وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، لە چەند ئۆپاراسیۆنێکدا زیاتر لە 26 کیلۆ و 208 گرام ماددە هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و 11 بازرگانیش دەستگیر کران.
ئەرکان بیبانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند “لە ژمارەیەک چالاکی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران و چۆمان و پیرمام و چاودیری بەدواداچوون، توانرا دەست بەسەر زیاتر لە زیاتر لە 26 کیلۆ و 208 گرام ماددە هۆشبەر بگیرێت کە پێکهاتبوون لە جۆرەکانی کریستاڵ و حەشیش و هێرۆین”.
هەروەها لە هەڵمەتەکەدا توانرا ژمارەیەک تۆڕی کڕین و فرۆشتن، هەڵبوەشێنرێنەوە کە پێکهاتبوون لە 11 بازرگان.
ئەرکان بیبانی وتیشی: “لەدادگا بەپێی یاسای مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر دۆسی تاوانیان بۆ کراوەتەوە”.
هەروەها هۆشداریشی دا هاووڵاتییان لە بەکارهێنان و مامەڵەکردنی ماددە هۆشبەرەکان دوور بکەونەوە و هەر زانیارییەکیشیان لەو بارەیەوە دەست کەوت بنکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش ئاگادار بکەنەوە.
