ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

حكومەتی هەرێم مەرجی بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتووان هەیە


خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە سەرژمێرییەكی دروست و سەركەوتوو كاریگەری لەسەر پێشخستنی سێكتەرە جیاجیاكان دەبێت و دەشڵێت: “بەڕاشكاوانە بە بەغدامان وتووە، كە بەبێ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێندراوەكان ئەم پڕۆسەیە سەركەوتوو نابێت”.

د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەریمی كوردستان لە مەڕاسیمێكی تایبەتی كۆلێژی تیشك، كە ژمارەیەك لە وەزیر و پەڕلەمانتاران و بەشێك لە پارێزگارەكانی عیراق ئامادەی بوون ڕایگەیاند، هەنگاوەكان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لەعیراق و هەرێم بەردەوامە و تائێستا چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەنێوان هەرێم و بەغداد ئەنجامدراوە.

وتیشی، “بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە پڕۆسەكە بەسەركەوتوی بەڕێوەبچێت و دەرئەنجامەكانی ئەو سەرژمێرییەش بۆ پێشخستنی وڵات بێت.

د.دارا ڕەشید باسی لەوەشكرد، ساڵانێكی زۆرە سەرژمێری لەعیراق ئەنجام نەدراوە بۆ هەرێمی كوردستانیش ئەم پڕۆسەیە گرنگ و مێژووییە بۆ زانین و پێشخستنی بوارە جیاجیان و كاركردن لەسەر فراوانكردنی خزمەتگوزاریەكان و پیادەكردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەكۆمەڵگا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەتەواوی كۆبوونەوەكانی ڕابردوومان لەگەڵ شاندی بەغداد بەڕاشكاوانە ئەوەمان پێ ڕاگەیاندون، كە بەبێ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێندراوەكان ئەم پڕۆسەیە سەركەوتوو نابێت بەو پێییەی تەواوی پێكهاتەكان هەمان كێشە و ترس و داخوازی كوردیان هەیە.

وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم داواشی كرد نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتی گرنگ بگێرن بۆ چاودیری كردن و یارەمەتیدانی سەرخستنی پڕۆسەی سەرژمێری لەعیراق و هەرێمی كوردستان.

ئابوری

“داهاتی دەروازە سنوورییەكانی عیراق زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە”


خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات:” داھاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق دەگاتە سەرووی 10 ملیار دۆلار”.

مازن عەبدولمونعیم فەیلی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند:”بەپێی ئامارەكان داھاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق دەگاتە سەرووی 10 ملیار دۆلار، بەڵام تەنھا ملیارێك دۆلار دەچێتەوە گەنجینەی دەوڵەت”.

مازن فەیلی داوا لە حكومەتی ناوەند دەكات، ھەرچی زووە چاكسازی لە گومرگ و دەروازە سنوورییەكان دەستپێبكات.

ئەو نوێنەرەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەشكردووە:”پێویستە چارەسەرێك بدۆزرێتەوە و سامانی بەھەدەر دراو بگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەت و لە بەرامبەر لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرھەمی ناوخۆیی تەرخان بكرێت”.

مازن عەبدولمونعیم فەیلی داواش دەكات:”بۆ شەفاكردنی داھات لەو دەروازە سنووریانە، سیستمی كاركردن بكرێنە ئەلكترۆنی و ئیدارەیەكی تۆكمە بۆ بەڕێوەبەردنیان دابمەزرێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

تمەن بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو دابەزی


خەڵك – بەشی هەواڵ
لەكاتی داخستنی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی 100 دۆلار بە ملیۆنێك و 930 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕی پێكرا بەدەستی و 100 دۆلاریش بە 123 هەزار دینار بووە.

خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 5-7-2020 بازاڕی دراو دابەزینی زیاتری بەهای تمەن بوو بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی بەجۆرێك 100 دۆلار بە ملیۆنێك و 930 هەزار بەدەستی و حەواڵەكەشی بە 2 ملیۆن و 185هەزار تمەن، هەر 100هەزار تمەنیش بە 6 هەزار و 400 دینارە.

ڕاشیگەیاند، 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 123 هەزار دیناری عیراقی ئاڵوگۆڕی پێوەكرا و بازاڕی دراو داخرا بۆ سبەی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هاوشێوەی تمەنی ئێرانی، لیرەی سووریش ڕووی لە دابەزینی بەردەوام كردووە، ئەمڕۆ یەك ملیون لیرەی سوری بە 529 هەزار دیناری عیراقی مامەڵەی پێوەكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

زیاتر لە سێ مليۆن مریشكی زیندوو لەهەرێم مرداربوونەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان گومانی خۆیان ڕاگەیاند لەبەرامبەر ئەو دەرمانی كوتانەی بۆ مریشك بەكاردێت، داوا دەكەن حكومەت خۆی ئەو دەرمانە دابینبكات و ڕێگەنەدرێت بازرگانی پێوەبكرێت.

نازم عبدوڵا جاف، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان لەشاری سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەئیستادا نەخۆشی نیوكاسڵ و ئایبی و گەمبۆرۆ ڕویكردۆتە مریشك و جوچكی ناو پڕۆژەكانی بەخێوكردنی مریشك، كە زیانێكی زۆری لەبەرهەمی ناوخۆیی داوە و ترسی زۆرمان هەیە ڕێژەكە زیاتربێت.

ڕاشیگەیاند، گومانی زۆرمان هەیە لەسەر دەرمانی كوتانی بەرگری مریشك، پاش ئەو كوتانە مریشكەكان لەدوای پێنج ڕۆژ نەخۆش دەكەون و مردار دەبنەوە.

جەخت دەكاتەوە، پێویستە حكومەت ڕێگری تەواو بكات و ڕێگەنەدات ئەو كوتانی مریشكە لە وڵاتانی دراوسێوە بازرگانەكان بیهێنن و لەهەموو دوكانێك دەست بكەوێت كە ئەمە مەترسیە لەسەر بەرهەمی ناوخۆی پەلەوەر بۆیە حكومەت خۆی پێویستە ئەو كوتانە دابینبكات و بەبڕێك پارە بیداتەوە بەخاون كێڵگە پەلەوەریەكان تا حكومەت دڵنیابێت لەكوالێتی باشی كوتامەكە و خاوەن كێڵگەكانیش بێ دوودڵی بەكاری بهێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، لەماوی ١٥ ڕۆژدا ٣ ملیار دینار زیان بەر خاون كێڵگە پەلەوەریەكان گەیشتووە لە سەرتاسەری كوردستان گەر ڕەوشەكە وا بەردەوامبێت زیانەكان بەرز دەبێتەوە بۆ ٣٠ ملیار دینار، كە بەهۆی نەخۆشیەكەوە نزیكەی ٥ ملێۆن مریشك و جوچك لە لەسەرتاسەری كوردستان مردار بوونەوە.

لەئێستادا خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان گیرۆدەن بەدەست نەخۆشی نیوكاسڵ و ئایبی و گەمبۆرۆ، كە ئەم نەخۆشیانە ساڵانە هەن و زیان بە پەلەوەر دەگەیەنن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان