قوباد تاڵەبانی: بە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز دەتوانین لە بەدیهێنانی یەکجاریی ئامانجەکانی ڕاپەڕین نزیکتر ببینەوە

قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت پێمان وایە بەڕاستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و بە بەهێزترکردنی دامەزراوەکانی حکومڕانی دەتوانین هەنگاوێک لە بەدیهێنانی یەکجاریی ئامانجەکانی ڕاپەڕین نزیکتر ببینەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “بەوپەڕی رێز و شکۆوە یادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلەمان دەکەینەوە. راپەڕین لەلایەکەوە دەرئەنجامی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی رۆڵەکانی گەلی کورد بوو، لەلایەکی ترەوە بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەو کاتەدا بوو”.

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستان و ئازادی و دادپەروەری لە ئامانجە سەرەکییەکانی راپەڕین بوون، راستە بەهۆی کەموکووڕی لە پرۆسەی حکومڕانی و هۆکاری دیکەوە هێشتا نەتوانراوە بەشێک لە ئامانجەکانی راپەڕین وەک خۆی بەدیبهێنرێن، بەڵام لەم قۆناغەدا بەئەرکی خۆمانی دەزانین و پێمان وایە بەڕاستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و بە بەهێزترکردنی دامەزراوەکانی حکومڕانی دەتوانین هەنگاوێک لە بەدیهێنانی یەکجاریی ئامانجەکانی ڕاپەڕین نزیکتر ببینەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی راپەڕین دەکەینەوە کە هیوا و گەشبینییەک سەبارەت بە ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا دروست بووە، ئێمە هیوادارین ئەمجارەیان پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت و گەلی کورد لە تورکیاش بە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی شاد بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە