spot_imgspot_img

بافڵ تاڵەبانی: ڕاپەڕین خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ٣٤ هەمین ساڵیادی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991ی گەلی کوردستان پەیامێک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: “یەکێتی وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین، لەبەردەم قوربانیدان و خوێنی شەهیدان و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی وەک ڕابردوو بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە هێنانەدی مافەکانی گەلەکەمان”.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ دوای زیاتر لە سێ دەیە بەرپرسیارێتیی هەموومانە کە هەوڵەکانمان یەکبخەین لەپێناو پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەیی و بنیادنانەوەی متمانە تاوەکو ڕوومان لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و دادپەروەر بێت.

دەقی پەیامی بافڵ تاڵەبانی:

بەبۆنەی سی و چوارەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم دەکەم لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و تێکۆشەرەکانی رێگای خەباتی کوردایەتی و شۆڕشی نوێ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

راپەڕین کە لە رانیەی سەربەرزەوە ئاگری بڵێسەی سەند، خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قارەمانێتیی رێکخستنەکان و شانەچەکدار و پارتیزانەکانی شۆڕشی نوێ و دواتر یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان لە بەرەی کوردستانیدا، ئەمەش سەلماندی کە زوڵم و ستەم و نادادی هەرگیز ناتوانێت دەنگ و ئیرادەی گەلەکەمان کپ بکات.

ئەمڕۆ دوای زیاتر لە سێ دەیە بەرپرسیارێتیی هەموومانە کە هەوڵەکانمان یەکبخەین لەپێناو پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەیی و بنیادنانەوەی متمانە تاوەکو روومان لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و دادپەروەر بێت و بە ئیرادە و ئیدارەیەکی نوێوە کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەین و خزمەتی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین و پێکەوە کار بۆ پاراستنی ئامانجە باڵاکانمان بکەین.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەندازیاری راپەڕین، لەبەردەم قوربانیدان و خوێنی شەهیدان و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی وەک رابردوو بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە هێنانەدی مافەکانی گەلەکەمان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.

سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی گەلەکەمان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە