ڕێككەوتنی ئەردۆغان و شەرع دژی كورد ئاشكراكرا

سەرۆكی كاتی سووریا دەچێتە توركیا و لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە و بڕیارە پەیماننامەیەکی بەرگری لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق واژۆ بکرێت، کە تێیدا تورکیا ئاسمانی سووریا دەپارێزێت، بەمەش ئاسمانی سووریا بۆ بەكارهێنانی هێرشی ئاسمانی دژی هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا بۆ توركیا واڵا دەبێت.

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سووری بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە میانی سەردانیدا لە تورکیا پەیماننامەیەکی بەرگری هاوبەش لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا واژۆ دەکات.

سەرچاوەکان ئاشکراشیان کردووە، بە گوێرەی پەیماننامەکە تورکیا بنکەی ئاسمانی لە سووریا دادەمەزرێنێت و هەروەها تورکیا مەشقپێکردنی سوپای نوێی سووریا لە ئەستۆ دەگرێت.

باسیان لەوەشکردوە، ئەگەر گفتگۆکانی نێوان شەرع و ئەردۆغان سەرکەوتوو بێت ئەوا تورکیا ئاسمانی سووریا دەپارێزێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع سەردانی تورکیا بکات و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و لەئەگەری ڕێككەوتنی پاراستنی ئاسمانی سووریا لەلایەن توركیاوە، مەترسی بۆ سەر هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و هەسەدە دروست دەبێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە