هێزەکانی سووریای دیموکرات کوژرانی سەربازێکی تورکیا و ژمارەیەک چەکداری میلیشیاکانی لە باشووری کۆبانی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، دوێنێ هێزەکانیان درۆنێکی میلیشیاکانی سەر بە تورکیایان لە بەرەی باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج خستەخوارەوە و دواتر گروپێکیان کردە ئامانج کە خۆیان بۆ هێرشکردن ئامادە دەکرد و بە هۆیەوە چەکدارێک کوژرا.
ڕوونیشیکردەوە کە لە بەرەی دێرحافریشەوە شەڕڤانان پەلامارێکی میلیشیاکانیان بەرپەرچ دایەوە و چەکدارێک کوژرا.
لە بەرەی پردی قەرەقۆزاق و باشووری کۆبانیش، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و تۆپخانەکانیان چەند گوندێکیان بۆردومان کرد. شەڕڤانانیش لە وەڵامی بۆردومانەکاندا هێرشیان کردە سەر سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان و لە ئاکامدا سەربازێک کوژرا و چواری دیکەش برینداربوون.
