مەسرور بارزانی: مەحاڵە گەلی کوردستان دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا ڕایگەیاند، مەحاڵە گەلی کوردستان لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە (34)مین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

مەسرور بارزانی دەڵێت: “یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە، کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشدارییان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیشەوە، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە”.

لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە: “ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لەسەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بەهۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون، كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە