ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

حكومەت لەسەر داخستنی ناوەندەكانی خوێندن بڕیار دەدات


خەڵك-بەشی هەواڵ

دوای تووشبوونی دەیان هاوڵاتی ئێران بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئامادەكارییەكانی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە گرتۆتەبەر و بەپێی زانیارییەكانیش، وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردە و تەندروستی و چەند وەزارەتێكی دیكە ژوورێكی عەمەلیاتیان بۆ ئەو مەبەستە دروست كردووە.

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم ئاشكرای دەكەن، تاكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسەكە لە هەرێم تۆمار نەكراوە، بەڵام مەترسی لەسەر هاووڵاتیان و بەتایبەتیش ناوەندەكانی خوێندن هەیە و تاكو ئێستاش حكومەت هیچ بڕیارێك لەو بارەوە نەداوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر داخستنی ناوەندەكانی خوێندن ڕایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە یەكێكە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و بەدڵنیاییەوە ئەو بابەتە باسی لێوە كراوە.

وتیشی، “لە كۆبوونەوەی دوێنێی وەزارەتی ناوخۆ، هەریەك لە وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردە ڕاسپێردراون لێكۆڵینەوەیەكی وردی حاڵەتەكان بكەن و ڕاپۆرت بدەنەوە بە ئەنجوومەنی وەزیران”.

ئاشكراشیكرد، هەركاتێك گەیشتە ئەو قۆناغەی پێویست بەوە بكات ناوەندەكانی خوێندن دابخرێن، ئەوكاتە بەدڵنیاییەوە تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان لە پێش هەموو شتێكەوەیە و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.

لای خۆشیەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاندووە، دوێنێ لە كۆبوونەوەی بەپەلەی حكومەتی هەرێم بەشدار بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و باس لە سەرجەم ڕێككارەكان كراوە، هەموو ئەگەرێكیش كراوەیە تاوەكو ڕاگرتنی دەوامیش.

وتیشی، “ئەوەی ئێستا هەیە دۆخێكی دەرونییە و پێویست بەو ترسە ناكات، بەڵام ئێمە چاوەڕێ دەبین تا چەند ڕۆژێكی تر و ئەگەر دۆخەكە پێویستی كرد بڕیاری ڕاگرتنی دەوامیش دەدەین”.

ئابوری

لەسەر دابەشكردنی مووچە پارێزگاری هەڵەبجە هاتەدەنگ


خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرەڕای قەدەغەی هاتووچۆ و دانانی ڕێكاری خۆپارێزی بۆ دابەشكردنی مووچە، ئەمڕۆ لەكاتی دابەشكردنی مووچە لە هەڵەبجە قەرەباڵغییەكی زۆر دروست بووە و بەهۆیەوە پارێزگاری شارەكە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە،

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بەداخەوە ئەمڕۆ لە كاتی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان، كەمترین پابەندبون بەدیكرا، بۆیە بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان ناچاربوین، هێزی ئاسایش و پۆلیس زیاد بكەین”.

جەختیشی كردۆتەوە، سبەینێ‌ چوار شەممە ڕێكاری تایبەت لەبەردەم بانكەكانی هەڵەبجە لەكاتی دابەشكردنی مووچەدا دەگیرێتەبەر.

No photo description available.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

عیراق سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ دوو وڵات داخست


خەڵك- بەشی هەواڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كە سەرجەم دەروازە سنورییەكان لەگەڵ ئێران و كوەیت بەتەواوی دادەخرێن و دەشڵێت: “قەدەغەكە هاتووچۆی گەشتیارانیش و بازرگانیش دەگرێتەوە”.

دەستەی دەروازە سنوورییەكانی حكومەتی عیراق لە بەیانننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، كە تێیدا دەردەكەوێت لە پارێزگای بەسڕە بە بارهەڵگر هاووڵاتیان بە كۆمەڵ دەگوازرێنەوە و لەلایەن ئۆتۆمبێلی پۆلیسەوە پارێزگارییان لێ‌ دەكرێت، هیچ بنەمایەكی نییە و ڕاست نییە.

ڕاشیگەیاندووە، “ڕاستی ڤیدیۆكە ئەوەیە، كرێكارانی تورك پارێزگاكە بەجێ‌ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە وڵاتەكەی خۆیان لەڕێگەی دەروازەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە دەروازە سنوورییە وشكانییەكان لەگەڵ هەردوو وڵاتی دراوسێ‌ (ئێران و كوەیت) بەتەواوی بەڕووی گەشتیاران و جوڵەی بازرگانی داخراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخی دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە


خەڵك- بەشی هەواڵ

نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوە بەخۆوەدەبینێت، ئەمەش بە بۆچوونی زۆرێك لە چاودێران، پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە هەیە.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە نرخی دۆلار لە بۆرسەی كیفاح و بازاڕەكانی تری ناوخۆی عیراق و هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی و نرخی 100 دۆلار لە بۆرسەی گیفاح- بەغدا بە 124.500 دینار مامەڵەی پێوەكرا.

بەپێی زانیارییەكان، نرخی فرۆشتنی 100 دۆلار لە نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو بە 125.000 دینار بووە، نرخی كڕینیش بە 123.500 دینار بووە.

ماوەیەكی زۆر نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی لە بازاڕەكانی دراوی عیراق و هەرێمی كوردستان لە 120.000 دیناردا جێگیربوو، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا، وایانكرد نرخی دۆلار ڕوو لە بەرزبوونەوە بكات، لەگەڵ ئەمەشدا پێشبینی دەكرێت لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا و لەڕێی كردنەوەی دەروازەكانی فرۆشتنی دراو لەلایەن بانكی ناوەندی عیراقەوە، نرخی دراوە ئەمریكاییەكە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا داببەزێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان