وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گەنجانی خوێنگەرم و دڵسۆزانی سروشتی پاک و ژینگەپارێزانی دامەزراوەی ڤیم هەڵمەتی خۆبەخشانەی پاککردنەوەی بەنداوی دەربەندیخانیان دەستپێکرد، کە ساڵانە لەم وەرزەدا، دەیان تەن خاشاک و ئاوماڵکەو مەوادی پلاستیکی و پیسی و داروپەردوی سەرئاو کەوتوو و پاشماوەی سەیرانگەکان، کە لەگەڵ باو لافاودا لە بەردەم بەنداوەکە کۆدەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەو خاشاکانە جگە لە دیمەنە ناشیرینەکەی، هۆکاری پیسکردنیشە، لەرابردوودا بەرێوەبەرایەتی بەنداوەکە خۆی پاککردنەوەکەی ئەنجامدەدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئەمساڵ ئەم پۆلە گەنجە لە خۆبوردوە بەکارێکی هەرەوەزی ئەم ئەرکەیان گرتە ئەستۆ، بەناوی وەزارەتمان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکان و بەنداوی دەربەندیخانەوە زۆر سوپاسیان دەکەین، هیوادارین ئەم هەڵمەتە هەموو سەرچاوە ئاوییەکان و شوێنە گشتیەکان بگرێتەوە و بەردەوام بن، لەو کارە ناوازانە و وەکو نەریتێکی جوانی کوردەواری، گیانی ژینگەپارێزی پەرە پێ بدەین، هاووڵاتیانیش لەگەڵ دامودەزگاکان بەرپرسیارێتی پاککراگرتنی ژینگەکەمان هەڵگرن، دەستیان خۆش و نمونەیان زۆربێ”.




