لە بارەی گرانبوونی نرخی بەنزین ڕوونکردنەوە دەدرێت

لە سلێمانی دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بڵاودەبێتەوە و وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانیش دەڵێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی بەنزین ڕووی نەداوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سلێمانی دەنگۆی گرانبوونی نرخی بەنزینی حکومی بڵاوکرایەوە کە گوایە نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی حکومی لە 750 دینارەوە بووە بە 800 دینار و نرخی بەنزینی بازرگانیش گران بووە.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە و زانیاری زیاتر “تۆڕی میدیایی خەڵک” پەیوەندی بە بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانییەوە کرد و لەو بارەوە وتی: “هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر نرخی بەنزینی حکومی و بازرگانیدا نەهاتووە و نرخەکان وەک خۆیانن”.

وتیشی: هەندێ بەنزینخانە جاری وایە بەنزینە حکومییەکەی بۆ ناڕوات و دەدرێت بە بەنزینخانەیەکی تر، بۆیە ئەمەی پێشتر بەنزینی حکومی دابەشکردووە دەبێتەوە بە بازرگانی، کاتێک خەڵک دەچن بۆ بەنزین و حکومی نەماوە و بووە بە بازرگانی، ئیتر وادەزانن بەنزین گران بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە دوێنێوە نرخی نەوتی خاو و برێنت لە بازاڕەکانی جیهان نزمبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 69 دۆلار و 66 سەنتە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵی بازرگانی بە 900 دینارە و بەراورد بەناوچەکانی خواروی عێراق دوو بەرانبەرە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە