ئەمریکا هاوکارییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئۆکراین ڕاگرت
گومانەکان لەسەر ئایندەی پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین پەرەدەسەنن، مایک والز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دووپاتیکردەوە؛ئەمریکا هاوبەشی و هاوکارییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئۆکراین ڕاگرتووە.
واڵتز، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “هەنگاوێک لەگەڵ ئۆکراین پاشەکشەمان کردووە”، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەی ترەمپ لەم بوارەدا..
دوای ئەم بڕیارە خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند؛ دەبێت فەرەنسا ئامادەبێت بەبێ یارمەتی ئەمریکا بەرەو پێشەوە بچێت.
وتیشی: دەمەوێت باوەڕ بەوە بکەم کە ئەمریکا لەگەڵمان دەمێنێتەوە، بەڵام دەبێت بۆ ئەگەری پێچەوانە ئامادەبین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوروپا لە “سەردەمێکی نوێ”دا دەژی، بۆیە دەبێتخەرجییەکان بۆ لایەنەکانی بەرگریی زیاد بکەین، جەختیشی لەوە کردەوە کە فەرەنسا پلانێکی هەمیشەیی ئاشتی هاوشانی ئۆکراین و وڵاتانی دیکەی ئامادەکردووە.
واشنتۆن دەستپێکردنی دانوستانی دەستبەجێ بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکراین ڕاگەیاندووە و دیدارێکی چاوەڕوانکراوی نێوان ترەمپ و پوتینیش لە سعودیە لە ئان و ساتدایە.
ئەمریکا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی لەشکرکێشی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە زانیاری هەواڵگری لەگەڵ ئۆکراین هاوبەشی پێدەکات.
هاوکارییە سەربازییەکانییش راگیران
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ کیێڤ ڕاگرت، ئەمەش دوای تێکچوونێکی دراماتیکیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە هەفتەی ڕابردوودا، کاتێک دوای کۆبوونەوەیەکی نیوانیان گرژی دروست بوو، داوا لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین کرا، بچێتە دەرەوە.
جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس بزنس ڕۆژی چوارشەممەی رابردووە، بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە و وتی ترەمپ “پرسیارێکی ڕاستەقینەی هەبوو سەبارەت بەوەی کە ئایا سەرۆک زێلێنسکی پابەندە بە پرۆسەی ئاشتی، و وتی، با هاوکارییەکانمان لەم بوارەدا بووەستن، دەمەوێت دەرفەتێکیان پێبدەم.”
هاوکات کارۆلین لیڤین، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە یارمەتییە سەربازییەکان کرد و ڕایگەیاند، ئەمریکا بە سادەیی ئەو یارمەتییەی ڕاگرتووە و “سەرلەنوێ تاوتوێی” ئەو هاوکارییە سەربازییە دەکاتەوە.
ئۆکراین لە ماوەی سێ ساڵی شەری لەگەڵ ڕووسیادا، پشتی بە ئەمریکا بەستووە بۆ یارمەتییە سەربازییەکان و بڕیاری ڕاگرتنی هاوکارییەکان دەتوانێت کاریگەریی گەورەی لەسەر شەڕەکە هەبێت.
