ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

باشوورو سیستمی هاوسەرۆکایەتی!

هیوا سەید سەلیم

سیستەمی هاوسەرۆکایەتی مۆدیلێکی تازەی ئەو چەند ساڵەی دوایەی PKK و هێزە نزیکەکانیەتی لە شێوازی بەڕێوەبردنی  ئۆرگانە حزبی و رێکخراوەیی و تەنانەت ئیداریەکانیش.

ئەو مۆدیلە کە بیرۆکەکەی لەسەر یەکسانی جێندەری نێر و مێ دامەزراوە، واتا بەشداری هاوبەشی ژن و پیاو بەیەکەوە لەسەرجەم ئۆرگانەکان،  نەک تەنیا لە هەڕەمی حزبی.

بە مەبەستی  ئەوەی ئەو سیستەمە وەک مۆدیلێکی تازە لە تورکیا و باکووری کوردستان بسەپێنن،لەم هەڵبژاردنانەی دوایی،  پارتی دیموکراتی گەلان(HDP)، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەکان بۆ هەر پۆستێک دوو بەربژێری  کاندیددەکرد لە هەردوو رەگەز، لە هەر پۆستیکیش لەو پۆستانە سەردەکەوت، بە کرداری دوو کەس یەکیان ژن وئەوی دیکە پیاو دەچوونە ئەو پۆستە.

ئەگەرچی دەوڵەتی تورکیا هەر دان بە یەکەمیان دەنێت، وە مامەڵەی فەرمی لەگەڵ یەکیان دەکات، تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە دەیانخاتە زیندان، هەردووکیان بەیەکەوە دەخرێنە زیندان یان کە قەیومیان بەسەر دەسەپێت بەیەکەوە دووردەخرێنەوە.

لێردا تێدەگەین ئەو مۆدیلەی بەڕێوەبردن مۆدێلێکی فیکریە، نەک سازان و رازیکردن و بەشداری شکلی ژنان لە کایەکانی دەسەڵات.

دوای سەرهەڵدانی شۆڕش لە رۆژئاوای کوردستان و دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری لە رۆژئاوا ئەو سیستەمە گواسترایەوە ئەوێش، ئێستا لە رۆژاوا کار بەو سیستەمە دەکرێت، حزب دوو کەس بەڕێوەی دەبەن، ئیدارە دوو کەس بەرپرسیەتی بە هەمان شێوەش لە رێکخراوە مەدەنیکان رەنگدانەوەی هاوسەرۆکی نێر و مێ هەیە.

لێردا دەپرسین ئایا دەکڕێت هەمان سیستەم بگوازرێتەوە بۆ نێو پارتەکانی باشووری کوردستان؟ بە تایبەت کە ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای کۆنگرە ئەو سیستەمەیان پەسەند کردووە و لەمەودوا کار بە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دەکەن.

تێبینی دەکرێت کە لە باشوور زۆر جار سیستەمی هاوسەرۆکایەتی تێکەڵی سیستەمی دەستەی سەرۆکایەتی دەکرێت، ئەوەی ئێستا یەکیتیەکان بیری لێ دەکەنەوە دەستەی سەرۆکاتەتیە، نەک هاوسەرۆکایەتی، بۆیە واباشە هەر ناوی بنێن دەستەی سەرۆکایەتی لەبەر ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەیان پێدەدەین.

هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە سەرکردایەتی تازەی یەکیتی دوو کەس یان سێ کەس بن کە هەموویان لە رەگەزی نێر دەبن، کە ئەمەشیان ناکۆکە لەگەڵ فەلسەفەی هاوسەرۆکایەتی کە واتای یەکسانی جێندەری دەگەیەنێت.

ئەو هاوسەرۆکیەی کە یەکیتی بەنیازی دامەزراندنیەتی تەنیا بۆ هەڕەمی ئەنجوومەنە گشتیەکەیەتی، کە لە کۆنگرە متمانەیان پێدراوە، واتا شۆڕناکرێتەوە بۆ ئۆڕگانەکانی دیکە، ئەمەش جیاوازە لەگەڵ مۆدێلی باوی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کە شۆربۆتەوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکان.

بۆیە واباشە یەکێتی ئەو شێوازەی خۆیان ناو بنێت دەستەی سەرۆکایەتی، سیستمی دەستەی سەرۆکایەتی لە باشوور کە حزبی زەحمەتکێشان لە کۆنگرەی هەشتی خۆی کاری پێکرد دواتر لێی پەشیمان بووەوە.

بۆئێستای یەکێتی دەستەی سەرۆکایەتی باشترین بژاردەیە، دەستەیەک کە بۆ سازانی ناوەدەکانی بڕیار درووست دەکرێت، چونکە لەدەستەی سەرۆکایەتی مەرج نیە رەچاوی یەکسانی جێندەری بکرێت،  وەک ئەوەی لە هاوسەرۆکایەتی باوە.

ئەگەر دەشوترێت دوو کەس نابێتە دەسەتە،  کە بڕیارە مۆدێلەکەی یەکێتی دوو کەس بن، با دوو سەرۆک و جێگرێک بن بە دەسەڵاتی جیاوازەوە، ئەگەرنا حەق نیە ئەزموونی هاوسەرۆکایەتی بەبێ ئەو پرەنسیپانەی باس کران بەشیوازیکی ناتەواو کاری پێبکرێت و ئەو مۆدێلەش ناشیرین بکرێت.

 

 

ریکلام

وتار

بەرەوپێشبردنی پارێزگای هەڵەبجە

بەیار عومەر 

پارێزگای هەڵەبجە نازی بەسەر هەموو تاکێکی کوردەوە هەیە، کیمیابارانی هەڵەبجە خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی کوردا و دۆزی کوردی بە دنیا ناساند، بەڵام لە ڕوی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و وەبەرهێنانەوە لە ئاستی پێویستدا نیە و دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت.

پارێزگای هەڵەبجە بریتیە لە شاری هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ و بیارە و سیروان و بەمۆ، بە هەموو گوندەکانیانەوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٢٠ هەزار کەسە.

١- لە ڕوی گەشتوگوزارەوە:

دەریاچەی سیروان کە ١٥ کیلۆمەتر لە هەڵەبجەوە دوورە، یەکێکە لە شوێنە دڵڕفێنەکانی کوردستان، حکومەت دەتوانێت بەنداوێکی لەسەر دروستبکات چونکە تەنها لە بەهار و زستاندا ئاوی تێدایە و لە پایز و هاویندا وشک دەکات.

ئەم بەنداوە دەتوانێت ئاوەکەی گلبداتەوە و بیکات بە ناوچەیەکی گەشتیاری چواروەرزە. پاشان حکومەت دەتوانێت ڕێگە و ئاو و کارەبای بۆ ڕابکێشێت. هەروەها دەتوانێت هانی وەبەرهێنی ناوخۆیی و بیانی بدات پرۆژەی گەشتیاری لە کەناری ئاوی سیروان دروستبکەن، کە نەک هەر دەبێت بە شوێنێک بۆ کاتبەسەربردن بۆ خەلکی پارێزگای هەڵەبجە، بەڵکو هەزارەها گەشتیار لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان و عێراقەوە دەتوانن ڕویتێبکەن و سەرەنجام ئابوری هەڵەبجە و دەڤەری شارەزور ببوژێتەوە. هەروەها سود بە کەرتی کشتوکاڵیش دەگەیەنێت.

سەر بەنداوەکەش دەکرێت وەک پرد سودی لێببینرێت، کە دوری نێوان سلێمانی و هەڵەبجە بە ١٥ کیلۆمەتر کەمدەکاتەوە. لە حاڵەتی دروستکردنی ئەو بەنداوەدا، دوو ئاو دەریاچەی سیروان پڕدەکەن کە بریتین لە ئاوی تانجەرۆ و ئاوی زەڵم. هۆنراوەکەی پیرەمێردیش باسی ئەو دوو ئاوەکە دەکات وەختێک دەڵێت:

دوو ئاوانەکەی شوێن ماڵە گەورە
سەرەوخوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە
تۆ بە ڕوناکی وێنەی بلوری
ئاوی زیندەگی گشت شارەزووری

ئاوی دەربەندیخانیش ٧٥% ی لە ڕوباری سیروانەوە دێت کە سەرچاوەکەی لە ئێرانە و حکومەتی ئێرانیش دوو بەنداوی لەسەر دروستکردوە و لەلای پاوەوە ڕێڕەوەکەی گۆڕیوە و ئاوەکەی دەبات بۆ نزیک سەرپێڵی زەهاو. ئەمەش ئاوی دەربەندیخان بەرەو کزی دەبات. کەواتە دروستکردنی بەنداوی سیروان بۆتە زەرورەت، چونکە سەرچاوەکانی (دوو ئاوانەکە) لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندان و هیچ وڵاتێک ناتوانێت دەستکاریان بکات. لەو حاڵەتەدا دەریاچەی سیروان لە بری دەربەندیخان دەتوانێت ئاوی خواردنەوەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانیش دابینبکات.

هاوکات دروستکردنی ڕێگەیەکی ١٧کم لە هەڵەبجەوە بۆ سازان و بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی سازان یەکێکە لە ڕێگەچارەکان بۆ پەرەدان بە بواری بازرگانی و جوڵەی بازاڕ لە هەڵەبجەدا.

بەهۆی کیمیابارانەوە هەڵەبجە بۆتە ناوێکی نێودەوڵەتی. دەکرێت هاوشێوەی هێرۆشیما و ناکازاکی یابان، ساڵانە چەندین ڤیستیڤاڵ و کۆڕ و کۆنفرانس لە هەڵەبجە سازبکرێن لەبارەی مەترسیەکانی چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژەوە و لە وڵاتانی دنیاوە خەلک بانگبکرێن، کە هەم هەڵەبجە و نەهامەتیەکانی کورد زیاتر بە دنیا دەناسێنێت، هەم بەهۆی هاتنی چەندین وەفد و خەڵکەوە ئابوری هەڵەبجەش دەبوژێتەوە.

سەبارەت بە خورماڵیش، ئەوەی پێیدەڵێن گەڕاوەکەی خوڕماڵ و ئاوی گەرمی کانزایی هەیە و بۆ پێست باشە، دەکرێت چەندین پرۆژەی گەشتیاری و پزیشکی لێبکرێتەوە بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست ڕۆماتیزمە و ببێت بە شوێنێکی گەشتیاری پزیشکی.

لەم روەشەوە چەندین نمونە لە دنیادا هەن، یەکێک لەوانە شارێکە بە ناوی کارلۆڤی ڤاری (Karlovy Vary) لە وڵاتی چیک. بەهۆی بونی ئاوی کانزاییەوە ساڵانە هەزارەها گەشتیار ڕویتێدەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی شارەکەیان ڕازاندۆتەوە گەشتیار چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە و پارەی زیاتر خەرج دەکات، بەو هۆیەشەوە ئابوری شارەکە بوژاوەتەوە. بە هەمان شێوە ناوچەیەکیش هەیە لە تورکیادا بە ناوی پەموکالێ (Pamukkale). دەکرێت لە خورماڵ چەندین چارەسەرگا و سپا و هۆتێل و ڕیستۆرانت دروستبکرێن و بکرێن بە ناوچەیەکی گەشتیاری پزیشکی.

تەوێڵە و بیارە و ئەحمەدئاوا و شنروێ و ئاوێسەر و زەڵم و هاوار و عەبابەیلێ و وەزگێڵ و باوەکۆچەک لە جوانترین شوێنەکانی کوردستانن، دەکرێت حکومەت لە ڕوی ڕێگاوبان و ئاو و کارەباوە خزمەتی زیاتری ئەم ناوچانە بکات و دواتر هانی وەبەرهێنان بدات بۆ بنیاتنانی پرۆژەی گەشتیاری.

٢-لە ڕوی کشتوکاڵ و پیشەسازیەوە:

هەڵەبجە لە روی کشتوکاڵەوە خاوەنی زەویەکی بەپیتە لەسەر ئاستی جیهان. حکومەت دەتوانێت هانی دروستکردنی چەندین کارگە بدات کە بەروبومە کشتوکاڵیەکان بگۆڕن بۆ شەربەت و مرەبا و دۆشاو و ڕوبەهەنار و زەیتی زەیتون و سابون و چەندین بەرهەمی تر. واتە چەند کارگەیەک دروستبکرێن کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن (Agro-Industrial Plants). هەروەها گرنگە سایلۆیەک لە نزیک هەڵەبجە دروستبکرێت بۆ عەمبارکردنی گەنم و دانەوێڵە. هەروەها ساردخانە دروستبکرێت بۆ هەڵگرتنی میوەهات.

عەنەب بە توتن بەناوبانگە و دەکرێت حکومەت هانی جوتیارەکانی ناوچەکە بدات دەستبکەن بە بوژاندنەوەی کێڵگەکانی توتن و هانی وەبەرهێنەکان بدات کارگەیەکی گەورەی توتن و جگەرە لە نزیک عەنەب دروستبکەن. ڕاستە جگەرە کاڵایەکی زیانبەخشە، بەڵام مادەم هەر کڕیاری هەیە، واباشترە لە جوتیار و وەبەرهێنی کورد بکڕدرێت و سود و داهاتەکەی بۆ ناوخۆ بێت.

٣-لە ڕوی کەرتی نەوتەوە:
ناوچەی هەڵەبجە بلۆکی ژمارە ٥٦ ە و درابوو بە کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی. بەپێی مەزەندە یەدەگی نەوتی ئەم بلۆکە ٧٠٠ ملیۆن بەرمیلە. بەڵام بە هۆکارێکی نادیار لە سەردەمی ئاشتی هەورامیدا گازپرۆم ناوچەکەی بەجێهێشت.

ئەگەر لامەرکەزیەت پەیڕەوبکرێت و دەسەڵات و پارە بدرێتەوە بە پارێزگاکان، ئەوا هەڵەبجە بە پارەی نەوتەکەی خۆی دەتوانێت ئەو پرۆژانە جێبەجێبکات کە لە سەرەوە باسمان کرد و ببێت بە پارێزگایەکی دەوڵەمەند و نمونەیی لە کوردستان و عێراقیشدا. بەڵام ئەگەر وەک ئێستا دەسەڵات و داهات هەمووی لە پایتەخت و لە دەستی سەرۆکی حکومەتدا بێت، دۆخی پارێزگای هەڵەبجەش وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی ڕویتێناکات.

تێبینی: زۆر سودم لە زانیاریەکانی ئەندازیار کاک عومەر عینایەت وەرگرت، کە هەم زانیاریەکی زۆری لەسەر جوگرافیا و سروشتی ناوچەکە هەبوو  هەم زۆر خەمخۆر و دڵسۆزی هەڵەبجە بەتایبەتی و کوردستان بە گشتی بوو  هەروەها زۆر سودم لە زانیاریەکانی برایانی بەڕێزم کاک هادی حەمە ڕەشید و مامۆستا سادق شێخ عوسمان سازانی وەرگرت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

دیاردەی تاوانی دەست درێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان

پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

تاوانی قێزەونی دەستدرێژی کردنە سەر کچێکی تەمەن( ٧ )ساڵان لە هەولێری پایتەخت،وویژدانی هەموومانی بریندارکرد،سەبارەت بەو کەیسەی لە هەولێر روویداوە کە چەند تۆمەتبارێک( اغتصابی) كیژۆڵەیەکی تەمەن( ۷ )ساڵانیان کردوە و پاشانیش تۆمەتبارەکان بە کەفالەت ئازاد کراون،وەک باوکی دەڵێت بەهۆی ئەوەی حیزبێکی دەسەڵاتدار لەپشتیەتی،لە ئێستادا هەرەشەی کوشتن لەسەرخۆم و ئەندامانی خێزانەکەشم هەیە.

ئەگەر لە رووی یاساییەوە لەم کەیسە بڕوانیین ڕاستە خودی مادەی( ۳۹۳) کفالەی تێدایە ، بەڵام لەبەر ئەوەی لەم کەیسەدا سێ خاڵی سەرەکی تێدایە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی سزاکەی بە پێی فقرەی 2 بڕگەی ( أ و ج ) تۆمەتباران باری سزایی قورسیان بەسەردا دەسەپێندرێت و بەڵکو زۆر جار سەردەکێشێت بۆ اعدامیش ( وەک دەزانرێت سزای تاوانێکیش اعدام بێ کفالەی تێدا نیە ) ئەویش هەرسێ خاڵی وەک:

1- تاوان لەسەر کراو اغتصاب کراوە،تەمەنی تاوان لە سەرکراویش لە خوار ۱٨ ساڵەوەیە.

2-رفاندوویانە واتە(خطف) ماددە (421) لەیاسای سزادانی عێراقی(  ئەگەر مەبەست لە كردەوەکە بە دەستهێنان يان دەست درێژى كردنەسەر ناموسى تاوانلێكراو يان تولە سەندنەوە لێی يان لە كەسێكى تربو بێت

3-وە زیاد لە یەک کەسیش  تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بۆیە (تشدید)ی (عقوبە)یان بۆ دەکرێ و بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێ بە (کفالە)ت ئازادبکرێ ، بەڵکو دەبێ تۆمەتبار لە( توقیف )دا بمێنێتەوە تا رۆژی دادگایکردن و دەرچونی حوکم.

یاسای سزادانی عێراقی سزای یاسای دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ هەر کەسێک کە تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر بێت جا دەستدرێژی بێت یان بە خواستی خۆی بێت بە تاوان دادەنریت، ئەگەر بە دەستدرێژی بێت بە پێ مادەی ٣٩٣ لە یاسای سزا دانی غیراقی بەپێی ئاستی دەست درێژیەکە سزاکەی دیاری دەکرێت لە سالێک تا ١٥ ساڵ و هەتا زیندانی هەتا هەتای و وە لەسێدارە دانیش دەگەرێتەوە ئەگەر دەستدرێژی کوشتنی لێبکەوێتەوە”. وەسزای رفاندنیش واتە (خطف) ماددە (421) لەیاسای سزادانی عێراقی سزاكەى بريتيە لە بەند كردن كە لە ماوەى پانزدە سال زياتر نەبێت.(  ئەگەر مەبەست لە كردەوەکە بە دەستهێنان يان دەست درێژى كردنەسەر ناموسى تاوانلێكراو يان تولە سەندنەوە لێی يان لە كەسێكى تربو بێت.

ڕۆڵی یاسا لە تاوانی دەستدرێژی سێکسیدا ئەگەر تاوانەکە دوای ئەنجام دانی ببێتە کەیسێکی یاسایی، ئەوا یاسا زور بە وردی کاری لەسەر دەکات،ئەوانەی لەو تۆمەتە تۆمەتباردەبن بە کەفالەت ئازاد کردن نایانگرێتەوە، دادگاکان و رێکارە یاساییەکان لە دژیان دەبێت، وە سزای قورسە وردبینیشی تێدا قورسە، زور جار ئەو تاوانانە نابیتە ئامار کاری لەسەر بکرێت، بەڵام بەڕێژەیەکی زور لە هەلکشان دایە،زور جار ئەو منداڵانەی ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە لە لایەن خانەوانەدەیان کارەکە پەردە پوش دەبێت لەبەر زاڵ بونی دابو نەریت وە زور جاریش کە دەبێتە کەیسی یاسایی سوڵحی عەشایەری دەکرێت تەنازول لە مافی تاوان لێکراو دەکریت، بەڵام گرنگی ئەوەیە کە دەبێتە کەیسی یاسایی و تەنازول بکرێت و نەکرێت تاوانبار هەر سزا دەدریت لە بەر ئەوەی مافی گشتی تێدایە.بۆیە دەبێت لەم کەیسەدا داواکاری گشتی بەڕۆڵی خۆی هەستێ و هەم ببێتە سکاڵاکار لەلایەک و هەم چاودێر لەسەر بەڕێوەچوونی دادبینیەکە.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

دیموکراسی راسته‌وخۆ له‌شه‌قامه‌وه

د.محەمەد ئەمین

به‌ماناکه‌ی دیموکراسی واته‌ ده‌ سه‌ڵاتی خه‌لک، وه‌ له‌ بواری کرداریدا مادام دەسه‌ڵات هی خه‌ڵک بێ، ئه‌ بێ خه‌ڵکیش بریاربدات له‌ سه‌ر سه‌رنه‌ویشتی ژیانی خۆی، وه‌ داهاتووه‌ی خۆی له‌ هەموو روویه‌که‌وه‌. له‌گه‌ل ده‌ست پێکردنی سه‌رده‌می ریسانس له سه‌ دده‌ی ١٤ له‌ رۆژئاوا له‌ بواری فه‌رهەنگی، زانستی، فکری وه‌ فه‌لسه‌فی، ئه‌مجار دروست بوونی جوڵانه‌وه‌ی فکری سیاسی وه‌ چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی شۆڕشی پیشه‌سازی وه‌ده‌ورانی رۆشه‌نگه‌ری به‌رهەم هێنا، که‌ ئه‌مه‌ش له‌ خۆیا جوڵانه‌وه‌ی کرێکاری و چینایه‌تی وه‌ وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی لێ که‌وته‌وه‌.

له‌ گه‌ڵ شۆرشی پیشه‌سازی گۆڕانکاری گه‌وره له‌ بواری چینایه‌تی دروست بوو، له وانه‌ دروست بوون و به‌هێز بوونی چینی بۆرژوازی شاری و چینی کرێکار، که‌ شێلگیرانه‌ له‌ خه‌باتی سه‌ختا بوون بۆ گۆڕانکاری ریشه‌یی له‌ بواری سسته‌می سیاسی، ئابووری وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی، هەر ئه‌م خه‌باته‌ شێلگیرانه‌ی چینی بۆرژوە، کرێکار وه‌ برسیه‌کان بوون، که‌ بووه‌ هۆی دروست بوونی شۆرشه‌کانی بۆرژوا وه‌ جوڵانه‌وه‌ی چاکسازی له‌ ههموو ئه‌وروپا،‌ بووه‌ هۆی په‌یدا بوونی پارتی سیاسی، وه‌ هه‌رچینیک پارتیکی سیاسی خۆی دروه‌ست کرد تا ره‌نگ دا‌نه‌وه‌ی دنیابینی خۆی بێ بۆ پاریزگاری له‌ بوون و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی. شۆرش و شه‌پۆله‌کانی چاکسازی له‌ رۆژئاوا بوه‌ هۆی گۆڕانی سسته‌می سیاسی له‌ پاشایەتی تاکره‌وییه‌وه‌ بۆ سسته‌می دیموکراسی پارله‌مانی، که‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه یه.

یه‌کترقبوڵ کردن، ئازادی بیروڕا، ئازادی تاکی وه‌ به‌شداری تاک له‌ بریاردان له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدان له‌ سه‌ر ئاستی دامه‌زراوه‌ ده‌وله‌تیه‌کان له‌ گه‌ڵ مافی خاوه‌نداریه‌تی بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی دیموکراسی رۆژئاوان، هەروه‌ها چه‌مکی ده‌وڵه‌ تی خۆشگووزاران / Welfare state بۆ سسته‌ می دیموکراسسی زیاد کرا، چونکه‌ دیموکراسی بێ دادی کۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێ به‌رده‌وام وپایه‌ داربێ، وه‌ هیچ که‌سێ ناتوانێ ته‌نها به‌ ئازادی قسه‌کردن بژی، ئه‌گه‌ر لایه‌نی هەره‌که‌می ژیانێکی شه‌ره‌ف مه‌ندانه‌ی بۆ فه‌راهەم نه‌کرێ. یه‌که‌مجارله‌ ئیمپراتۆری ئه‌ ڵمان (۱۸۷۱-۱٨۸٨) باس له‌ده‌وڵه‌تی خۆشگوزاران کرا.‌ هەروه ها له‌ ساڵی ١٨٨٩ بۆ یه‌کەمجاریش باس له‌ ئاسایشی کۆمەڵایه‌تی/ Social security کرا. ‌ له‌ سه‌دده‌ی بیستا که‌م یا زۆر ده‌وڵه‌تی خۆشگوزاران بوو به‌ ناسنامه‌ی سسته‌می سیاسی له‌ ئه‌وره‌پای رۆژئاوا، وه‌ ئاسایشی کۆمه‌ڵایاتی، که‌ له‌ به‌ خۆرایی خزمه‌ت گوزاری ته‌ن دروستی وه‌ خوێندن و فیرکردن له‌ هه مووقۆناغه‌کانی خوێندن تا زانکۆش له‌ گه‌ل هاوکاری دارایی له‌کاتی بێکاریا به‌رچه‌سته‌ ئه‌بێ، بوو به‌ میکانیزمی ده‌وڵه‌تی خۆشگوزاران. ئه‌م دادی کۆمه‌ڵایه‌ تیه‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی رێژه‌یی، که‌ تا ئێستا له‌ ئه‌وره‌پا هه یه. جگه‌ له‌ ره‌هەنده‌ سیاسیه‌که‌ی ره‌هەندی فه‌رهه نگی، شارستانی، مێژووویسشی وه‌ تا ئاینیشی هەیه. بۆ نمونه‌ بوونی رێکخراوه‌ خێرخوازیه‌کان له‌ وه‌لاتانی ئه‌وروو‌پا، مێژویه‌کی درێژی هەیه.‌ به‌ڵام له‌ سه‌دده‌ی بیسته‌ما له‌ به‌ر گه‌لی هۆکاڕ، که‌ باسی بابه‌تی ئێستامان نیه،‌ ره‌هەندێکی سیاسی وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ رگرت. به‌هه رحاڵ هۆکار ههرچیه‌ک بێت، ئه‌وه‌ی ڕاستیه‌ ئه‌مه‌یه،‌ که‌ تا ئێستاش یاسای ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسکرا، نه‌ک هەر خه‌لکی ئه‌وره‌پی لێی سودمه‌ند بووه،‌ به‌ڵکوو به‌ ده‌یان ملیونان خه‌ڵکی تریش تریش ‌له‌ده‌ره‌وە هاتوون لێی سودمه‌ند بوون.

