spot_imgspot_img

مەسعود بارزانی: ستەم چەندە بەهێزیش بێت، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لە ساڵیادی راپەڕیندا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت.

دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەران و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.

ڕاپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان. لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و قارەمانێتی پێشمەرگە و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا ڕاپەڕین هاتەدی و سەركەوتنی بەدەست هێنا. ڕاپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت. ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت.

لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لە بەها پیرۆزەكانی ڕاپەڕین و پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە. سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزی شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان دەنێرین، کە بە خوێنی پاكیان ئازادی و سەربەستیان بۆ گەلەكەمان هێنایە دی.

مەسعود بارزانی

5ـی ئاداری 2025

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە