ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

شاندی دانوستانكاری هەرێم بەبێ‌ دەرەنجام لە بەغدا گەڕایەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، شاندی حزبە كوردستانییەكان لە بەغدا گەڕانەوە بێ ئەوەی بگەنە ھیچ دەرەنجامێك.

ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا لە لاپەڕەی فەڕمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، پاش زنجیرەیەك لە دیدار كۆبوونەوە و چاوپێكەوتن لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەكانی شیعە و سوننە و ئەنجومەنی نوێنەران و محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردارو بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێی عیراق، شاندی حزبە كوردستانییەكان لە بەغدا گەڕانەوە بێ ئەوەی بگەنە ھیچ دەرئەنجامێك.

ئاڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی كۆمەڵێك تێبینی ھەبوو لەسەر میكانیزم وبەرنامەی حكومەت دەرھەق بە ناوچە جێناكۆكەكان و بە تایبەت پارێزگای كەركوك لە ڕووی كێشەی ئەمنی و ئیداری و مووچە و بودجە و موستەحەقاتی كورد لە حكومەتی نوێی عیراق كە ھیچ كام لەمانە لە نێو حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەلاویدا جێگای نەكراوەتەوە.

ئاڵا تاڵەبانی ڕوونیشیكردووەتەوە، شاندی حزبە كوردستانییەكان گەڕاونەتەوە ھەرێم و سبەینێ‌ لەگەڵ سەرۆكی حزبە كوردستانییەكان لەسەرۆكایەتی هەرێم لەسەر ئەو پرسە كۆدەبنەوە و دەبێت حكومەتی ھەرێم بڕیاری چارەنووس ساز بدات.

ك.ج

کوردستان

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر: تووشبویەكی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبووەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، یەك نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا COVID – 19 دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەتەواوی چاكبووەوە و باری تەندروستی تەواو جێگیر بووەتەوە و پشكنینی تایبەتی یەك لەدوای یەكی بۆ كرایەوە كە نێگەتیڤ بوو و بڕیاردرا بنێردرێتەوە ماڵەوە.

د. بژار موسا عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕوونیشیكردووەتەوە، كۆی گشتی چاكبووەوەكان لە شاری هەولێر گەیشتە 20 كەس.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ڕاگەیەندراوێك بۆ هاوڵاتیانی شاری هەولێر

• هاوڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێر پێتان ڕادەگەیەنین كە (١) نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا COVID – 19 دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەتەواوی چاكبووەوە و باری تەندروستی تەواو جێگیر بۆتەوە، وە پشكنینی تایبەتی یەك لەدوای یەكی بۆ كرایەوە كە نێگەتیڤ بوو و بڕیاردرا بنێردرێتەوەماڵەوە.

• كۆی گشتی چابووەكان گەیشتە (٢٠) كەس.

• سوپاسی پابەندبوونتان دەكەین بۆ ڕێنماییە
خۆپارێزییەكان، جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان زامنی زاڵبوونمانە بەسەر ئەم پەتا جیهانیە.

• زۆر سوپاسی ماندووبوونی تەواوی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و تەواوی هێزەكانی ناوخۆ دەكەین كە پارێزگاری لە تەندروستی هاوڵاتیان دەكەن.

د. بژار موسی علی
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر
٦ی نیسانی ۲٠۲٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

قائمقامیەتی كۆیە چەند بڕیارێكی نوێی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆوە دەركرد


خەڵك – بەشی هەواڵ

قائیمقامیەتی كۆیە چەند بڕیار و ڕێنماییەكی نوێی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ دەركرد و ڕایدەگەیەنێت: ئۆتۆمبێلی دابەشكردنی غازی ماڵان، دوكانی ماست و شیرەمەنی وگۆشتی بەستوو، فەرمانبەرانی فەرمانگە حكومییەكان كە لەئەركدان (بانك، گەنجینە…)، گۆشتفرۆش و مریشك فرۆشەكان، هەڵگرانی مۆڵەتی فەڕمی كشتوكاڵی ( حەوزەماسی، باغداری، ئاژەڵداری،جوتیاری)، كردنەوەی شوێنی فرۆشتنەكانی پێویستی كەلوپەلی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، دەتوانن ڕۆژانە لە كاتژمێر 6ی بەیانی تا 12ی نیوەڕۆ هاتوچۆ بكەن.

قائیمقامیەتی كۆیە ڕوونیشیكردووەتەوە: نووسینگەی ئاڵوگۆری دراو ڕۆژانی یەك شەممە و چوارشەممە، گواستنەوە و هێنانی دەرمان بۆ كۆگانی پزیشكی و تەندروستی، ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی كەلوپەل و خۆراك بۆ كۆگاكانی خواردەمەنی و ماركێتەكان، كردنەوەی بریكاری خۆراك و هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلی كارگەكانی ئارد و ئارد دابەشكردن، دەتوانن لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تا 6ی ئێوارە كارەكانیان ئەنجام بدەن.

قائیمقامیەتی كۆیە ئاماژەی بەوەشداوە: ماركێتەكان دەتوانن لە كاتژمێر (6ی بەیانی تا 6ی ئێوارە) بیكەنەوە و كارەكانیان ئەنجام بدەن.

هەروەك ڕوونیشیكردووەتەوە، هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلی تەندروستی و پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و كۆمپانیاری بواری خزمەتگوزاری پاككردنەوەی ناوشار (پاپاگروپ)، هاوكاری و كارئاسانی بۆ ئەو فەرمانگە و فەرمانبەرانەی مووچە وەردەگرن، كردنەوەی دەرمانخانەكان و كردنەوەی نانەواخانە و سەمونخانە و چێشتخانەكان بەمەرجەكانی پێشووتر ڕێگەپێدراوە و كاتیان بۆ دیارینەكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی: 16 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ

16 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی چاكبوونەوە.

د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: 16 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەدوای چارەسەر و پشكنینی كۆتایی چاكبوونەوە و گەڕانەوە ماڵەوە و ژیانی ئاسایی خۆیان.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا: كۆی چاكبووەوەكان لە سلێمانی تا ئەم ساتە 78 كەسن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان