لە جەستەدا زیاد بکات، چەند ئامۆژگاریەک هەیە کە دەتوانرێت پەیڕەوی لێبکرێت:

دوورکەوتنەوە یان کەمکردنەوەی خواردنی شەکرە زیادەکان کە ئەنسۆلین زیاد دەکەن لە خوێندا، وەک شەربەت و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کاربۆهیدراتی سادە وەک برنج و مەعکەرۆنی و ئاردی سپی و شەکری سپی.

ڕۆژوو شکاندن بە شێوەیەکی تەندروست یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەستکردن بە خەواڵوویی، وەک خواردنی خورمایەک و کوپێک ئاو، پاشان ئەنجامدانی نوێژی مەغریب، پاشان گەڕانەوە بۆ خواردن بە دەستپێکردن بە شۆربا، چونکە خواردنی خورما پێویستی جەستە دابین دەکات و یارمەتیدەرە لە وەرگرتنی خۆراک بە باشی.

تەرکیزکردنی خۆراک لەسەر هاوسەنگی نێوان نیشاستە و پرۆتین و کاربۆهیدراتەکان، لە سەرەتای ژەمی ئێوارەدا بڕێکی پێویست لە زەڵاتە بخۆ بۆ ئەوەی جێگەی ڤیتامین و کانزاکان بگرێتەوە، هەروەها کەمکردنەوەی وەرگرتنی کاربۆهیدرات و نیشاستە.

دواخستنی خواردنی مادەی هاندەر بۆ یەک دوو کاتژمێر دوای نانی ئێوارە بۆ ئەوەی بەدوورت بگرێت لە کەمی مژینی ڤیتامینەکان و کەمی ئاسن.

خواردنی نانی ئێوارە بۆ ماوەیەک دوابخە دوای ڕۆژوو شکاندن لەگەڵ خواردنەوە یان خورما تەنها بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک، پاشان تەرکیز بخەرە سەر ئەو ڕێگایەی پێشتر باسمان کرد بۆ ڕۆژووشکاندن بۆ ئەوەی هەست بە وزە بکەیت.

کاتی خەوتن بە بەردەوامی ڕێکبخە و دڵنیابە لە خەوتنی پێویست لە شەودا، وەرزشکردن بخەرە ناو بەشێک لە ڕۆتینی ڕۆژانەتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات باشتر بخەویت و ئاستی وزە لە ڕۆژدا زیاد بکات.

پاراستنی چالاکیی جەستەیی لە ڕۆژدا بۆ دڵنیابوون لەوەی وزە هەڵدەگیرێت و بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاردەهێنرێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە تەمبەڵی و خەواڵوویی لە دوای نانخواردن.

 

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە