ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

وردەكاری ڕێككەوتن لەسەر سەرۆكایەتی و بەڕێوەبردنی یەكێتی ئاشكراكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی بە ئامادەبوونی كۆسرەت ڕەسوڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی ئەو حزبە كۆتایی هات و ڕێككەوتن لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ و وردەكاری دابەشكردنی پۆستەكان كراوە.

مەریوان عەبدوڵا، میدیاكاری یەكێتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، “بەپێی دواین ڕێككەوتن، كە لەلایەن سەركردە (كۆن و نوێكانی) یەكێتیەوە كراوە پەیكەری نوێی یەكێتی بەم جۆرە دەبێت، كە یەكێتی دوو هاوسەرۆكی دەبێت، ئەگەری بەهێزە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ببنە هاوسەرۆك بەو پێیەی زۆرترین دەنگی كۆنگرەیان بەدەستهێناوە”.

دەشڵێت: “هاوسەرۆكەكان دوو جێگریان دەبێت، بەهێزترین كاندید شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ، ڕەفعەت عەبدوڵڵایە”.

ڕاشیگەیاندووە، دەسەڵاتەكانی” ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی” بەجۆرێك دەبێت، كە لە ئاست پێگە و خەباتی سەرۆكی ئەنجومەنەكە “كۆسرەت رەسوڵ عەلی” و ئەندامانی ئەنجومەنەكە بێت،واتا بەشێك لە دەسەڵاتەكانی بەڕێوەبردنی یەكێتیان لا دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوسەرۆكان و جێگرەكانیان و مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ژمارەیان نزیكەی 20 كەس دەبێت بە هاوسەرۆك و جێگرەكانیەوە، كە 3 بۆ 4 كەسیان دەبنە ئەندامی دەستەی كارگێڕی یەكێتی و هەموو كارەكانی بەڕێوەبردنی یەكێتی لە ڕێگەی ئەم پەیكەرە نوێیەوە دادەڕێژرێت و بەرپرس دەبن لە سیاسەتی گشتی یەكێتی تا كۆنگرەی داهاتوو.

دەشڵێت: “ئەگەری بەهێز ئەوەیە ڕۆژی سێ شەممە دوای پێداچونەوە پەیڕەو پەسەند بكرێت و چەند ڕۆژێ‌ك دواتر هاوسەرۆكان و جێگرەكان و ئۆرگانەكانی تر بە دەنگدان هەڵبژێردرێت”.

بەپێی پەیڕەوی نوێی یەكێتی سنوری خەباتی سیاسی و رێكخراوەی یەكێتی “یەك بازنە” دەبێت و دواجار هەموو بڕیارەكان لەڕێگەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكلایی دەكرێنەوە و تا كۆنگرەی داهاتوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، كە ژمارەیان 124 كەسە بەرزترین دەسەڵات دەبێت.

کوردستان

سەرۆكایەتی یەكێتی: هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەشداربن لە بوژاندنەوەی شنگال

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شەشەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگالدا بە پێویستی دەزانێت هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لە پڕۆسەی بوژاندنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیرانیان.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: لە شەشەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییان، بە خەمێكی قووڵەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانەی‌ دەرهەق بە گەلەكەمان كرا بەرز ڕادەگرین، پشوودرێژی و ورە و باوەڕ بە ئایندەیەكی گەشتر بۆ كەسوكاریان دەخوازین و داواكارین لایەنە پەیوەندارەكانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی، حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە ناساندنی كارەساتی شەنگال وەك تاوانی جینۆساید و لەبەردەم دادگایەكی باڵادا، ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی و تاوانبارەكانیان و ئەوانەش كە كەمتەرخەم و هۆكاربوون بۆ‌ ڕوودانی كارەساتەكە، بە سزا بگەیەنن.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشیخستووەتەڕوو: سەرباری گەورەیی كارەساتەكە و دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ڕۆژی ڕەشی ٣ی٨ی٢٠١٤، هێشتا برینی خوشك و برا ئێزدییەكانمان سارێژ نەبووە. دەیان هەزار خێزان داڕماون. هەزاران كچ و مناڵ و پیاوی ئێزدی بێ سەروشوێنن و دەیان هەزار پیر و بریندار لە ئاوارەیی كەمپەكاندا و دوور لە زێدی خۆیان، دوور لە ئازیزانیان، خراپترین ڕۆژگار دەگوزەرێنن. لە دۆخێكی وا تاڵدا، ئەركی هەموو لایەكمانە‌ دوور لە دروشمبازیی، سنوورێك بۆ ئەم دۆخە خراپەی ژیانی ئێزدییەكانی پاش جینۆساید دابنێین و پشتیوان بین لە ئاسایی كردنەوەی ژیانی خەڵك لە شنگال‌ و دوور لە ململانێ و بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، ئێزدییان و ناسنامەی گەلی خۆمان و كولتوری پێكەوەژیان و فرەیی ئاینیی بپارێزێن.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕوونیشیدەكاتەوە، بە پێویستی دەزانین هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لە پڕۆسەی بوژاندنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیریان. ئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكانە بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، دۆزینەوەی خوشك و برا ئێزدییە بێسەروشوێنەكراوەكان بكاتە كاری لەپێشینەی خۆی. ئەركی هەمووشمانە كە ئەو ڕۆژانە و شەهیدانی ئێزدی و شەهیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەیاد نەكەین و دڵنیاین كە قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان ڕێگەی نەدا پیلانی تری داعش لە قڕكردن و داگیركاریی بۆ سەر كوردستان سەربگرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدا مەزڵومییەت و قوربانیدانی ئێزدییەكان بەوپەڕی بەرز دەنرخێنین، بەڵێنی هاوكاری و پشتیوانیی تەواویان بۆ دووپات دەكەینەوە و ڕایدەگەیەنین: خەباتی ئێمە لەپێناو پاراستن و بەدیهاتنی داوا ڕەواكانی ئەوان و ئامانجی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كازمی بۆ ئێزدییەكان: دەبێت دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە شاندێك كرد كە پێكهاتبوون لە كچ و ژنانی كوردی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش لە شنگال و گوندی كۆچۆ و ناوچەكانی دەرووبەری و ڕایگەیاند “دەبێت دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند:” مستەفا كازمی ئیدانەی ئەو تاوانە وەحشیگەریەی كرد كە دەرهەق بە كوردانی ئێزدی كراوە لەو ڕۆژە شومەدا لە 3ی ئابی 2014 لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش”.

نووسینگەی كازمی ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەوەی ئێزدییەكان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، دووبارە نابێتەوە، “ئەو تاوانە قێزەونەش بووە جێگەی گرنگی و ڕاكێشانی سۆزی ڕای جیهانی. جیهان هەموو لەپاڵ دۆزەكەیان وەستان”.

سەرۆك وەزیرانی عیراق دووپاتیشی كردووەتەوە، كە كاردەكەن بۆئەوەی ئەو تاوانە بە زیندوویی بمێنێتەوە بۆ نەوەكانی داهاتووش، “بۆئەوەی وەحشیەتی داعش و قارەمانیەتیی هێزە ئەمنییەكان بزانن كە بەسەر تیرۆردا سەركەوتن و خاكیان ڕزگاركرد و یەكێتی و سەروەریی عیراقیان پاراست”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەشیخستەڕوو، مستەفا كازمی بەڵێنیدا بە جددی بگەڕێت بەدوای ئێزدییە ڕفێندراوەكان و هەوڵی نێودەوڵەتی بدرێت بۆئەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە نێو كەسوكارەكانیان، وتیشی، “دەبێت دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت، ئەزموونی ئێزدییەكان سەخت و دژواربووە، بەڵام دەبێتە فاكتەری هیوا بە داهتوویەكی باشتر بۆ وڵات، كە ڕێز لە هاووڵاتی و شكۆیان بگرێت بەبێ هیچ جیاكارییەك”.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئابی 2020، شەش ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت. سەرەڕای كوژرانی سەدان و دەربەدەربوونی هەزاران كوردی ئێزدی، هەزاران ئافرەت و منداڵی كوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێن كران.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكاندا وەك خۆی دەبێت و لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عیراقیشدا بۆ ماوەی هەفتەیەك بەتەواوی ڕادەگیرێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، شوێنە گشتییەكانی وەك پارك، كافتریا و چایخانەكان دادەخرێن.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان