شارەزایەكی هاتووچۆ چەند سەرنجێكی ڕەخنەگرانە بۆ مۆڵەتی شۆفێری ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی هەرێم دەكات دەكات و ڕایدەگەیەنێت، بنیادنانی سیستەمی مۆڵەتپێدان لە هەر وڵاتێکدا کارێکی دەستەجەمعی کەسانی بە ئەزموون و شارەزای بوارەکەیە و ناکرێت لە هیچ بارودۆخێکدا ئەوە بسپێردرێت بە تاقە کەسێک، یان چەند کەسێکی دیاریکراو.
هەڵكەوت عەبدوڵا، شارەزای بواری هاتووچۆ چەند سەرنجێك دەربارەی ڕێنماییەكانی ژمارە (11 و 12)ی هاتووچۆ بۆ مۆڵەتی شۆفێری ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەكات.
“مۆڵەتی شۆفێری دەدرێتە كەرتی تایبەت”
هەڵكەوت عەبدوڵا لە سەرنجەكانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم لەمێژە مەیلی بە تایبەتیکردنی ئەو بوارە هەیە، کە جۆرێک لە قۆرخکاری دەخاتەوە، كە هەرچەندە دژی بووین، بەڵام لایەنگرانی ئەو مەیلە ساردنەبوونەوە و کارەکەیان گەیاندە دوا مەنزڵگەی خۆی و وا بەزۆر لە ڕێگەی ڕێنمایی (ژمارە ١٢)وەدەسەپێنرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ناكرێت بەرپرسێک بڵێت: “با ئەمە تاقی بکەینەوە، ئەگەر باش نەبوو یەکێکی دیکە تاقی دەکەینەوە”. وەک ئەوەی هاوڵاتیانی کوردستان کێڵگەی تاقیکردنەوە بێت!
“شۆفێری تەكسی پێویستی بە چەندین خولە نەك تەنها لۆگۆی تەكسی”
دەشڵێت: بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی (B) جۆری تاکسی تەنیا داواکاری و وەرگرتنی لۆگۆی تاکسی کراوەتە مەرج، لە کاتێکدا تاکسی گواستنەوەی گشتیی هاوڵاتیانە و پڕۆفشناڵبوونی شۆفێری تاکسی زۆر پێویستە بۆ پاراستنی گیانی سەرنشینەکان
“بۆچی گرێبەست لەگەڵ لایەنێك كراوە؟”
هەڵكەوت عەبدوڵا سەبارەت بە كۆمپانیای ڕاهێنەر دەپرسێت: لە کوێی دنیای پێشکەوتوو کۆمپانیای ئەهلی بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەر خۆی ڕاهێنەر بووە و هەر خۆیشی تاقیکردنەوەی ئەنجام داوە؟ ئایا کۆمپانیایەک هەیە ئەنجامی کارەکانی خۆی بێلایەنانە و دادپەروەرانە هەڵسەنگێنێ و لایەنگریی بۆ خۆی نەبێت؟
بارگرانی دارایی بۆ هاووڵاتیان زیاد دەبێت
ئاشكراشی كردووە، ئەگەر کەسێک چاو بە نرخەکانی ناو ڕێنماییەکەدا بخشێنێت، بۆی ڕوون دەبێتەوە لە داهاتوودا چەند بارگرانی بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات، چەند قازانجیش بە ناوەندەکە و هاوپشکەکانی دەگەیەنێت. پرسیارەکان: ئامانجی ئەم ناوەندە دروستکردنی ڕاهێنەر و شۆفێری ڕاستەقینەیە، یان پارەپەیداکردن؟
بەڕێز وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سڵاو و ڕێزمان قبووڵ بکەن…
ئەوە باری سەرنجی منە دەربارەی ڕێنمایی ژمارە (١١ و ١٢) پێم باش بوو بەر لە بڵاوکردنەوەی ئاڕاستەی بەڕێزتانی بکەم.
چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە دەربارەی
ڕێنمایی ژمارە (١١ و ١٢)ی وەزارەتی ناوخۆێ هەرێم
لە ماوەی چەند مانگی پێشوودا وەزارەتی ناوخۆ دوو ڕێنمایی (ژمارە ١١ و ١٢)ی سەبارەت بە پرسی شێوازی مۆڵەتپێدان و پەروەردەکردنی ڕاهێنەران بڵاوکردەوە، کە گفتوگۆیەکی زۆری لەناو نووسینگەکاندا خستەوە. ئەگەرچی من دەستخۆشی لە وەزارەت دەکەم، کە لە هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێکی یەکگرتووی مۆڵەتپێداندایە، بەڵام دەکرێت سەبارەت بەو هەنگاوە چەند سەرنجێک بخەمەڕوو.
یەکەم: بنیادنانی سیستەمی مۆڵەتپێدان لە هەر وڵاتێکدا کارێکی دەستەجەمعیی کەسانی بە ئەزموون و شارەزای بوارەکەیە و ناکرێت لە هیچ بارودۆخێکدا ئەوە بسپێردرێت بە تاقە کەسێک، یان چەند کەسێکی دیاریکراو. چونکە دەبێتە مایەی دروستکردنی “سیستەمێکی مۆڵەتپێدان” کە لە داهاتوودا، ئەنجامی بەرهەمهێنانی مۆڵەتبەدەست نەک شۆفێر، دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و زۆربوونی قوربانیەکان. لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم لەمێژە مەیلی بە تایبەتیکردنی ئەو بوارە هەیە، کە جۆرێک لە قۆرخکاری دەخاتەوە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو مەیلەوە لە ساڵی ٢٠١٦ بە دواوە من و چەند شارەزایەکی دیکە دژی ئەو مەیلە وەستاوینەتەوە و چیمان پێ کرابێت کردوومانە بۆ ئەوەی سەرنەگرێت، وەک خۆپیشاندان، سەردانیکردنی پەرلەمانی کوردستان، چوونە لای ئەفسەرانی هاتوچۆ و قسەکردن لە ڕاگەیاندنەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنگرانی ئەو مەیلە ساردنەبوونەوە و کارەکەیان گەیاندە دوا مەنزڵگەی خۆی و وا بەزۆر لە ڕێگەی ڕێنمایی (ژمارە ١٢)وەدەسەپێنرێت.
دوەم: کاتێک لایەنی پەیوەندیدار دەیەوێت سیستەمی مۆڵەتپێدان بگۆڕێت، بە مەبەستی چەسپاندنی یەکانگیری، دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە: پشت بەخۆ بەستن، یان پشت بە دامەزراوەی شارەزای بوارەکە (ناوخۆیی یان دەرەکی). سەبارەت بەوەی ناوخۆ دیارە لایەنی پەیوەندیدار خۆی خاوەنی ئەو توانا زانستی و پراکتیکیانە نەبووە تا سیستەمێکی لەو جۆرە دامەزرێنێت. سەبارەت بە دەرەکی، پێویست بوو لایەنی پەیوەندیدار ڕاگەیاندنی ئاشکرای بکردایە لەسەر ئاستی ناوخۆ، تا دادپەروەرانە دەرفەت هەبێت لەبەردەم هەموو شارەزایاندا بێنە پێشەوە و پڕوپۆزەڵی خۆیان پێشکەش بکەن، هەروەها لەسەر ئاستی دەرەوەی هەرێم، تاچەندین لایەنێک پڕوپۆزەڵ پێشکەش بکەن، ئینجا بڕیار لەسەر باشترینیان بدرێت. نەک لایەنی پەیوەندیدار لەگەڵ ناوەندێکدا ڕێبکەوێت و لە ڕێگەی چەند ئەفسەرێکی بەڕێوەبەری مۆڵەتپێدانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی پارێزگاکانەوە، کە شارەزا نین (لە زانستی مۆڵەتپێدان دا) واژووی بۆ بکرێت و هەموو شتێک بدرێتە دەستی. چونکە ئەمە پێشێلکردنی بنەمای دادپەروەرییە.
