ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

ڕێگای سەرەكی نێوان سیدەكان- سۆران بێ تابلۆ و هێڵكاری هاتووچۆیه


خەڵك-نزار مستەفا
ڕێگەی شارۆچكەی سۆران- شاڕەدێی سیدەكان ڕێگای چەندان گوندی لەسەرە و دوای درووستكردنی ڕێگاكە بەشێكی زۆری تووشی داڕمان بووە و سەرەڕای قەرەباڵغی ڕێگاكە، بەڵام هیچ تابلۆیەكی هاتووچۆی بۆ دانەنراوە.

سیروان صابر، هاووڵاتیەكی دانیشتووی شارەدێی سیدەكانە بە(خەڵك )ی ڕاگەیاند، ئەم ڕێگایە یەك سایدە و بەهۆی نەبوونی هێماكانی هاتووچۆ و هێڵكاری ڕێنمایی، هاتووچۆ تێیدا سەختتر بووە.

وتیشی، “ڕێگایەكی سەخت و شاخاوییە و گۆرانی كەش و هەوا و هاتنی وەرزی سەرماش ئاستەنگی لەبەردەم هاتووچۆدا درووست كردووە، بەمەش لەگەڵ گۆڕانی كەش و هەوا تەمومژ دایدەپۆشێت و مەودای بینین بەڕادەیەكی بەرچاو كەمدەبێتەوە، چونكە پێچی زۆر و یەك سایدە، بۆیە سەختی ڕێگاكە و نەبوونی هێماكانی هاتووچۆ مەترسییەكانی زیاتر كردووە”.

لەلایەكی دیكەشەوە، سدیق حەسەن، شۆفێرێكە، كە ڕۆژانە هاووڵاتیان لەسیدەكانەوە بۆ سۆران دەگوازێتەوە بۆ (خەڵك) وتی، “ڕێگاكەمان كەموكوڕییەكی زۆری تێدایە و جگە لەمەش خراپ بوون و رۆچوونی بەشێكی ڕێگاكە و كەمی هێماكانی هاتووچۆ و نەبوونی هێڵكاری لە ڕێگاكەدا كێشە و گرفتی زۆری بۆ ئێمەی شۆفێران دروست كردووە”.

ئەو شۆفێرە وتیشی، “داڕمانی شاخ و هاتنە خوارەوەی بەرد كێشەیەكی تری بۆ درووست كردون، پێویستە كەرتی چواری ڕێگاوبانی سۆران بەردەوام چاودێری ئەو ڕێگایە بكات، چونكە لە كاتی هاتنە خوارەی بەرد و شاخ كارەساتی گەورە درووست دەكات و ئەگەری درووست بوونی ڕووداوی نەخوازراو هەیە” .

لەم بارەیەوە ڕائید دلاوەر لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەكو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ چەند گرفتێكی ڕێگاكانی سنوری سۆران و دەورووبەریمان چارەسەر كردووە، لە دوو سایدی سیدەكانیش 70 تابلۆ و ڕێنمایی هاتووچۆمان هەڵواسیووە لەگەڵ دانانی پێنج تاسەی یاسایی.

وتیشی، “بۆ ڕێگەی سەرەكی نێوان سۆران – سیدەكان كەشف و دەرخەستەمان كردووە، هەر كاتێك ڕەزامەندی وەزارەتی لەسەر درا ئێمە وەك بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سۆران هێڵی سپی و هێڵە ئەرزییەكانی هاتووچۆ نوێ دەكەینەوە و ڕێنمایی و هەرچی پێویست بێت بۆ ڕێگاكە دای دەنێین”.

جێگای ئاماژەشە ڕێگەی سەرەكی نێوان سۆران – شارەدێی سیدەكان ڕێگایەكی سەرەكییە و زیاتر لە300 گوند لەخۆدەگرێت و 32كم لەسۆران بۆ سیدەكان دوورە و ڕۆژانە هاتووچۆیەكی زۆری تێدا دەكرێت و لەچەند ساڵی ڕابردووشدا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پڕۆژەی قیرتاوكردنی بۆ كراوە و بەهۆی سەختی ڕێگاكە و ڕۆچۆنی بەشێكی ڕێگاكە هێڵەكانی ئەرزی هاتووچۆ ڕەش بوونەتەوە و ئەمەش وایكردووە زیاتر ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ شۆفێران درووست بكات.

راپۆرت

بێڵ گیتس پلانێك بۆ كۆنترۆڵكردنی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ڕادەگەیەنێت


خەڵك- بەشی هەواڵ
بێڵ گیتس ملیاردێری ئەمریكایی، پلانێكی 3 خاڵی بۆ بەرپەرچدانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەيدا ڕادەگەیەنێت كە ژمارەی تووشبوان تێیدا بەربەرستی 200 هەزار كەسی تێپەڕاندووە و ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتۆتە 5 هەزار كەس.

گیتس لە وتارێكیدا كە لە ڕۆژنامەی (واشنتن پۆست) بڵاوكرایەوە ڕایگەیاندووە”پلانەكەی پشت بە ڕاوێژ و ڕاسپاردەی شارەزایان و پسپۆڕەكان لە دامەزراوەی (بێڵ و میڵیندا گیتس) دەبەستێت كە لەئێستادا كۆمەكی توێژینەوەیەك دەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا”.

داخستنی تەواوەتی
گیتس داوای لە هەموو ویلایەتەكان كردووە، پەیڕەوی ڕێبازێكی یەگگرتووبن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڤایرۆسەكە، تەئكیدی لەسەر پێویستی داخستنی تەواوەتی وڵاتەكەش كردۆتەوە و ڕێگە نەدرێت بە حاكمی وڵایەتەكان و پابەندنەبونیشی بە داخستنەوە بە “كارەسات” ناوبردووە.

گیتس لە وتارەكەیدا دەڵێت، ڤایرۆسی كۆرۆنا بەوپەڕی ئازادییەوە لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هاتووچۆ دەكات، بە تایبەت لەنێوان ئەو دانیشتوانانەدا كە تائێستاش بە ئازادییەوە لەڕێی وشكانی و ئاسمانەوە لە وڵاتدا هاتووچۆدەكەن.

دامەزرێنەری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت داوای لە بەرپرسانی ئەمریكایی كردووە، هەموو كارەكان لە تێكڕای شوێنەكاندا ڕابگرن بۆ ماوەی لانی كەم 10 هەفتە، لەپێناو ڕاگرتنی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبوان و ئەوانەی بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن.

پشكنینی خێرا
گیتس داوای لە ئیدارەی ئەمریكا كردووە، ئاستی پشكنین خێرا بكات لەپێناو دۆزینەوەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەگەڵ دیاریكردنی كارە پێشینەكان لەو بارەیەوە، بەجۆرێك كە لەو توێژە كۆمەڵایەتییەی زۆرترین زیانى بەركەوتووە بەهۆی پەتاكەوە، دەستپێبكرێت.

داوای كردووە یەكەمجار، پشكنین بۆ كارمەندانی بواری چاودێری تەندروستی بكرێت، دووەم پشكنین بۆ ئەوانە بكرێت كە نیشانەی تەواوی ڤایرۆسەكەیان پێوەدیارە، سێیەم بۆ ئەوانەی بەدەست نەخۆشی درێژخایەنەوە دەنالَِێنن و پەتاكەیان گرتووە.

یەكخستنی هەوڵەكان و پەرەپێدانی ڤاكسینەكان
گیتس لە وتارەكەیدا، ئامۆژگاری دەكات سود لە زانیارییە ڕەخساوەكانی ئێستا وەربگیرێت لەبارەی كۆرۆناوە، لەپێناو بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ڤاكسینەكان بۆ ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە و دەڵێت”ئەمە پێویستی بە یەكخستنی هەوڵەكانە لەسەر ئاستی نیشتمانی”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

دكتۆر عومەر ئیشراق، سازشی لەسەر مافی خاوەنداریی ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد ڕاگەیاند


 

خەڵك-بەشی هەواڵ
ناوی دكتۆر عومەر ئیشراق وەك یەكێك لەو كەسانە دەردەكەوێت، كە خزمەتی مرۆڤاتیەتییان كردووە لەڕێی ئەو دەستپێشخەرییەی  لێوەی كۆمپانیاكەی Medtronic (بەناوبانگترین كارگەی دروستكردنی ئامێری هەناسەدانی دەستكرد)، سازشكردنی لەسەر مافی خاوەنداریی فیكری تایبەت بە ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد ڕاگەیاند، ئەم سازشكردنە، لە سۆنگەی چالاكییەكانی كۆمپانیاكە و ڕۆڵی لە پەرەپێدان و خێرا پێشكەشكردنی چارەسەرەكان بۆ باشكردنی چاودێری نەخۆشەكان و  رۆڵی عومەر ئیشراق سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە دێت، كە خاوەنی بیرۆكەی دەستپێشخەرییەكەیە.

كۆمپانیای Medtronic ڕایگەیاندووە، بەئاشكرا بەشداریی لە تایبەتمەندی دیزاینەكەدا دەكات، تا بەشداربووان بتوانن لەڕێی پیشەسازییەكانەوە هەڵسەنگاندن بۆ شێوازەكانی دروستكردنی خێرای ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد بكەن لەپێناو یارمەتیدانی پزیشكان و ئەو نەخۆشانەی كە مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنادا دەكەن.

عومەر ئیشراق هەڵگری ڕگەزنامەی ئەمریكاییە و لە بەنگلادیش پەروەردە بووە و لە زانكۆی لەندەن بڕوانامەكانی بەكالۆریۆسی لە زانستەكان و دكتۆرای لە ئەندازیاریی كارەبایی بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2016 لە زانكۆی ئەمریكایی بۆ ئەندازیاریی پزیشكی و ئەندازیاریی بایۆلۆجی (AIMBE) قبوڵكراوە، لە ساڵی 2020 لە ئەكادیمیای نیشتمانی بۆ ئەندازیاریی هەڵبژێردراوە، تا ئەو دەمەی بووە سەرۆكی دوو كۆمپانیای جیهانی كە داهاتی ساڵانەیان زیاترە لە 10 ملیار دۆلار.

ئیشراق، فەلسەفەیەكی تایبەتی هەیە سەبارەت بە پرسەكانی تەندروستی لە جیهاندا بە گشتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووە بەشێوەیەكی تایبەت، بەو پێیوایە كێشەیەكی زۆر هەیە پەیوەندییان بە كەرتی تەندروستییەوە هەیە، گرنگترینیان ئاستی پێشكەشكردنی چارەسەر و خزمەتگوزارییە تەندرستییەكانە بۆ خەڵك، ئەمەش زۆر كەمترە لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان بەراورد بە وڵاتە پەرەسەندووەكان، ئەمەش پێویستە وانەبێت.
ئیشراق وایدەبینێت، رێگەكانی چارەسەر ناسراون و زانراون، بەڵام كێشەكە لە هەندێك ئامێری چارەسەردایە كە ئێستادا لە جیهاندا هەن و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بونیان نییە، تەنانەت گەر كێشە لە كڕینیشیاندا نەبێت. لێرەوە دەستپێشخەرییەكەی دەستپێكرد كە بەشێكە لە بەرپرسیارێتی مرۆڤانەی كۆمپانیاكەی.

ئەو لە هەمان كاتدا ئەندامی ئەمیندارانی كۆمەڵەی ئاسیایە، ئەو ڕێكخراوە فێركارییە پێشەنگەی كار بۆ پتەوكردنی ئاڵوگۆڕی لێكگەیشتن و پتەوكردنی هاوبەشی نێوان گەلان و سەركردەكان و دامەزراوەكان دەكات لە ئاسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ڕێڕەوێكی جیهانی، ئەندامی ئەنجومەنی ئەمیندارانی ڕادیۆی گشتییە لە مینیسوتا.

بەڵام لەئێستادا سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای مدترۆنیكە لە خوزەیرانی 2011وە، لەگەڵ ئەوەشدا بەنیازە وەك بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە لە كۆتایی ساڵی دارایی (26ی نیسانی 2020) خانەنشین ببێت. لەو دەمەدا ڕۆڵێكی تر دەبینێت كە تازە دامەزراوەكە سەرۆكی جێبەجێكارە، لەگەڵ بەردەوامبوون لە كارەكەیدا وەك سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیاكە.

مدترۆنیك كۆمپانیایەكی تەكنەلۆژی پزیشكی پێشەنگە لە جیهاندا و داهاتی ساڵانەی دەگاتە 30.6 ملیار دۆلار، خاوەنی 90.000 كارمەندە و پرۆسەكانی دەگاتە زیاتر لە 150 دەوڵەت لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان.

كۆمپانیای مدترۆنیك تەكنیك و ڕێگەچارە بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێكی فراوان لە حاڵەت پزیشكییەكان پێشكەش دەكات، بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكانی خوێن و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و مێشك و بڕبڕەی پشت و شەكرە و نەخۆشییەكانی تر، كارەكانی خۆیان لە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیادا دەبینێتەوە بۆ كەمكردنەوەی ئازار و گێڕانەوەی تەندرستی و درێژكردنی تەمەنی چەندان ملیۆن خەڵك لە جیهاندا.

عومەر ئیشراق، كاری كۆمپانیاكەی لە 3 ستراتیژدا كۆكردۆتەوە كە خۆیان لە گەشەپێجانی دوورمەودای چارەسەر و داهێنان و جیهانگیری و بەهای ئابوریدا كۆكردۆتەوە، وێڕای ئەمانەش پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنی Covidien –ی ئەنجامدا، (كۆمپانیای جیهانی بۆ درەستكردنی بەرهەم و پێداویستییەكانی نەشتەرگەریی بە بەهای 10 ملیار دۆلار-ئەمەش گەورەترین پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنی تەكنەلۆژیای پزیشكییە لە مێژووی ئەو پیشەسازییە.

لەژێر سەركردایەتی ئەودا، مدترۆنیك بووە خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرهەم لە مێژووی كۆمپانیاكە، و لیستێكی دوورودرێژ لە داهێنانەكان پێشكەش دەكات كە لێوەی ژیانی زۆرێك لە نەخۆشەكان لە ناوچە جیاجیاكانی جیهاندا باشتردەكات، و یاریدەدەری سیستمی چاودێری تەندروستیش دەبێت، تا زیاتر كارامە بێت.

لەگەڵ ئەوەی لە بەنگلادیش گەورە بووە، میشراق زۆر ئارەزووی لە تێكەڵبوون و هەمەڕەنگی بوو، بەجۆرێك كە تۆڕەكانی هەمەجۆری لە مدترۆنیك دامەزراند، و لەماوەی كاركرنیدا خەڵاتی ڕێزلێنان درا بە كۆمپانیاكە لەبەرانبەر پابەندبوونی بە پتەوكردنی متمانەی هەمەلایەنە و هەمەجۆری، لە ساڵی 2020 كۆمپانیاكە خەڵاتی كاتالیستی دەركەوتووی بەدەستهێنا كە دەدرێت بەو كۆمپانیایانەی سەركردایەتی گۆڕانكاریی جیهانی دەكەن، لەڕێی بنیاتنانی ئەو شوێنكارانەی بۆ ژنان دەگونجێن.

لە مانگی كانوونی دووەمی ڕابردوو، عومەر وەك سەرۆكی سەربەخۆی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای (ئینتڵ) دەستنیشانكرا كە كۆمپانیایەكی تەكنیكی جیهانی پێشەنگە لە پیشەسازییەكانی هاوشێوە گەیاندنەكان كە داهاتی ساڵانەی لە ساڵی دارایی 2019-2020 گەیشتە 72 ملیار دۆلار. ئەو لە ئاداری 2017وەوەك ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی كاری تێدا كردووە.

عومەر بەر لەوەی بچێتە پاڵ كۆمپانیای مدترۆنیك، سەرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای “جینراڵ ئیلكتریك” بوو، چەندان ڕۆڵی تری بینیوە لەو كۆمپانیایە لەماوەی سەرۆكایەتیكردنی كە 16 ساڵ بەردەوام بوو، بە كاركردنیشی وەك جێگری یەكەمی سەرۆك.

لەكاتێكی پێشووتری كاریی پیشەییدا، عومەر میشراق 13 ساڵ ئەزمونی لە پەرەپێدانی تەنكنەلۆژی و بەڕێوەبردنی كارەكاندا هەبووە، پۆستی سەكردایەتی هەبووە لە Diasonics / Vingmed، و زۆرێك لە پۆستە ئەندازیارییەكان و پەرەپێدانی بەرهەمەكان لە Philips Ultrasound.

لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، كۆمپانیای “میدترۆنیك” بەرهەمەكانی خۆی زیاتركرد بۆ پڕكردنەوەی بازاڕ لە پێداویستییە پزیشكییەكان، بە تایبەت لەگەڵ زیادبوونی داواكاریی لەسەریان بەشێوەیەكی ڕۆژانە لەسایەی ئەم تەنگژەیەی لەئێستادا دروستبووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كەرەنتینە، كێشە خێزانییەكانی لە جیهان بەرەو هەڵكشان بردووە


خەڵك – تەنیا هەورامی

 

كەرەنتینەكردنی خێزانەكان لە ماڵەكانیان كێشە ناوخۆییەكانی نێو خێزانەكانی زیاتر كردووە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕاوێژكاری ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان لە سەردەمی كەرەنتینە كە بۆ ڕاوێژكارەكانمان دەكرێت زۆر زیادی كردووە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە ئاماری كێشە و جیاوازییە خێزانییەكان لە زیادبووندایە.

ماڵپەڕی (ئەلعەرەبیە) بڵاویكرەوە، بەپێی زانیارییەكان بەشێك لە كێشەكانی خێزان لە سەردەمی كەرەنتینەدا، دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی پاكوخاوێنی بەتایبەت ئەوكاتانەی یەكێك لە ئەندامانی خێزان دەچێتە دەرەوە، بەشێوەیەك یەكێك لە هاوسەرەكان هەستیاری هەیە لە بەرانبەر دەستشتن و دەستلێدانی هەر شتێك لە ماڵەكەدا و گرنگی بە بابەتە تەندروستییەكان نادات.

بەشێك لە هاووڵاتیان پێیان وابوو، كەرەنتینە دەبێتە هۆی زیاتر بوونی خۆشەویستی لەنێوان خێزانەكان بەهۆی ئەوەی زۆرترین كات پێكەوە دەمێننەوە، بەڵام پێیانوایە كە ئەوان هەڵە بوون و بەوشێوەیە دەرنەچووە.

ئەو هاووڵاتیانە پێشیان وابووە دوای تەواوبوونی كەرەنتینە ئاماری منداڵانی لەدایك بوو زیاتر دەبێت، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كێشەو جیابوونەوەكان زیاتر دەبن.

ئەمەش لەكاتێكدایە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەرەنتینەی گشتیان ڕاگەیاندووە و جگە لە دەزگا خزمەتگوزارییەكان سەرجەم فەرمانگەكان بە پڕۆسەی خوێندنەوە ڕاگیراون.

لەلایەكیتریشەوە ئاژانسی سپوتنیك بڵاویكردەوە، ڕۆژ شەممەی ڕابردوو پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاندووە كەسێك بە تۆمەتی كوشتن لە شاری كومبران دەستگیر كراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ژنێكی 67 ساڵ كە كارمەندی چێشتخانە بووە بە بێهۆشی لە ماڵەكەی دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، بەڵام بەهۆی ئەو لێدانەی بەر سەری كەوتبوو گیانی لەدەستدا.

ئینتونی ویلیماسی تەمەن 69 ساڵ كە هاوسەری ئەو ژنەیە و زیاتر لە 45 ساڵە هاوسەری یەكترن، بە تۆمەتی كوشتنی هاوسەرەكەی لە ڕۆژی پێنجەمی كەرەنتینەكردنیان دەستگیر كرا.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەكان، ئەم دوو هاوسەرە زۆر بەوەفا بوون لەبەرانبەر یەكتر و گومانیان هەیە لە ڕووداوێكی لەوشێوەیە، بەڵام هاووڵاتیان لەمكاتانەدا لە ترسێكی زۆردا كات دەبەنەسەر.

لای خۆشییەوە ژیان عەبدوڵڵا كۆمەڵناس بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی پیاوان كەمترین كات لە ماڵەكانیان دەمێننەوە و ئێستا بەهۆی كەرەنتینەوە بە بەردەوامی لە ماڵەكانیانن، كێشەكانی زیاتر كردووە.

وتیشی”پیاوان زیاتر ئالودەی دەرەوەن و ئێستاش كە ناتوانن بڕۆنە دەرەوە فشارێكی دەروونیان لا دروست بووە و لەوانەیە نەتوانن زاڵ بن بەسەر خۆیاندا و بیكەنە كێشە لە ماڵەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەرچەندە ناكۆكی و كێشەی زۆر ڕوومان تێدەكەن و بە تەلەفۆن زۆرێكیان چارەسەر دەكەین، بەڵام ئومێد دەكەین دوای كەرەنتینە كێشە خێزانییەكان چارەسەر ببن و دادگاكان نەبنە شوێنی چارەسەركردنی كێشە خێزانییەكان.

ڕوونیشیكردەوە، دەبوو خێزانەكان ئەم كاتانەیان بە هەند وەربگرتایە و سەرقاڵی پەروەردەكردنی خۆیان و منداڵەكانیان بوونایە، نەك بەشێوەیەك سەرجەم وڵاتانی جیهان گیرۆدەی ئەم بابەتە بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان