spot_imgspot_img

ئەم هەڵانە، دۆخی ئۆتۆمبێلەكەت بەرەو دژواری دەبەن

 

زۆر جار هەندێك هەڵە دەكەین، كە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەكانمان، ئەمەی خوارەوەش پێنج هەڵەی مەترسیدارە كە دەبێت ئاگاداریان بن:

1- لە كاتی كڕینی ئۆتۆمبێلی بەكارنەهاتوو واتە “سفر كیلۆمەتر” ئاگاداربە نابێت خێرای سووڕی بزوێنەر بگاتە (4000rpm) هەروەها خێرایی ئۆتۆمبێلیش نابێت لە (80 كیلۆمەتر / كاتژمێر) تێپەڕ بكات تا (1500 كیلۆمەتر)ی سەرەتای بەكارهێنان، سەرجەم كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبێل لە ڕێبەری ئۆتۆمبێلەكانیان ئاماژە بەچەند خاڵێك دەكەن لە سەرەتای لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، لەم گرتە ڤیدیۆیەی خوارەوەدا تەواوی بەڵگەكانم خستۆت ڕوو، چونكە بەتەواوی بەشەكانی گێڕ و بزوێنەر و سیستمەكانی تر جێی خۆیان نەگرتووە لەڕووی میكانیزمی جوڵەوە، بێگومان دوای كرداری تێستكردن ئۆتۆمبێل ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێ، بەڵام لە كاتی گواستنەوەی بۆ وڵاتان ئەشێ زەبری بەركەوتبێت و بەشەكانی سیستمەكە جوڵەی تێكەوتبێ، لەبەر ئەوە ڕێنمایی شۆفێران دەكەن كە لە 1500 كیلۆمەتری سەرەتادا پێویستە خێرایی بزوێنەر (2500 تا 2700 rpm) تێپەڕ نەكات و خێرای ئۆتۆمبێلیش لە 80 كیلۆمەتر بۆ كاتژمێرێك، تێپەڕنەكات، هەروەها لە سنووری 80 كیلۆمەتر دەبێ هەموو خێرایەكان تاقی بكەیتەوە، واتا نابێت بە خێراییەكی جێگیر بڕۆیت، بۆ ئەوەی گێڕیش تایمی خۆی وەربگرێت، هەروەها دوای (1500كیلۆمەتر) پێویستە ڕۆنی بزوێنەر بگۆڕدرێت، دواتر هەنگاو بەهەنگاو دەتوانیت بەشێوەیەكی ئاسایی لێیبخوڕیت، بەهەمان شێوە بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش ئەم هەنگاوانە گرنگن.

2- زۆر جار بارانێكی بەخوڕ دەبارێت و لە شەقامەكان لافاو هەڵدەستێت، لەم حاڵەتەدا دەبێت زۆر ئاگادار بین ئەگەر لافاوەكە زۆر بوو خۆمان بەدوور بگرین لەو جۆرە شەقامانە، چونكە زۆر جار زیانی گەورە لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكەت دەدات ئەگەر شارەزا نەبیت، چۆن؟.

كاتێك بە ئۆتۆمبێلەكەت لە لافاوی شەقامەكەت دا، ئەگەر كوژایەوە نابێت بەهیچ جۆرێك هەوڵی ئیشپێكردنەوەی بزوێنەر بدەیت، چونكە ئاوی لافاوەكە لە دەكشنی هەواوە دزەی كردۆتە ناو ژووری سووتانی بزوێنەرەوە بەمەش هەر هەوڵدانێكت بۆ هەڵكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەت ئەشێ زیانی گەورە بە بزوێنەرەكەت بگەیەنیت.

لەبەر ئەوەی بزوێنەر بە تێكەڵەی هەوا و بەنزین كاردەكات یان لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە هەوا و گاز كار دەكات .

سروشتی پێكهاتەی هەوا وایە كە پەستانی كەوتە سەر ڕاستەوخۆ قەبارەی كەم دەكات، بەڵام پێكهاتەی ئاو قەبارەی كەم ناكات یاخود ناپەستێنرێت.

لێرەدا كاتێك سلف لێ دەدەی لۆدێكی زۆر دەكەوێتە سەر بزوێنەر و بۆی هەیە پستن خوار بكات و هیچ سوودێكی نابێت، چونكە لە جێی هەوا و بەنزین، لێرەدا ئاو و بەنزین چۆتە ناو بزوێنەر، بەڵام بزوێنەر ناتوانێت بە تێكەڵەی ئاو و بەنزین كاربكات.

چارەسەری ئەم حاڵەتەش ئەوەیە كە بەبێ هەڵكردنی بزوێنەر بگەیەندرێتە نزیكترین سەنتەری خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل و لە كۆمپیتەر بدرێت، یاخود دەتوانی خۆت وەك ڕێگایەكی سەرەتایی چێكی ئۆتۆمبێلەكەت بكەی، لەوانە چێكی ڕۆنی بزۆێنەر و گێڕ بكە ئەگەر دڵۆپە ئاوت بەدی كرد لە ڕۆنەكەدا دەبێ بەخێرای ڕۆنەكەو فلتەرەكەی بگۆڕدرێت.

هەروەها فلتەری هەواكەش پێویستە بگۆڕدرێت، دەبێت هەر چوار پلاكەكە بكەیتەوە و دەریبێنی، دواتر چەند چركەیەك سلف لێ بدەی تا ئاوەكە بەتەواوی لەشوێنی پلاكەكانەوە دێتە دەرەوە، دواتر پلاكەكان دەخەیتەوە شوێنی خۆی و دەتوانی بزوێنەر هەڵبكەی، بەڵام هەر پێویستە لە كۆمپیوتەر بدرێت .

3- لەكاتی بەنزین تێكردندا كاتێك دەسكی بەنزینەكە ئاماژە بە پڕبوونی تەنكی بەنزینەكەت دەدات ئاگاداربە هەوڵ مەدە زیاتر لە قەبارەی خۆی تێ بكەی چونكە زیان بە سیستمی هەڵمی (evap) دەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی كاریگەری هەیە لەسەر سوتەمەنی ئۆتۆمبێل، واتە بەشێك لە سوتەمەنیەكە دەبێت بەهەڵم ، ئەم هەڵمەش لەبری ئەوەی بچێتە دەرەوە سیستمی (evap) دووبارە بەكاری دێنێتەوە وەك سوتەمەنی بۆ بزوێنەر، ئەم سیستمەش نابێت بەهیچ جۆرێك خودی سوتەمەنیەكە بچێتە ناوی چونكە لە كاری دەخات و زۆر بە گران چاك دەكرێتەوە.

4- كاتێك بە ئۆتۆمبێلەكەت لە بەرزاییەك دێیتە خوارەوە ئەگەر “گێر ئۆتۆماتیك” بەكاردەهێنیت ئاگاداربە بەهیچ شێوەیەك گێڕەكەت نەخەیتە N، هەندێك لە شۆفێران ئەم هەڵەیە ئەنجام ئەدەن بۆ ئەوەی سووتەمەنییەكی كەمتر بسووتێنن، ڕاستە، بەڵام دواجار زیانێكی زۆر بەر گێڕەكەت دەكەوێت چونكە لە مۆدی (P)، مۆدی (N)، ئۆیڵ پەمپ ئەكوژێتەوە و ڕۆن ناچێت بۆ هەموو بەشەكانی گێڕ، لەبەر ئەوەی ئۆیڵ پەمپی گێڕ بەستراوە بە بەشەكانی بزوێنەرەوە، هەروەها لە ئۆتۆمبێلە مۆدێرنەكاندا كاتێك گێڕی ئۆتۆمبێل ئەخەیتە (N) ، هەڵدەستێ بە كەمكردنەوەی سلۆری یاخود خێرایی بزوێنەر و هێز لە ویلەكانەوە وەردەگرێت، بەڵام كە گێڕ ئەخەیتەوە (D) لەناكاو خێرایی بزوێنەر بەرز دەبێتەوە و هێزەكە پێچەوانە دەبێتەوە ئەمەش زیان بە گێڕەكەت دەگەیەنێت.

5- سیستمی سكیوریتی ئۆتۆمبێل واتە (emmoblizer) بەشێوەیەك داڕێژراوە كە بە هیچ جۆرێك نەتوانرێت بكرێتەوە بەبێ سویچی تایبەتی خۆی، بۆ ئەمەش زۆر جار شۆفێر بۆ ماوەیەكی كاتی سویچ بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە جێ دەهێڵێت، یاخود بیری دەچێت، دواتر بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ئۆتۆمبێلەكانیان قفڵ دەبێت، ڕێكخراوێكی ئەمریكی تایبەت بە ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەكات كە ساڵانە 4,000,000 ملیۆن كەس پەیوەندیان پێوەدەكەن و ڕوبەڕووی ئەم كێشەیە دەبنەوە، لەبەرئەوە ئاگاداربە تەنانەت بۆ چەند خولەكێكیش سویچ لە ئۆتۆمبێلەكەت جێ مەهێڵە، چونكە كاتێكی زۆرت لێ دەبات تا چارەسەر دەكرێت، ئەگەر حاڵەتێكی لەو شێوەیە ڕووی دا ئەوا دەبێ كەسانی پسپۆڕی تایبەت بە كلیل سازی چارەسەری كێشەكەت بكەن.

ئا: ئاكام ناصح – ئەندازیاری میكانیك

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە