چارەسەرێکی داهێنەرانە بۆ کێشەی قەرەباڵغی هاتووچۆ
کۆمپانیای ئەلیف ئایرۆنۆتیکس ئۆتۆمبێلە فڕیوەکەی لەجۆری مۆدێل A سەرکەوتووانە تاقیکردەوە، کە بە شێوەیەکی ڕاست هەڵدەفڕێت و بەسەر ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا تێدەپەرێت.
ئەم ئۆتۆمبێلە نوێنەرایەتی چارەسەرێکی داهێنەرانە دەکات بۆ کێشەی قەرەباڵغی هاتووچۆ، بەو پێیەی دەتوانرێت وەک هەر ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی لێبخوڕێت و هاوکات بەهۆی پەروانە بەهێزەکانی دەشتوانێت دەستبەجێ بفڕێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە ڕێڕەوی فڕین هەبێت بۆ هەستانی.
چەمکی گواستنەوە دەگۆڕێت
جیم دوچۆڤنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەلیف ئایرۆنۆتیکس تاقیکردنەوەکەی بە “بەربەستێکی گرنگی تەکنەلۆژیا” وەسفکرد، ئاماژەی بەوەکرد تاقیکردنەوەکەیان هاوشێوەی یەکەم گەشتی برایانی ڕایت بووە، کە چەمکی گواستنەوەی ئاسمانیان گۆڕیوە.
تاقیکردنەوەکە لەسەر ڕێگایەکی گشتی داخراو ئەنجامدراوە، تۆمارە ڤیدیۆییەکەی نیشانی دەدات کە ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگاکە لێدەخوڕێت و دواتر بەبێ بەکارهێنانی ڕێڕەوی فڕین بە شێوەیەکی ڕاست بەرز دەبێتەوە.
مەودای کۆنترۆڵی زەمینی تا ٣٢٢ کم و مەودای فڕین ١٧٧ کیلۆمەترە.
دوچۆڤنی باس لەوە دەکات کە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی مۆدێل A پێویستی بە مەشق و ڕاهێنان لە ١٥ خولەک زیاتر نابێت، چونکە کۆنتڕۆڵی فڕینی هاوشێوەی ئەو کۆنتڕۆڵانەیە کە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بەکاردەهێنرێن، ئەمەش وادەکات بەکارهێنانی ئاسان بۆ خەڵکی.
لە ئێستادا دەتوانرێت ئۆتۆمبێلی فڕیوی مۆدێل A بە بڕی 235 هەزار پاوەند (296 هەزار دۆلار) داوا بکرێت، کە هاوشێوەی تێچووی ئۆتۆمبێلەکانی وەک ڕۆڵز ڕۆیس و بێنتلی یە، بەڵام کۆمپانیاکە بەنیازە نرخەکەی کەمبکاتەوە کاتێک بەرهەمهێنانی تەواو دەست پێدەکات.
سەرچاوە: دەیلی مەیل