ئەمڕۆ پێنج شەممە 6-3-2025 لوتکەی بەپەلەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی بەرگریی و، ‘پڕ چەککردن’ بەرێوەدەچێت، ئەمەش دوای ناکۆکی و ئەو ڕووداوانەی لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا و ئۆکراین هاتنە ئارا.
سەرۆکی ئەمریکا، هاوکارییەکانی ئۆکراین کەمدەکاتەوە
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هاوکارییەکانی ئۆکراین کەمدەکاتەوە، سەرکردەکانی ئەوروپا ئەمڕۆ لە برۆکسل بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی بەرگری لەپێناو پشتیوانیکردن لە کیێڤ کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریدا لەوەی کیشوەری ئەوروپا لە “خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی”دایە.
بڕیارە سەرکردەکانی ئەوروپا باس لەوە بکەن کە چۆن پشتیوانی ئۆکراین بکەن لە بەرامبەر ڕاگەیاندنەکانی ترەمپ کە گوایە هەوڵدەدات کۆتایی بە شەڕی کیێڤ و مۆسکۆ بهێنێت.
بەگوێرەی ئاژانس فرانس پرێس، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین بانگهێشت کراوە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکە.
ئەوروپا نیگەرانییەکانیان ڕووی لە زیادبوونکردووە
دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ترەمپ لە کۆشکی سپی بێ پەردە لەگەڵ زیلینسکی دەربارەی وەستانی شەڕ لەگەڵ رووسیا قسەی کرد، سەرانی ئەوروپا نیگەرانییەکانیان ڕووی لە زیادبوونکردووە.
دوای سێ ساڵ لە جەنگی سەر ئۆکراین لەلایەن ڕووسیاوە، بانگەشەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین، زۆرێک لە ئەوروپای نیگەران کردووە لەوەی کە کیشوەرەکە چیتر ناتوانێت حساب بۆ پشتیوانییەکانی ئەمریکا بەرامبەر دۆخی ئاسایشی ناوچەکە بکات.
ڕۆژی دووشەممە ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا پاکێجێکی بەرگری بێ وێنەی بە ناوی “چاککردنەوەی ئەوروپا” ڕاگەیاند و وتی؛ ئەوروپا ئامادەیە خەرجییەکانی بەرگریی “بە شێوەیەکی بەرفراوان” و “بە خێرایی پێویست” بەرزبکاتەوەچوونکە ئێستا ئەوروپا ڕووبەڕووی “مەترسییەکی ڕوون دەبێتەوە بە جۆرێک کە هیچ کام لە ئێمە لە ژیانماندا نەمانبینیوە”.
پشتگیری لە ئۆکراین دەکەن
ڤۆن دێر لاین، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ پێشنیارەی لە پلانی چەکدارکردنی ئەوروپادا هاتووە پشتگیری لە ئۆکراین دەکەن و “چارەسەری ئەو پێویستییە درێژخایەنە دەکەن بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر” لە ئاسایشی ئەوروپا.
پێشنیارەکان بریتین لە دابینکردنی ١٥٠ ملیار یۆرۆ وەک قەرز بۆ کڕینی چەک یان بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش.
جگە لە “رێگەدان بە وڵاتان بۆ زیادکردنی ئاستی کورتهێنان بۆ ئەوەی شوێن بۆ خەرجکردنی زیاتری بەرگری بکرێتەوە”، هەروەها ئاڕاستەکردنەوەی ئەو پارانەی کە بۆ بەرنامەکانی دیکە تەرخانکراون بەرەو خەرجییەکانی بەرگری.
بەپێی ئامارەکانی ڤۆن دێر لاین، خەرجییەکانی بەرگریی دەتوانن بگەنە نزیکەی ٨٠٠ ملیار یۆرۆ.
