پەرلەمانتارێكی پێشووی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ” وەک موژدە بە خەڵکیان وت: لە ساڵی ٢٠٢٥ دواکەوتنی مووچە نامێنێت”، بەڵام 10 ساڵیش دەبێت تەنها یەک بەڵێنیان ڕاست نەبووە!
عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی مووچەی مانگی (12)ی ساڵی (٢٠٢٤) لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە، سەرەڕای بوونی نزیکەی یەک ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆی سێ مانگی ڕابردوو، تا ئێستا نەیداوە!
ڕاشیگەیاند، بەهۆی پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێمەوە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و ماددەکانی یاسای بودجە، بەردەوام کێشە بۆ مووچە دروست دەکەن!
دەشڵێت: گەورە و بچوکی بەرپرسانیان وەک مووژدە بە خەڵکیان وت: “تەواو، دواکەوتنی مووچە لە ساڵی (٢٠٢٥) نامێنێت”، کەچی وا چوار ڕۆژیش لە مانگی (٣) تێدەپەڕێت هێشتا مووچەی مانگی (٢) هیچ باسێکی نییە! کەی دێت و کەی دابەش دەکرێت؟ دەیانەوێت بیکەن بە جەژنانە؟
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەوەی مووچە لە بەغداوە لە کاتی خۆیدا بگاتە کوردستان پێویستە: نیوەی داهاتی ناوخۆ ڕادەست بکرێت نەوەک تەنها (٥٠ ملیار!)، تەوتین بکرێت ئەگەر بە هەژمارەکەی خۆشیان بێت، لیستێکی پاکی مووچە هەبێت بە پێی یاساو بنەما ژمێریارییەکان، تا ئێستا ئامادە نین ئەم سێ خاڵە وەکخۆی جێبەجێ بکەن!
