بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ئاشکرایدەکات، پێدانی زەوی بە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ دەگاتە 100 هەزار کەس، دەشڵێت: “بەشێكی تایبەت کە ژمارەیەکی زۆری ناوی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت، ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت”.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “لە بەشی سێیەمی لیستی ناوی پێدانی زەوی کە دوێنێ 3ی3ی2025 بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە، ناوی زیاتر لە 20 هەزار کارمەندی دیکەی وەزارەتی ناوخۆی تێدایه”.
ئاماژەی بەوەشدا، لە بەشەکانی پێشوودا ناوی 80 هەزار فەرمانبەر و كارمەند لە ناوخۆ و زێرەڤانی زەوییان بۆ دەرچووە.
سەبارەت بە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو بەرپرسەی شارەوانی باسی لەوەکرد: “لەم بەشەدا ناوی پێشمەرگەی تیادا نییە، بەشێكیی تایبەت، کە ژمارەیەکی زۆر ناوی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت، بۆ رەزامەندی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت”.
تا ئێستا ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ناوی نۆ هەزار پێشمەرگەش دراوەتەوە بە وەزارەتی پێشمەرگە.
سەربەست مەولود ڕوونی کردەوە، لە بەشەكانی پێشوودا 240 هەزار فەرمانبەر رەزامەندیی ئەنجوومەنیان بۆ دەرچووە و وتیشی: “ئەمجارە ناوی 55 هەزار فەرمانبەری دیکەمان ناردووە، بەگشتی دەگاتە سەرووی 295 ناو”.
هەموو ئەوانەی ناویان بۆ زەوی دەردەچێت و رەزامەندییان هەیە، مەرج نییە زەوییان پێ بدرێت، بەڵكو شارەوانییەكان وردبینی دەكەن و ئەوە یەكلایی دەكەنەوە و سوودمەندەكان دوور دەخەنەوە.
هەر فەرمانبەرێك، كە هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.
بەرپرسەكەی شارەوانی وتیشی: “لە بەشی ئەمجارەدا بەشێکی ناوی فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگە و وەزارەتانە هەیە، کە لە بەشی یەکەم و دووەمدا ناویان نەبووە”.