سێیەم: دانانی پڕۆگرامی فێربوونی شۆفێری کارێکی دەستەجەمعیی کەسانی بەئەزموون و شارەزایە، هەر کۆمەڵە کەسێکیش بۆ جۆرێکی مۆڵەتپێدان. دەکرێت بۆ ڕاستی و دروستیی ئەم دەربڕینە، گەڕانێک بە ئینتەرنێتدا بکرێت، تا بزانرێت ئەوە وایە یان نا. کەچی لای ئێمە تاقە کەسێک دەرفەتی ئەوەی پێ دراوە خۆی بە تەنیا لە مۆڵەتی ماتۆڕەوە تا قاتیرە و مەقتوورە کتێب “بنووسێت”، لە کاتێکدا خۆی مۆڵەتی هەموو جۆرەکانی نییە و شارەزای تەواوی تیایاندا نییە و لە ڕێگەی ناوەندێک و بەپێی ڕێنمایی ژمارە (١٢) بسەپێنرێت بەسەر هەمواندا. ئەو ناوەندە و خاوەنەکەی، پێش دەرچوونی ڕێنمایی ژمارە (١٢)، دەیان ڕاهێنەری بەرهەمهێناوە و سوودمەندبووە، داواکاریی من ئەوەیە: لیژنەیەک لە کەسانی شارەزای کورد لە دەرەوەی وڵات پێک بهێنرێت، تا بزانرێت ئاخۆ ئەو کتێبانەی ئەو “نووسیوونی” لە ڕووی زانستییەوە شایستەن یاخود نا؟ نەک بەرپرسێک بڵێت: “با ئەمە تاقی بکەینەوە، ئەگەر باش نەبوو یەکێکی دیکە تاقی دەکەینەوە.” وەک ئەوەی هاوڵاتیانی کوردستان کێڵگەی تاقیکردنەوە بێت!! هەروەها چەند ڕاهێنەرێک لەوانە هەڕەمەکییانە هەڵبژێرن کە ئەو ناوەندە پێی گەیاندوون، تا بزانرێت بە ڕاستی بوونەتە ڕاهێنەر یان نا؟ چونکە ئەگەر نەبووبنە ڕاهێنەری ڕاستەقینە، ئەوا مۆڵەتبەدەست دەخەنەوە، نەک شۆفێر. چەندین بەڵگەی زیندوو هەن، کە زۆرینەی ئەو ڕاهێنەرانەی ئەو ناوەندە پێی گەیاندوون مەرجی بوون بە ڕاهێنەرییان تیادا نییە، تەنانەت هەندێکیان دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ڕاهێنەری کۆرسیان لە نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێریی لە پارێزگای سلێمانیدا وەرگرتووە.
چوارەم: سەبارەت بە دانانی سیستەمی مۆڵەتپێدانی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان لە دوو قۆناغدا قسەم لەگەڵ دوو بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە، واتە کاک دکتۆر سامی و کاک دکتۆر هێمن، بە مەبەستی خستنەڕووی دیدگایەکی ڕوون سەبارەت بەو مەسەلەیە. بیروڕای من لەسەر پرسەکە ئەوەبوو، کە وەزارەتی ناوخۆ بۆ خۆی ئەو کارە ئەنجام بدات و جڵەوی بوارەکە بکات و نەیداتە دەست کەرتی تایبەت. چونکە بابەتێکی هەستیارە، بە تایبەتی کە لای ئێمە وەک وڵاتانی پێشکەوتوو دامەزراوەی شارەزای بوارەکە نییە. ئەوەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەکادیمیای ناو وەزارەتی ناوخۆوە. واتە ئەنجامدانی خولی پەروەردەکردنی ڕاهێنەری بۆ ئەفسەرانی هاتوچۆی پارێزگاکانی هەرێم لە لایەن کەسانی شارەزای بوارەکەوە، ئینجا ئەو ئەفسەرانە لەسەر ئاستی پارێزگاکان خولی پەروەردەکردنی ڕاهێنەران بکەنەوە و ڕاهێنەری مەدەنی پێ بگەیەنن، هەروەها خولی پێگەیاندن بۆ ئەفسەر و کارمەندانیش سازبکەن، بەپێی بەرنامەیەک کە لایەنی پەیوەندیدار بەهاوکاریی کەسە شارەزاکان دایدەڕێژێت. سوودی ئەمە ئەوەیە کە کواڵیتی بەرز دەبێت و بازرگانی بە پرسەکەوە ناکرێت، داهاتەکەشی بۆ حکومەت دەبێت و لە خزمەتی گشتیدا بەکاردەبرێت. هەروەها لایەنی پەیوەندیدار سوود لە کەسانی شارەزای کوردی ناوەوە و دەرەوە وەردەگرێت، بەپێی بواری شارەزاییان، بۆ داڕشتنی کتێبی جۆرەکانی مۆڵەت و وەک بەرهەمی وەزارەتی ناوخۆ بفرۆشرێت و قازانجەکەی بۆ سوودی گشتی بەکاربهێنرێت. بۆ ئەو مەبەستەش خۆم و چەند شارەزایەک ئامادەیی خۆمان بۆ هەردوو کارەکە بە خۆبەخش پیشان دا، کەچی بایەخی پێ نەدرا و فەرامۆش کرا.
ڕێنمایی ژمارە (١١ و ١٢)ی وەزارەتی ناوخۆ:
بە پێویستی دەزانم بچمە سەر هەردوو ڕێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆ، تا دەریبخەکم چ هەڵە و کەموکوڕی و قۆرخکارییەکی تیادایە و زەنگی مەترسی بۆ کاریگەریی نەرێنی و مەترسیداری داهاتووی لێ بدەم، هیوادارم زەنگەکە بەر گوێی نابیستان نەکەوێت.دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، کە ئەو ڕێنماییانە نە سوودی شەخسییان بۆ من هەیە، نە زیانی شەخسیم پێ دەگەیەنن. چونکە نە نووسینگەی ڕەسمیم هەیە و نە کاری ڕاهێنەری دەکەم. هەروەها لەو پرسەدا کێشەی شەخسیم لەگەڵ هیچ کەسێکی مەدەنی یان سەربازیدا نییە. ئەوەی من مەبەستمە، پاراستنی بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و پێشخستنی ڕەوشی هاتوچۆ و بەهەدەرنەدانی سامانی گشتییە.
سەبارەت بە ڕێنمایی ژمارە (١١):
ئەگەرچی لە شێوازی وڵاتانی پێشکەوتوو وەرگیراوە بە ستاندارتە نێودەوڵەتیەکان جۆرەکانی مۆڵەت جیادەکاتەوە، بەڵام چەند خاڵێکی تیادایە کە شایستەی ئاوڕلێدانەوەیە، لەوانە:
١. لە مۆڵەتی جۆری (C – C1) باسی ئەوە دەکات کە دەبێت مۆڵەتی (B) هەبێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕیبێت و لە مۆڵەتی جۆری (C1E) دەڵێت مۆڵەتی جۆری (C1) هەبێت. لە کاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتوو بوونی مۆڵەتێکی دیاریکراو بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی دواتر تەنیا مۆڵەتەکە و کاتی دەرهێنانەکەی نییە، بەڵکو بوونی ئەزموونی لێخوڕین و شارەزابوونە، تا دەرەقەتی مۆڵەتە بەرزترەکە بێت. چونکە زۆر کەس مۆڵەت دەردەهێنن و بە کردەوە ئۆتۆمبیلی پێ لێناخوڕن. واتە دەبێت لە ڕێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە هەڵسەنگاندنی لێخوڕین بۆ کەسەکە بکرێت، ئێنجا بڕیاری لەسەر بدرێت. هەمان شت بۆ مۆڵەتەکانی (D1, D, D1E)یش ڕاستە.
٢. بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی (B) جۆری تاکسی تەنیا داواکاری و وەرگرتنی لۆگۆی تاکسی کراوەتە مەرج، لە کاتێکدا تاکسی گواستنەوەی گشتیی هاوڵاتیانە و پڕۆفشناڵبوونی شۆفێری تاکسی زۆر پێویستە بۆ پاراستنی گیانی سەرنشینەکان. لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە ستاندارتی جیهانی، بۆ بوون بە شۆفێری تاکسی، کۆرسێکی چڕ هەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانای لێخوڕینی شۆفێر، کۆرسێکی دیکەش هەیە بۆ ئاشنابوون بە لایەنی ژینگە و تەندروستی سەرنشینەکان و فێربوونی ناونیشانی شوێنە گرنگەکان و چۆنیەتی گەیشتن بە ناونیشانێک بە کەمترین ماوە و خێراترین شێوە. ئەم کۆرسانەش لانی کەم مانگێک خوێندنی چڕی پێ دەچێت. ئەم خاڵەی ڕێنماییەکە نیشانەی نەشارەزایی و بێئاگاییەدەربارەی چۆنیەتی بەدەستهێنانی مۆڵەتی تاکسی لەسەر ئاستی جیهان.
٣. بەدەستهێنانی جۆرێکی مۆڵەتی شۆفێری پێویستی بەوە نییە کەسەکە خاوەنی سوارڕەوێک بێت، کە گونجاوە لەگەڵ مۆڵەتی دیاریکراودا. چونکە گرنگ شارەزایی کەسەکەیە وەک شۆفێر و ڕاهاتنێتی بە لێخوڕینی سەلامەتخوازانە. زۆر کەس هەیە خاوەنی چەندین سوارڕەون و خۆیان نازانن لێیان بخوڕن.
٤. ڕێنماییەکە چەند پاشکۆیەکی هەیە، کە لە وەقائیعی کوردستاندا بڵاونەکراونەتەوە و لە پێگەی ڕەسمیی وەزارەتی ناوخۆیشدا دانەنراون، تا هاوڵاتیان پێیان ئاشنابن و بزانن ماف و ئەرکەکانیان لەو بوارەدا چییە.
سەبارەت بە ڕێنمایی ژمارە (١٢):
دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە ڕێنماییەکە بە قەد و باڵای خاوەنی (ناوەند) نەخشێنراوە. بۆ سەلماندنی ئەوەش ئەو چەند خاڵەی لای خوارەوە دەخەمە بەردەمی بەڕێزتان:
١- ناوەند، کە دەسەڵاتی پێگەیاندن و پەرەپێدان و هەڵسەنگاندنی ساڵانەی مامۆستا و ڕاهێنەری فێرکردنی شۆفێریی پێ دراوە، دەرفەتی ئەوەشی پێ دراوە هاوشێوەی نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێری کابکات. پرسیارەکان: ئایا ناوەندەکە بەشێکە لە وەزارەتی ناوخۆ یان وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی پێ داوە و ڕێنماییەکەی لە بەرژەوەندیی ئەودا داڕشتووە؟ ئینجا لەسەر چ بنەمایەک ئەو هەموو دەسەڵاتە بەو ناوەندە دراوە؟ بڕوانامە و ئەزموونی خاوەنەکەی و ناوەندەکە لە بوارەکەدا چییە؟ بۆچی وەک تاقە ناوەند وەزارەت گرێبەستی لەگەڵ کردووە و بانگەوازی گشتی بڵاونەکردووەتەوە بۆ ئەوەی کەسانی دیکەی شارەزاش بێنە پێشەوە و باشترینیان هەڵبژێردرێت؟ پڕۆگرامی تیۆری و پراکتیکیی پێگەیاندنی ڕاهێنەران (مەبەست وانەکان و ژمارەی سەعاتەکان نییە، بەڵکو ناوەڕۆکی زانستییە) چییە و بۆ وەک هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو نەخراوەتە بەردەستی کەسانی شارەزا تا هەڵبسەنگێرێت؟ ئینجا حیکمەت لەوەدا چییە وەزارەت دوو ئیمتیازی بەو ناوەندە داوە: ناوەندی تایبەت بە ڕاهێنەران، کارکردنیش وەک نووسینگە، کە لە تێکڕای ڕێنماییەکەدا دووبارەبووەتەوە؟
٢- پڕۆگرامی فێربوونی شۆفێری بە ناوی (ڕێبەری هاتوچۆ)، کە هەموو جۆرەکانی مۆڵەت دەگرێتەوە و هی خودی خاوەنی ناوەندەکەیە. پرسیارەکان: کێ هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو کتێبانە کردووە، کە دەسەپێنرێن بەسەر فێرخواز و مامۆستا و ڕاهێنەراندا، تا بزانرێت ناوەڕۆکی زانستییان چۆنە و لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا چەند ئەفسەرێکی هاتوچۆ، کە بۆ خۆیان ئاشنانین بە زانستی هاتوچۆ و مۆڵەت، دەتوانن بڕیار لەسەر پڕۆگرامێکی وەها بدەن؟ لە چ شوێنێکی ئەم دنیایە تاقە کەسێک ئەوەندە بلیمەت بێت بتوانێت کتێبی گشت مۆڵەتەکانی شۆفێری “بنووسێت”؟ ئایا ئەگەر کەسێک خۆی قاتیرە و مەقتورە، یان هەر جۆرە مۆڵەتێکی دیکەی نەخوێندبێ و تاقی نەکردبێتەوە، دەتوانێت کتێب دەربارەی بنووسێت؟ ئایا کتێبەکان بۆ خزمەتی گشتی دەفرۆشرێن، یان بە شێوەی پشک لەگەڵ خاوەنی ناوەندەکەدا؟
٣- بۆ ئەوەی ناوەندی ئاماژەپێکراو تاقە ناوەند بێت لەسەر ئاستی هەرێم و لقیشی لە هەموو پارێزگاکان هەبێت، مەرجی ئەستەم بۆ دامەزراندنی ناوەندی دیکە دانراوە، کە بریتییە لەوەی دەبێت ناوەندی سەرەکی لە هەولێر بێت و لقی لە پارێزگاکاندا هەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە هیچ کەسێک لە ڕووی داراییەوە توانای ئەوەی نەبێت ناوەندی دیکە دابمەزرێنێت و کارەکە بۆ ناوەندەکەکۆنترۆڵکراو بێت. لە کوێی دنیای دیموکراتیدا ناوەندی پێگەیاندنی ڕاهێنەر بەو جۆرە ناوەندییە دامەزراوە. نموونەی وڵاتانی ئەورووپا هەیە، کە لەسەر ئاستی وڵاتەکە و ناوچەکانیش چەندین (ناوەند) هەن و بەو شێوازەی لای ئێمە بەمەرکەزی نەکراون. گرنگ لێرەدا ناوەندیبوونی (ناوەند) نییە، بەڵکو ناوەندیبوونی پڕۆگرامێکی پێگەیاندنی شارەزایانەی زانستییە.
٤- ئەو ناوەندە پێش دەرچوونی ڕێنمایی ژمارە (١١ و ١٢) چەندین خولی پێگەیاندنی ڕاهێنەرانی لە پارێزگاکانی هەرێم کردووەتەوە، هەر خۆیشی تاقیکردنەوەی تیۆری و پراکتیکی بۆ بەشداربوان ئەنجام داوە. پرسیارەکە: لە کوێی دنیای پێشکەوتوو کۆمپانیای ئەهلی بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەر خۆی ڕاهێنەر بووە و هەر خۆیشی تاقیکردنەوەی ئەنجام داوە؟ ئایا کۆمپانیایەک هەیە ئەنجامی کارەکانی خۆی بێلایەنانە و دادپەروەرانە هەڵسەنگێنێ و لایەنگریی بۆ خۆی نەبێت؟ لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەگەر کۆمپانیا ڕاهێنەر بێت، ئەوا لایەنی پەیوەندیدار، بەبێ دەستوەردانی کۆمپانیا، تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات، بۆ پاراستنی سەرڕاستی و کواڵیتی.
٥- لە مەرجەکانی کارکردن وەک مامۆستا و ڕاهێنەر و کارەکانی دیکەی نووسینگەکاندا ئەوە هاتووە، نابێت فەرمانبەر بێت لە هیچ دامودەزگایەکی مەدەنی یان سەربازیدا. سەرەتا ئەگەر بەپێی ڕێساکانی فەرمانبەرانی دەوڵەت بێت، مەسەلەکە بەو ڕەهاییە پیادەنەکراوە، بەڵکو دەکرێت داوای ڕەزامەندیی لە بەڕێوەبەرایەتی یان وەزارەتی فەرمانبەر بکرێت، ئەوساکە دوابڕیاری لەسەر بدرێت. ئینجا ئەگەر کەسێک لەم بارە ناهەموارەی دارایی هەرێمدا، لە کاتی دوای ئیشی فەرمانبەرێتیەکەی، لە نووسینگەکاندا کار بکات، بەپێی ئەوەش باج بدات، چ کێشەیەکی تیادایە؟ ئینجا ئایا حکومەت توانیویەتی ڕێگە لە هەموو فەرمانبەران بگرێت لە دەرەوەی فەرمانبەری، تاکسی لێ نەخوڕن، یان دوکانداری نەکەن، یاخود کاری دەستگێڕی نەکەن، تا لەگەڵ ئەوانەی نووسینگەکانی شۆفێریش ئەوە پێڕەوی بکەن؟ ڕاستە بۆ سەرخستنی کارەکانی ناوەندەکە جۆرە سازشێک لەگەڵ نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێری، بە تایبەتی ئەوانەی سلێمانی کراوە، بەڵام ئەوە کاتییە و تاقە سوودێک ئەگەر هەیبێت بۆ ناوەندەکەی وەزارەتە، تا ئەو چەند سەد ڕاهێنەرە شارەزایەی ئێستا، بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی، بچنە ماڵەوە و لە جێی ئەوان ناوەندەکە بە پارەیەکی باش “ڕاهێنەر و مامۆستا”ی دیکە بۆ جێگەیان پێ بگەیەنێ.
٦- لە خاڵی ١٢ی پێداویستییەکانی ناوەندی پێگەیاندندا هاتووە: مامۆستای ناوەندی پێگەیاندن، بەدەر لە نووسەر و دەستەی ئامادەکاری پڕۆگرام، دەبێت خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بێت لەو بوارەی کە وانەی تێدا دەڵێتەوە. پرسیارەکان: بۆچی دەبێت ئەو کەسەی لە ناوەندێکی وەها و بۆ خولێکی لەو جۆرە خاوەن بروانامەی ماستەر بیت؟ ئایا زانست لە بوارێکی وەهادا تەنیا گرێدراوی بروانامەی بەرزە، یان گرێدراوی لێزانین و شارەزایی و ئەزموونە؟ لە چ وڵاتێکی دنیادا مەرجێکی سەیروسەمەرەی لەو جۆرە هەیە؟ ئینجا ئەگەر مەبەست لەپشت ئەوەوە زانست و کواڵیتی بێت! بۆچی نووسەر و دەستەی ئامادەکاری پڕۆگرام لەو مەرجە بەدەرکراون؟ ئایا خاوەنی ناوەندەکە بۆ خۆی خاوەنی ماستەرە لە بواری هاتوچۆدا، تا بکرێتە مەرج بەسەر ئەوانی دیکەوە؟ خۆ نووسەر و ئامادەکاری پڕۆگرام هەر یەک کەسە، بۆ کراوەتە دوولایەن؟ ئەم خاڵە بۆ ڕێگرتنە لە بەشداربوونی کەسانێکی شارەزا لە بوارێکی وەهادا، کە زۆر زانست و زانیاریی زیاتریان لە خاوەنی ناوەندەکە پێیە.
٧- ئەگەر کەسێک چاو بە نرخەکانی ناو ڕێنماییەکەدا بخشێنێت، بۆی ڕوون دەبێتەوە لە داهاتوودا چەند بارگرانی بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات، چەند قازانجیش بە ناوەندەکە و هاوپشکەکانی دەگەیەنێت. پرسیارەکان: ئامانجی ئەم ناوەندە دروستکردنی ڕاهێنەر و شۆفێری ڕاستەقینەیە، یان پارەپەیداکردن؟ بەرامبەر بەو پارەیە کواڵیتی فێرکردن و ڕاهێنانەکان بەو ئاستە دەبێت کە ببێتە مایەی دروستبوونی شۆفێر؟ ئینجا مرۆڤەکان وەک یەک نین و ئاستی فێربوون و توانایان جیاوازە، چۆن بەو جۆرە ساتەکانی فێربوونیان بۆ دیاری دەکریت؟
٨- لە ماددەی (٦) یەکەمدا، سەبارەت بە مەرجەکانی بوون بە مامۆستا و ڕاهێنەر و خاڵی (٤)دا هاتووە: بۆ ڕاهێنەر دەبێت بڕوانامەی لە شەشی سەرەتایی کەمتر نەبێت. لە خاڵی (٥)دا هاتووە بۆ مامۆستا دەبێت بڕوانامەی لە شەشی ئامادەیی کەمتر نەبێت. سەرەتا کەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا شتێک ماوە بە ناوی بڕوانامەی شەشی سەرەتایی؟ دانەرانی ئەم ڕێنماییە چۆن لە ڕۆڵی مامۆستا و ڕاهێنەر تێگەیشتوون؟ ئایا ڕاهێنەر چ جیاوازییەکی لەگەڵ مامۆستادا هەیە، تا مەرجی خوێندنیان جیاواز بێت؟ ئایا ڕاهێنەر بە “بڕوانامەی شەشی سەرەتایی”ەوە توانای فێرکردنی شۆفێریی هەیە، تا پێویستی بە خوێندنی بڕوانامەی شەشی ئامادەیی نەبێت؟ بۆ ئەمە پەنا بۆ ئەو وڵاتانە بەرن کە بە ستاندارتی جیهانی ڕاهێنەر پێدەگەیەنن و لە ڕێنماییەکەدا جەختتان لەسەر کردووەتەوە، تا بزانن شتێکی سەیری وەک ئەوەی تیادایە!! لەو وڵاتانە کەسێک هەیە پێی دەوترێت (Instructor)کە بە مانای فێرکار و مامۆستا و ڕاهێنەر دێت و کاری تیۆری و پراکتیکیڕاهێنەرەکان ئەنجام دەدات و دەبێت ئاستێکی تێگەیشتنی وەهای، لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە، هەبێت کە بتوانێت ڕاهێنەر پێ بگەیەنێت. پرسیارێک لە بەڕێزانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەم: ئامادەن کەسێکی خۆتان کە بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بەرزتری هەیە بخەنە بەردەمی کەسێک کە “بڕوانامەی شەشی سەرەتایی” هەیە؟
٩- لە ماددەی (٦) چوارەمدا پەرەپێدان و هەڵسەنگاندنی ساڵانەی مامۆستا و ڕاهێنەر دراوەتە دەستی ناوەندە ڕێگەپێدراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ. سەرەتا دەپرسم، ئەگەر پەرەپێدان و هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستا و ڕاهێنەران هەبێت و ناوەندەکە ئەنجامی بدات، ئەی کێ ساڵانە کارەکانی ناوەندەکە هەڵدەسەنگێنێ، تا بزانرێت ئاستی کارەکانی چۆنە؟ ئینجا لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەڵسەنگاندن و پەرەپێدان مەرج نییە ساڵانە بێت، بەڵکو چەند ساڵێک جارێکە و لەو کاتەدا دەبێت کە یاسا و ڕێنمایی نوێ هاتبنە ئاراوە و شێوازی فێرکردن و ڕاهێنانی تازە سەریان هەڵدابێت. ئەم مەرجی ساڵانەیە قازانجی مادیی بۆ ناوەندەکە تیادایە، چونکە خولەکان بە خۆڕایی و خۆبەخش نین.
١٠- لە ماددەی (١٣)ی پابەندییەکان و خاڵی (٢٣)دا هاتووە: فێرخوازی ئافرەت لە لایەن ڕاهێنەری ئافرەتەوە ڕاهێنانی پێ دەکرێت، مەگەر فێرخواز خۆی داوا بکات لە لای ڕاهێنەری پیاو ڕاهێنان بکات، لەو کاتەشدا دەبێت فێرخوازەکە فێرخوازێکی تری ئافرەتی لەگەڵدا بێت، یان کەسێکی خۆی لەگەڵدا بێت. من دەپرسم: ئەمە ڕێنمایی دەزگایەکی حکومییە لە دەوڵەتێکی دیموکراتیی عەلمانیدا، یان ڕێنمایی دەوڵەتێکی ئایینی و مەزهەبییە؟ لە ساڵانی پێشوودا چەند ئافرەتی فێرخواز ڕووبەڕووی دەستدرێژی بووەنەتەوە، تا خاڵێکی وەها لە ڕێنماییەکەدا دابنێن؟ ئایا یەکێتیی ئافرەتان و ژنان ئاگاداری ئەو تێڕوانینەی وەزارەتی ناوخۆن دەربارەی فێربوونی شۆفێری؟ ئەی ئەم دەربڕینە جیاوازیی چییە لەگەڵ ئەوەی ئیسلامیەکان دەیڵێن: ئافرەت دەبێت لەگەڵ مێرد و برا و کوڕەکەیدا سەفەر بکات؟
١١- لە ماددەی (٧)ی ئۆتۆمبیلی ڕاهێنان، یەکەم خاڵی (٤) باسی دانانی کامێرای چاودێریکردن بە دەنگەوە دەکات. پرسیارەکان: ئایا دانانی کامێرای چاودێری بەبێ ڕەزامەندیی فێرخواز دەستدرێژی نییە بۆ ئازادیی تاکەکەس؟ ئایا هەموو لایەنەکانتان هەڵسەنگاندووە تا لە داهاتوودا کێشەی گەورەی بۆ ڕاهێنەر و فێرخوازەکەشی لێ نەکەوێتەوە؟ ئایا ئەمە ڕێکارێکی دەوڵەتە دیموکراتیەکانە، یان دەوڵەتە نادیموکراتیەکان، کە بیگ برازەر (برا گەورە) چاودێریی هەموان دەکات؟
١٢- لەم ڕێنماییەشدا چەندین پاشکۆ هەن ئاماژەیان بۆ کراوە و لەگەڵ ڕێنماییەکە لە وەقائیعی کوردستاندا بڵاونەکراوەتەوە، تا هەموو لایەک ئەرک و مافەکانی خۆیان بزانن.
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
شارەزای بواری هاتوچۆ
١-٣-٢٠٢٥