یەکێتی لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا: كۆششەكانمان بۆ خۆشگوزەرانی زیاتر خستووەتەگەڕ

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، پێویستمان بە گەشەپێدانێکی چۆنایەتی و هەمەلایەنە هەیە، ئەمەش بە هیممەتی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، پەرەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەسەر بنچینەی دادپەورەری و حکومەتێکی گشتگیری کوردستانی دێتە دی.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991د پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستمان بە گەشەپێدانێکی چۆنایەتی و هەمەلایەنە هەیە، ئەمەش بە هیممەتی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، پەرەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەسەر بنچینەی دادپەورەری و حکومەتێکی گشتگیری کوردستانی دێتە دی.

ڕاشیگەیاند، یەکێتی كۆششەكانی زیاتر و زیاتر خستۆتە گەڕ بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە تا ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان بەدەست بێنین.

دەقی پەیامەکە:

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

كوڕان و كچانی نەوەی راپەڕین و تێکرای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

بەناوی یەکێتییەکەتانەوە پیرۆزبایی گەرمی ٣٤ ساڵەی راپەڕینتان لێدەكەین، كە لە 5ی ئادار لە دەروازەی راپەڕینەوە مژدەی رزگاری دەستی پێکرد و زەماوەندی سەرفرازی بردە سلێمانی و قەڵای ستەمی لەهەولێر روخاند و لەدهۆكی دەلال سوپای داگیركەری بەعسی وەدەرنا و تاجی سەركەوتنی یەکجارەکی لە نەورۆزی رزگاری كەركوكدا لەسەرنا

ئەم بۆنە مێژووییە لەكاتێكدا دەكەینەوە کە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر تاقیکردنەوەی دیموکراسی و حوکمی خۆبەخۆی وڵاتەکەمان تێپەڕ دەبێت کە وێرای دەسکەوتەکانی یاسایی و دەستوری و پێشکەوتنی بوارە جیاجیاکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بۆ ئەمرۆ و دوارۆژ پێویستمان بە گەشەپێدانێکی چۆنایەتی و هەمەلایەنە هەیە، ئەمەش بە هیممەتی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، پەرەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەسەر بنچینەی دادپەورەری و حکومەتێکی گشتگیری کوردستانی دێتە دی. حکومەتێکی هەڵبژێردراوی پەرۆش بۆ ئێستای وڵاتەکەمان و بە تایبەتیش بۆ ئاسۆی ژیانی نەوەکانی تازەی بەرهەمی راپەرین کە هەقی خۆیانە ئەم وەرچەرخانە مێژووەی راپەرین و ئازادییەکەی دروستی کردووە، بە بەرجەستەکراوی ببینن و لێی بەهرەمەند بن.

بۆیە لەم یادەدا بە پێویستی دەزانین تەئكید لەوە بكەینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزی داینەمۆی راپەرین و دەربەستی گشت قۆناغەكانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و لە سۆنگەی درككردن بەم ئەركە نیشتمانیە، كۆششەكانی زیاتر و زیاتر خستۆتە گەڕ بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە تا ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان بەدەست بێنین و بە یەکێتیی و پێکەوەیی و چاوتیژییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق و دەوروبەر بکەین.

جارێکی تر پیرۆز بێت ساڵیادی راپەرینی کۆمەڵانی خەڵک

نەمری بۆ شەهیدانی راپەرین

سەرکەوێ ئیرادەی راستکردنەوەی حوکمڕانی کە خەڵات و دەسکەوتی راپەڕینە

مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە