سەرۆکی هێزەکانی حەشدی ئێزیدی ڕەتیکردەوە بەدەم بانگەوازەکەی ئۆجالان بچن و دەڵێت”بانگەوازی ئۆجالان بۆ پەکەکەیە و پەیوەندی بەئێمەوە نییە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی ئازاری 2025، فەهد حەمەد بەرپرسی هێزەکانی حەشدی ئێزیدی، بەمیدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بە هێزە چەکدارە ئێزیدییەکانی شنگالەوە نییە.
حەمەد ئاماژەی بەوەشداوە، هێزە ئێزیدییەکان گروپی ناوخۆیین لە دانیشتوانی قەزای شنگال پێکهاتوون، و هیچ پەیوەندییەکیان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نییە”.
جەختیشیکردەوە، بانگەوازەکەی ئۆجالان پەیوەندی بەوانەوە نییە، چونکە ئەوان بەشێکن لە دەسەڵاتی حەشدی ئێزیدی، و ئەرکی تایبەت ئەنجامدەدەن کە پەیوەستە بە پاراستنی ئاسایشی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، و ڕێگریکردن لە دزەکردنی داعش.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی حەشدی ئێزیدی بەشێکی سەرەکین لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، و لەڕووی دارایی و سەربازی و ئیدارییەوە پەیوەستن پێکەوە، و ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەک بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەبێت.
جێگای سەرنجە، عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لە تورکیە زیندانی کراوە، لەم دواییانەدا داوای لە گروپەکەی کرد چەک دابنێن و پارتەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
