سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا هەڕەشەی کوشتنی سەرجەم ئەندامان بزووتنەوەی حەماسی کرد ئەگەر هاتوو دەستبەجێ بارمتەکراوەکان ئازاد نەکات و داواشی لە سەرکردەکانی کرد غەززە چۆڵ بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە بە “شالۆم حەماس”ی عیبری دەستپێدەکات کە مانای “سڵاو یاخود ماڵئاوایی” دەگەیەنێت.
ترەمپ نووسیوێتی: “هەر ئێستا سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکەن نەک دوایی، تەرمی ئەوانەش بگێڕنەوە کە کوشتوتانن، ئەگەرنا مەسەلەکە کۆتایی دێت. تەنها نەخۆش و ناتەواوەکان تەرم لای خۆیان دەهێڵنەوە، ئێوەش نەخۆش و ناتەواون”.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “ئیسرائیل هەرچییەکی پێویست بێت بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە بۆی دەنێرم، هیچ ئەندامێکی حەماس پارێزراو نابێت ئەگەر بە قسەم نەکەن. کەمێک لەمەوبەر بارمتەکراوەکانی پێشووم بینی کە ژیانیانتان وێران کردووە. ئەمە دوایی ئاگادارکردنەوەیە بۆتان. سەربارەت بە سەرکردەکانیش، ئێستا کاتی بەجێهێشتنی غەززەیە، هەتا هەلتان لەبەردەمدا ماوە”.
دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاندووە: “گەلی غەززە ئایندەیەکی جوان چاوەڕێتانە، بەڵام کاتێک نا کە بارمتەکان دەستبەسەر بکەن. ئەگەر وا بکەن، ئەوا ئێوە دەمرن. بڕیارێکی ژیرانە بدەن. هەر ئێستا بارمتەکان ئازاد بکەن، ئەگەرنا بە دۆزەخ باجەکەی دەدەن”.