سۆسیال دیموکراته‌کان، که‌ خۆیان به‌ پارێزه‌ری ده‌وڵه‌تی خۆشگوزاران ئه‌زانن له‌ رۆژئاوا، وه‌ له‌م ڕێگه‌وه‌ رۆڵی سه‌ره‌کیان بینی له‌ سنوردارکردنی گه‌ شه‌ی جوڵانه‌وه‌ی سۆسیالیستی و کۆمه‌نیستی رادیکاڵانه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، به‌ڵام دوای رمانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت وه‌ ره‌واج بوونی ئابووری لیبرالی له‌ ریگه‌ی بازاری ئازاد، به‌رده‌وامی ده‌وڵه‌تی خۆش گوزاران که‌وتۆته‌ ژێر پرسیار به‌ تایبه‌ت له‌کاتی ئێستادا که‌ رۆڵی ده‌وڵه‌ت که‌مترو که‌مترئه‌بێت/ وه‌ که‌م ئه‌کرێته‌وه‌ له‌ ئابووریدا به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌ن پارته‌ لیبراله‌ کانه‌وه‌. له‌ کۆتایی سادده‌ی ١٩ وه‌ له‌ سه‌ دده‌ ی ٢٠بزاڤی دیموکراسی وه‌ دادخوازی گه‌شه‌یه‌کی مێژوویی بێ وێنه‌یان به‌ خۆوه‌ بینی، که‌ له‌ هەموو مێژووی مرۆڤایه‌نی وێنه‌ ی نه‌بوو. به‌ڵام له‌ هەمان کاتا دیموکراسی پهڕ‌له‌مانی وه‌ ده‌ وڵه‌تی خۆشگوزاران، چاره‌ی هەمووگرفته‌کانیان نه‌کرد وه‌ ناکه‌ن. نمونه‌ش قه‌ یرانه‌ گه‌وه‌ره‌کەی ساڵانی ٣٠ ه‌ کانی سه‌دده‌ی رابردوو، وه‌ هەروه‌ها بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاران له‌ ساڵانی٦٠ ه‌کان دژی ده‌سه‌ڵات، وه‌ هه روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی ئافره‌تان له‌ ٦٠ه‌ کان و٧٠ کانی سادده‌ ی رابردوو.

به‌هۆی گۆڕانکاری له‌ سسته‌می سیاسی و ئا بووری، وه‌هەروه‌ها له‌ جیۆستراتیجی، وه‌ جیۆسیاسی له‌ سه‌رئاستی جیهانی له‌ م ٢٠- ٣٠ ساڵه‌ی دوایدا گۆڕانکاری له‌ سه‌ڕ ره‌وشی دیمۆکراسی وه‌ دادخوازیدا کردووه‌، به‌ جۆری، که‌ ورده‌ ورده‌ په‌ڕله‌مانه‌کان وه‌ نوینه‌رانی خه‌لک له‌ په‌ڕڵه‌مان بێ ده‌سه‌ڵات تر و ده‌سته‌وه‌ستان تر ئه‌بن له‌مه‌ڕ چاره‌ی گرفته‌کان. وه‌ له‌ به‌رگه‌ڵیک هۆکار نوینه‌ران له‌په‌ڕڵه‌مان ناتوانن ئه‌وه‌ی خه‌ڵک راسپارده‌ی بۆکردوون به‌ ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن. هه ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌، که‌ خه‌لک بێ هیوا ئه‌بێ له‌ کاریی بریکاران، ناچار خۆیان دێنه‌ شه‌قام. نمونه‌ی تازەش بۆ ئه‌مه‌ بزوه‌تنه‌وه‌ی ئێلک زه‌رده‌کانی فه‌ره‌نسا وه‌ ئێستا له‌ لوبنان و عێراق. که‌ به‌ دلنیایی سبه‌ی نه‌ک هه ر له‌ شوێنێ تر به‌ڵکو زۆر شوێنی تریش هەمان ڕه‌وشی عێڕاق و لوبنان دوباره‌ ئه‌بێته‌وه‌. واته‌ نوینه‌ران له‌ په‌ڕله‌ماناکان ته‌نها وه‌ک بریکاری ده‌نگده‌ران کار ئه‌که‌ن، تا ئه‌گه‌ر باشترین نوینه‌ریش بن، ئه‌مجارە ناتوانن نوینه‌رایه‌تی هەموو خواست و ئاره‌زوه‌کانی ده‌نگده‌ران بکه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی  که‌ نه‌که‌ونه‌ ژیر کاریگه‌ری لۆبی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ جۆراو جۆره‌کانه‌وه‌.  دیمۆکراسی ناراسته‌وخۆ له‌ بریاردانا له‌ ڕێگه‌ی بریاکاره‌کانه‌وه‌،/ نوینه‌رانی په‌ڕله‌مان له‌ دابه‌زینی به‌رده‌وامی متمانه‌ دایه‌ به‌هۆی سه‌رگه‌رمی هەندێ، وه‌ له‌ هەندێ شوێن زۆربه‌ی بریاکاره‌کان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و تێوه‌ گلانیان له‌ لۆب بازی، وه‌ له‌ بیرکردنی ئه‌م په‌یامه‌ی، که‌ پێ راسپێراون. هەر له‌ به‌ر ئه‌مه‌شه‌ له‌ هه موو شوێنێ له‌دنیا ئه‌م وته‌یه‌ ئه‌وترێته‌وه‌: سیاسیه‌کان راست ناکه‌ن. له‌ هەر شوێنێ بریاکاره‌کان، به‌ ناویی نوێنه‌رانی خه‌لک له‌ په‌ڕلامان نه توانن به‌ ئه‌رکی خۆیان هه لسن، به‌ پیاده‌کردنی بنه‌مه‌کانی دیموکراسی که‌ بریتیه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بۆ گه‌ل و برایار له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌. ئه‌وا گه‌ل راسته‌وخۆ له‌ شه‌قامه‌وه‌ داوای پیاداکردنی بنه‌ماکانی دیموکراسی ئه‌کات هەروه‌ک ئێستا له‌ گۆره‌پانه‌کانی شاره‌کانی عێراق و لوبنان ئه‌بینرێ، که‌ ئه‌بێ ده‌سه‌لات بۆ گه‌ل بێ وه‌ بریار له‌ گه‌له‌وه‌ بێ، له‌سه‌ر هەموولایه‌نه‌ چاره‌نوس سازه‌کانی ئێستاو داهاتوو، تا ێاسایش به‌هەموو ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه‌ بۆ وڵات و گه‌ل فه‌رراهه‌م بێ.

 

له‌م کاتاندا که‌ شه‌قام ئه‌بێته‌ بریارده‌ر، ئه‌وا ده‌سه‌ڵات ٢ ڕێگه‌ی له‌ به‌رده‌مه‌ بۆ مامڵه‌کردن، یان ئه‌وه‌تا مل که‌چی بریاره‌کانی شه‌قام بێ، وه‌ ئامادەی گواستنه‌وه‌ و راده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات ‌بێ به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه‌ وه‌ له‌ شه‌ قامه‌وه‌ حکومه‌ت دروست ‌بێ، یان ئه‌وه‌تا دژی داخوازی دیموکراسی راسته‌وخۆی شه‌قام ئه‌وه‌ستێته‌وه‌. له‌ ره‌وشی  حاڵه‌تی دووه‌ما واته‌، که‌ ده‌سه‌ڵات دژی شه‌ قام بوه‌ستێته‌وه‌ به‌هەمان جۆر دوو ره‌وش دروست ئه‌بێ/ یا ئه وه‌تا له‌ شه‌قامه‌وه‌ شۆڕش دروست ئه‌بێ یان شه‌ڕی ناوخۆ به‌ تایبه‌تی له‌ وه‌ڵاتانی جهانی سێ یەم ، وه‌ به‌تایبه‌ت تریش وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، که‌ دامه‌زراوه‌ی دیموکراسی وه‌ ده‌وله‌تی یا هه‌ر نیه‌ یا لاوازه‌. به‌هه ر حاڵ، بۆ ره‌وشی ئێستای عێڕاق/ عێڕاق به‌ره‌و ئاراسته‌ی ره‌وش/حاڵه‌تی دووه‌مان ئه‌ڕوات یاشۆرش یا شه‌ڕی ناوخۆ مه‌گه‌ر معجزه‌یه‌ک ئاراسته‌که‌ بگۆڕی.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان