ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

“زیاتر لە 15 پەرلەمانتار و بەرپرسی حكومەت سەرقاڵی خوێندنن بێ وەرگرتنی مۆڵەت”


خەڵك- بەشی هەواڵ
ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵای حكومەت و قائیمقام و راوێژكار لە سەرۆكایەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی لەماوەی چەند ساڵی رابردودا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی خوێندنی باڵا (ماستەرو دكتۆرا) و بەكالۆریۆس بون، وەزارەتی خوێدنی باڵاش رایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەك ئەوانەی مۆڵەتیان وەرنەگرتوە هەمواركردنەوەی بڕوانامەیان بۆ ئەنجام نادرێت.

لە پەڕلەمانی كوردستان، پەڕلەمانتاری زۆرینەی فراكسیۆنە جیاوازەكان لەئێستادا سەرقاڵی خوێندنی دكتۆرا و ماستەر و بەكالۆریۆس-ن، هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانن و هیچ مۆڵەتێكی خوێندنیان وەرنەگرتوە.

بەپێی ڕاپۆرتێك، كە (خەندان) بڵاویكردۆتەوە، زیاتر لە 15 پەڕلەمانتاری كوردستان سەرقاڵی خوێندنی باڵان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی زانكۆكان و وەزارەتەكان و ڕاوێژكار لە سەرۆكایەتی هەرێمیش بەهەمان شێوە سەرقاڵی پڕۆسەی خوێدنن.

لەماوەی چەند رۆژی رابردودا، ئومێد خۆشناو، پەڕلەمانتاری پارتی لە وڵاتی قوبرس بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێنا، وەك خۆشی دەڵێت: “سوودی لە پشووەكان بینیوە و بەهیچ شێوەیەك مۆڵەتی خوێندنی نەكردوە.”

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی كوردستان لەبارەی وەرگرتنی مۆڵەت لەلایەن ئەو ئەندامانەی پەڕلەمانی كوردستان وتویەتی، “هەتا ئێستا هیچ پەڕلەمانتارێك، كە ژمارەیان زیاترە لە 15 پەرلەمانتار و نزیك دەبێتەوە لە 25 پەڕلەمانتار نەهاتوون داوای مۆڵەتی خوێندن بكەن لە سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان”.

ئەو سەرچاوەیە، كە شارەزای كاروباری یاساییە وتیشی، “خوێندنی ماستەر پێویستی بە مۆڵەتی خۆتەرخانكردن هەیە، بەو شێوەیەش دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەو پەرلەمانتارانە مۆڵەت وەربگرن و خۆیان بۆ خوێندنەكەیان تەرخان بكەن، ئەگەر نا دواتر بڕوانامەكانیان بۆ هەژمار ناكرێت، بەڵام هەتاكو ئێستا ئەو پەرلەمانتارانە داوای مۆڵەتیان لە سەرۆكایەتی پەڕلەمان نەكردوە”.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە ماوەی ڕابردوودا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەرپرسی باڵا هەیە لە دەرەوەی وڵات سەرقاڵی خوێندنی باڵای دكتۆرا و ماستەر بووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك مۆڵەتی خوێندنی لە سەرۆكایەتی هەرێم وەرنەگرتوە.

وەك ماڵپەڕی (خەندان) دەڵێت: “لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاوێژكار و قائیمقام هەیە، لەئێستادا سەرقاڵی خوێندنە لە وڵاتی ئێران، بەڵام مۆڵەتی خوێندنی وەرنەگرتوە و ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی و شەممە، دەچێتە ئێران و دواتر دەگەڕێتەوە و لە ڕۆژانی دیكەدا دەوامی حكومی دەكات و هەندێك لەو بەرپرسانەی حكومەت، كە پلەی بەڕێوەبەریان هەیە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی خوێندنیان وەرنەگرتوە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی ئەو زانكۆیانە دەوامی لێدەكەن یارمەتی دەدرێن و وەك پێویست دەوام ناكەن”.

لای خۆشیەوە، ئومێد خۆشناو، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان وتوویەتی، “من لەو كاتەدا كە دەمخوێند لە دەرەوەی وڵات ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بووم، خوێندنی باڵاش وەكو بەكالۆریۆس نییە، كە دەبێت هەموو ڕۆژێك دەوام بكەیت، گونجاندن بووە لەگەڵ كاتی پشووەكانی خۆم و ڕۆژانی پشوو كە (پێنج شەممە و هەینی و شەممان) بوو هیچ مۆڵەتێكم نەكردوە، چونكە دەوامی پەڕلەمان وەكو فەرمانبەر نییە، سوود وەرگرتن بووە لە پشووەكان، بۆیە درەنگیش تەواوبووم”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “من لە زانكۆی نێرێس لە وڵاتی قوبرس خوێندومە، ئەمساڵ توێژینەوەكەم وەرگرتۆتەوە، ئەو زانكۆیەی، كە لێیم خوێندوە باوەڕپێكراو بووە لە هەرێمی كوردستان و منیش بە شێوە یاساییەكەی لەوێ خوێندنم پێشكەشكرد و وەرگیرام”.

سەبارەت بەوەی بەرنامەی هەیە لە داهاتوو داوای گۆڕینی بڕوانامەكەی بكات لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی بتوانێت وانە بڵێتەوە لە زانكۆكانی كوردستان وتی، “هێشتا ئەوە نازانم، بەڵام تەنها من نیم، كە پەڕلەمانتار بووم و خوێندومە، دكتۆرای تێدایە، ماستەری تێدایە، بەكالۆریۆسی تێدایە”.

هاوكات لەماوەی ڕابردوشدا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا هەبوە لە وڵاتی ئێران خوێندنی ماستەری تەواوكردوە هاوكات سەرۆك شارەوانی و چەندین بەرپرسی باڵای دیكەی حكومی هەبووە كە مۆڵەتی خوێندنیان وەرنەگرتوە و لە زانكۆكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان خوێندنی ماستەریان خوێندوە.

د.جوان جەلال شەریف، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی، “ئەوانەی بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بۆ سەرەوە (بریكاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، وەزیر، ئەندامی پەڕلەمان، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان) ئەگەر هاتوو چون بۆ خوێندن بەبێ مۆڵەت، لەكاتێكدا خۆیان هەر مۆڵەتیان پێ نادرێت، بەڵام ئەگەر بەبێ مۆڵەت خوێندیان بەهیچ شێوەیەك یەكسانكردنی بڕوانامەیان بۆ ئەنجام نادرێت”.

وتیشی، “ئەگەر هاتوو یەكێك لەوانە ئەگەر لە پڕۆسەی خوێندندا بێت و لەو كاتەدا هەڵببژێردرێت بۆ ئەندامی پەڕلەمان یاخود ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، دەبێت یەكێك لەوانە هەڵبژێرێت، دەتوانێت خوێندنەكەی دوابخات تاكو ئەو كاتەی كاری پەڕلەمانتارییەكەی تەواو دەكات، یاخود بەڕێوەبەری گشتی بێت یان وەزیر یان بریكاری وەزیر، دەبێت خوێندنەكەی بەجێبهێڵێت، ئەگەرنا دواتر یەكسانكردنی بڕوانامەی بۆ ناكرێت “.

ڕوونیشیكردەوە، “دەرگای خوێندن كراوەیە و هەموو كەسێك ئازادە پڕۆسەی خوێندن لە دەرەوەی وڵات ئەنجامبدات، بەڵام هیچ یەكێك لە ئەندامانی پەڕلەمان نەهاتووە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی یەكسانكردنی بڕوانامەیان بۆ بكرێت، چونكە پڕۆسەی یەكسانكردنی بڕوانامەیان بۆ ئەنجام نادرێت، لەداهاتووش ئەگەر بێتو بیانەوێت ببنە مامۆستا داوای مۆڵەتی خوێندنی لێدەكەین، دەبێت پێش ئەوەی ببێتە پەڕلەمانتار لە كوێ فەرمانبەر بووە مۆڵەتی ئەو شوێنە بهێنێت، یاخود دەبوو پەڕلەمانی كوردستان ڕەزامەندی بۆ بكردایە”.

سەبارەت بەو كەسانەی سەرقاڵی خوێندنی دكتۆران لە زانكۆكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا بەشێك لە خوێندنەكەیان لەدەرەوە وڵات ئەنجام دەدەن و بەشێكی دیكەی دەهێننەوە هەرێمی كوردستان وتی، “ئەو كەسانە ئەگەر مۆڵەتی خوێندنیان هەبێت ئەوە قسەیەكی دیكەیە، ئەگەر مۆڵەتی خوێندنیان نەبێت، ئەو كاتە یەكسانكردنی بڕوانامەیان بۆ ئەنجام نادرێت، ئەو كەسانەشی دەچن لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن و دەگەڕێنەوە لێرە توێژینەوەكانیان ئەنجام دەدەن، دەبێت لەماوەی ئەو دوو ساڵەی دەخوێنن، نابێت لە سێ مانگ زیاتر لێرە بن ئەوەش بە ڕەزامەندی وەزارەت دەبێت ببێت. ئەوانەشی دكتۆرا دەخوێنن لە دەرەوەی وڵات دەبێت دابڕانی تەواوەتی بكەن لە دەوامەكەیان، ئەگەر لەناوخۆش بخوێنن دەبێت ساڵی یەكەم دابڕانی تەواوەتی بكات و ساڵی دووەم كە سەرقاڵی توێژینەوەكەیەتی، دەبێت (تەفەروخ جوئزی) بكات”.

زۆرن ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان خەون و ئامانجیان تەواوكردنی خوێندنی باڵای ماستەر و دكتۆرایە لە زانكۆكانی ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام بەهۆی خراپی باری ئابورییان نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندنەكەیان بدەن، ئێستاش بە ناچاری هەندێك لەوانە كرێكاری دەكەن و هەندێكی دیكەیان لە چاوەڕوانی حكومەتدان بۆ ئەوەی دابمەزرێن.

زۆرن ئەوانەی كەسانی سادەی ناو كۆمەڵگەن و سەرەڕای تەواوكردنی خوێندنی ماستەر بەڵام هەتاكو ئێستا نەیانتوانیوە لە یەكێك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وانەبڵێنەوە و هەم بژێوی ژیانیان دابین بكەن، هەمیش ئەو زانست و زانیارییەی هەیانە بیگەیەننە نەوەی نوێی ئەم هەرێمە.

لای خۆیەوە، كاروان ئیبراهیم، ڕۆژنامەنوس و یەكێك لەوانەی لە دەرەوەی وڵات خوێندویەتی ڕاگەیاند، “من فەرمانبەری شارستانیم لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان/ سلێمانی، مۆڵەتی بێ‌ مووچەم كرد بۆ ماوەی دوو ساڵ لە (7/8/2014 تا 7/8/2016) لەو ماوەیەدا لەسەر گیرفانی خۆم چومە وڵاتی هندستان بۆ خوێندن و بڕوانامەی ماستەرم بەدەستهێنا لە بواری ڕاگەیاندن، كە هەر پسپۆڕییەكەی خۆمە.”

وتیشی، “من هەشت مانگ پێش دەرچونی بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (28) لە (5/4/2015) مۆڵەتی بێ‌ مووچەم كردوە، بڕیارەكە دەڵێت: لەو بەروارە بەدواوە مۆڵەتی بێ‌ مووچە پەسەندكردنی بڕوانامەی بۆ ناكرێت، بەڵام ئەوانەی پێش ئەو بەروارە مۆڵەتی بێ‌ مووچەیان كردوە و بەكاریانهێناوە بۆ خوێندن، پەسەندكردنی بڕوانامەیان بۆ دەكرێت. ”

سەبارەت بە هاوتاكردنی بڕوانامەكەی وتی، “تا ئێستا هاوتاكردنی بڕوانامە بۆ من نەكراوە و هیچ حسابێك بۆ بڕوانامەكەم نەكراوە، لە كاتێكدا ڕەنجێكی زۆرم كێشا و بە هەژاری خوێندم و ویستم لە ڕێگەی خوێندن و فێربونی زمانەوە، خزمەتی زیاتری كوردستان بكەم. هەروەها خەڵكم لەگەڵ بوو ئەویش مۆڵەتی بێ مووچەی كردبو وەك من، بڕوانامەكەی هاوتا كراوە.”

ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیا

چۆن لەماوەى کەرەنتینەدا ئۆتۆمبێلەکانمان بپارێزین


خەڵک – نزار جەزا

بەهۆی قەدەغەى هاتوچۆوە نزیکی ملیۆنێک  ٧٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لەهەرێمی کوردستان ڕاگیراون، ئەمەش لەهەندێک حاڵەتدا زیان بەپارچە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێل دەگەیەنێت، بۆئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەی پاراستنی ئۆتۆمبێلەکان لەم جۆرە حاڵەتانەدا وەربگرن (خەڵک) گفتوگۆی لەگەڵ شارەزایەکی بواری ئۆتۆمبێل ئەنجامدا و زانیاری نوێ و ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەکان دەخاتەڕوو.

 

  چۆن تایەکانمان بپارێزین؟

مام فایەق بەڕێوەبەری سەنتەری خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێلی مان فلتەر بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، کاتێک ئۆتۆمبێل بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ نمونە ماوەى مانگێک لەشوێنیک ڕاگیرا، ئەو بەشەی لەسەر زەوییە تایەکانی دەقوپێت وسیمەکانى ناوی دەقدەگرێت، بەتایبەت ئەگەر هەوای کەمبێت، بۆیە پێویستە پێنج ڕۆژ جارێک شوێنی تایەکانی بگۆڕدرێت یان کەمێک ئۆتۆمبێلەکە بجوڵێنرێت، لەلایەکی دیکەوە چاودێری هەواکەی بکرێت، ئەگەر هەوای کەمکرد، پێویستە تاکو ٤٠ یان ٤٥ هەوای تێبکرێت.

 

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەگەریش لەحاڵەتێکدا ئۆتۆمبێلەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر نەجوڵێنرا، پێویستە ئۆتۆمبیلەکە بەرزبکرێتەوە ئەگەر سێپا هەبوو با ئۆتۆمبێلەکە بکرێتە سەر سێپا، ئەگەریش سێپا نەبوو بخرێتە سەر بلۆک، بەڵام بلۆکەکە لەژێر تەبەڵەکان بێت، بەجۆرێک تایەکان وەک ئەوەبن کە لەسەر زەوییە، نەک ئۆتۆمبێلەکە زۆر بەرزبیت و تایەکان شۆڕببنەوە و لەبەرزیبن.

 

   ئەگەر پاتری ئۆتۆمبێلەکە خراپبوو، پێویستە هەموو ڕۆژێک کاری پێبکرێت 

سەبارەت بەپاتری ئۆتۆمبێلەکان ناوبراو باسی لەئەوەکرد، ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە مۆدێلی کۆنبێت، ئەوا ئاساییە سەری پاترییەکە لاببرێت بۆئەوەی پاترییەکەی نەمرێت، بەڵام هەندێک ئۆتۆمبێل هەیە مۆدێلی بەرزە و ئەگەر سەری پاترییەکەی لابەریت کێشەی بۆ دروستدەبێت، بۆیە پێویستە ئەم ئۆتۆمبێلانە بەشاحینەى تایبەت پاترییەکانیان بدرێت لەکارەبا، بۆئەوەی شەحن بکرێتەوە، بەڵام ئەم شاحینەیە کەمە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە، سێ بۆ پێنج ڕۆژ جارێک نزیکی پێنج خولەکێک کار بە ئۆتۆمبێلەکە بکرێت یان کەمێک بجوڵێنرێت، ئەگەریش پاترییەکەی خراپبوو، واباشە هەموو ڕۆژێک کاری پێبکرێت.

 

ناوبراو لەبارەی شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکە و ڕووی دەرەوەی ئۆتۆمبیلەکە ئەوەی خستەڕوو، وا باشە ئۆتۆمبێل لەبەر خۆر ڕانەگیرێت و بکرێتە گەراجێکەوە، دواتر ئەگەر لەمانگ زیاتر ئۆتۆمبێل ڕاگیرا واباشە بشۆردرێت و قاتێک پۆڵنیش بکرێت پاشان چادرێکی بەسەردا بدرێت، هەروەها فڵچەى جامەکان لێبکرێتەوە، بۆئەوەی ستۆک نەبێت.

    پێویستە دەبەیەک بە خەڵوزەوە بکرێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە

لەبارەى ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە ئاماژەى بەئەوەدا، نابێت دەبەی ئاو و شوشەى عەتر و چەرخ و خواردەمەنی و خۆڵ و پیسی لەناو سنووق و کابینەى شوێن دانیشتنەکان هەبێت، ئەگەریش بکرێت مادەی ئەسپەنیک یان خەڵووز بکرێتە ناو دەبەیەکی کونکراوەوە (بەنموونە دەبەی ئاو کون بکرێت)، دواتر دەبەکە بکرێتە سنوق و ناو کابینەى کوشنەکان، بۆئەوەی شێ و بۆنی ناخۆش لەناو ئۆتۆمبێلەکە دروستنەبێت.

    دەبێت هاندبرێک دابدرێتەوە

مام فایەق وتیشی:”وا باشترە هاندبرێک بەرزنەکرێتەوە، نەوەک بۆ دواتر جام ببێت و کێشەی بۆ دروستبکات، بۆیە وا باشترە بەرد یان تاکۆز بخرێتە بەر تایەکان”.

 

مام فایەق لەبارەى بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکەوە دەڵێت:” ئەگەریش ئۆتۆمبێل بۆ زیاتر لەمانگێک ڕاگیرا و کاری پێنەکرا، واباشترە ڕۆنەکەی بگۆڕدرێت. بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەى ڕۆنی کوالیتی بەرزیان تێدایە، ئەگەر سەروو پێنج هەزار کیلۆمەتر زیاتر ڕۆشتبوون واباشە ڕۆنیان بگۆڕدرێت، چونکە تەمەنی ڕۆن شەش مانگ بۆ ساڵێکە، ئەگەریش کوالیتی نزم بوو وا باشە لەکیلۆمەتری کەمتردا بگۆڕدرێت”.

    نابێت تەنکی بەنزین بەتاڵبێت

ئەو شارەزایەی بواری ئۆتۆمبێل لەبارەى تەنکی بەنزینەوە ئەوەی خستەڕوو، واباشە تەنکی بەنزین فوول بێت، چونکە تەنکی بەنزین بەتاڵبێت یان نیوەبێت، ئەگەری ژەنگهێنانی تەنکییەکە هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەو بەشەی تەنکییکە کە بەتاڵە ئۆکسجینی تیایە و شێ و دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ژەنگ یان بەنزینەکە تێکدەدات.

 

باسی لەئەوەشکرد، شوتەى هەوا بەشتێک داپۆشرێت باشترە، بۆئەوەی لەمشک و جرج و ئاژەڵەکان پارێزراوبێت، چونکە ئەگەر ئاژەڵێک بچێتە ناویەوە شوتەکە ورد دەکات، کاتێکیش بێئاگایانە کار بەئۆتۆمبێلەکە دەکرێت، ئەو وردەیە دەچێتەوە ناو بستۆنەکان و زیانی دەبێت.

 

بەپێی دوایین ئامار لەهەرێمی کوردستان نزیکی ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لەکوردستان هەیە بەبێ ئۆتۆمبێلەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ، کە لەبەرواری ١٤/٣/٢٠٢٠ەوە قەدەغەى هاتوچۆ بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ڕاگەیەندراوە و بەشێکی زۆر لەو ئۆتۆمبێلانە ڕاگیراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

“بەشەخۆراكی سێ‌ مانگی هاووڵاتیان ئامادەیە”


خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزیری بازرگانی حكومەتی عیراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، كە بەشەخۆراكی 3 مانگ ئامادەیە و بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراكی سلێمانی و بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی دەڵێن: “دابەشكردنی بەشەخۆراك و ئارد دەستی پێكردۆتەوە”.

محەمەد هاشم عانی، وەزیری بازرگانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقیە (واع)ی فەرمی ڕایگەیاند، كە بابەتەكانی ناو كۆبۆنی خۆراك دابین كراون و لەئێستادا بەشەخۆراكی 3 مانگی هاووڵاتیان ئامادەیە.

ڕاشیگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتیان داوایان كردبوو، كە بەشەخۆراك دابین بكرێت، بۆیە دڵنیایی دەدەین لەوەی، كە كێشەی خۆراك نیە و دەست بە دابەشكردنی دەكەنەوە.

لای خۆشیەوە، شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سبەینێ دوو شەممە 30-3-2020 دەستدەكرێت بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی یەك-ی هاووڵاتیان لە بنكەكانی یەك و دوو و سێی و چوارەوە.

ڕاشیگەیاند، كە ڕۆژانی دواتریش بەردەوام دەبن لە دابەشكردنی بەشەخۆراك و بڕی پێویستی خۆراك لە بەغداوە هاتووە.

شەوكەت محەمەد داواش لە بریكارەكانی خۆراك دەكات، “پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و بە شێوەیەكی تەندروست پێشوازی لە هاووڵاتیان بكەن”.

هاوكات، نەسرین محەمەد عەلی خان، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئەوەی پشووە، دەوامی ئاسایی خۆمان دەكەین بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەشە ئاردیان بەدەست بگات و دابەشكردنی بەشە ئارد بەسەر بریكارەكان بەردەوامی هەیە و ناو شاری سلێمانی كەمێك ماوە و دەرەوەی شاریش نزیكەی 800 تەن ماوە پێیان بگات.

وتیشی، “هەمووی نا، بەڵام هەندێك لە بریكارەكان قەدەغەی هاتووچۆیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی ئارد نەدەنە هاووڵاتیان بەو هیوایەی لەداهاتوو ئارد گران ببێت و بە نرخی گران بیفرۆشنەوە”.

ڕاشیگەیاند، هەموو بریكارەكان ئەو هاووڵاتیانەی لایانە هەمووی لە سنوری گەڕەكەكانی خۆیاندان هیچ ڕێگرییەك نیە لەوەی ئاردەكەیان وەربگرن، بۆیە ئەگەر مەرجەكانی تەندروستی جێبەجێ بكەن وەك دەست كێش و دەمامك دەتوانن كاربكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بریارەكان دەتوان لای خۆیانە هەموو خێزانەكان بەشەكانیان بۆ جیا بكەنەوە، كە هەر خێزانێك بەپێی ژمارەیان بڕی ئاردیان بۆ جیا بكاتەوە و ئاگاداریان بكاتەوە تاوەكو بڕۆن ئاردەكەیان وەربگرن.

ئاشكراشیكرد، هیچ كێشەیەك لە كەمی ئارد بوونی نیە، گەنمی تەواومان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بدرێتە ئاشەكان بۆ ئەوەی ئاردی مانگی ئازاریش دەست بە دابەشكردن بكەن، لە دوای ئەوەی ڕەزامەندی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی بۆ دەردەچێت.

نەسرین محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بۆیە ئاردی مانگی ئازار دابەشناكرێت، چونكە زۆربەی بریكارەكان ئاردی مانگی شوباتیان دابەشنەكردووە، بەشە ئاردی مانگی ئازاریش وەربگرن لە كوێ دایبنێن.

لە هەمان كاتدا، كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراكی هەولێر لەنووسراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بریكارەكانی ژمارە (201 – 202 – 203) ئاگادار دەكەینەوە، لە كاتی پەیوەندیكردن پێیانەوە ئامادەبن بۆ كردنەوەی دوكانەكانیان.

ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دابەش دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بریكارەكان ئاگادار دەكەینەوە، دوكانەكیان بكەنەوە.

ماوەی مانگێكە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ و پشووی فەرمانگەكانەوە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان ڕاگیراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كۆرۆنا ڤایرۆس بڵاوبۆته‌وه‌، چ خواردنێك باشه‌ بیخۆم؟


خەڵک ـ لوقمان غه‌فوور

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس –دا به‌شی زۆری خه‌ڵك ده‌یه‌وێت بزانێت چ خواردنێك باشه‌ بیخوات تا به‌رگری له‌شی زیاد بكات، به‌شی ته‌ندروستی (كه‌ناڵی سی ئێن ئێن)، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 29ی ئادار میوانداری میلیسا ماجومدار، پسپۆری خۆراكزانی و وته‌بێژی ئه‌كادیمیای خۆراكپێدان و خۆراكزانی ئه‌مریكای كرد و رستێك خواردنی پێشكه‌ش به‌ بینه‌ره‌كانی كرد.

به‌رله‌ پێشكه‌شكردنی خواردنه‌كان وتی، هیچ خواردنێك نییه‌ پارێزگاری له‌ جه‌سته‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ ببین، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌لیژنه‌ی بازرگانی فیدرالی و ئیداره‌ی خۆراك و ده‌رمان لێكۆڵینه‌وه‌یان زۆر له‌و رووه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام خه‌وی پێویست و هه‌ندێك خۆراك ئه‌توانن به‌رگری له‌شت زیادبكه‌ن به‌رامبه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌.

ماجومدار لیستی كۆمه‌ڵئێك خۆراكی پێشكه‌ش كردین و بۆی راڤه‌كردین:

یه‌كه‌م: گێزه‌ر و كالی و قه‌یسی:
كه‌ پڕن له‌ بیتا كاروتین.

بیتا كاروتینه‌كان ئه‌گۆڕێن بۆ ڤیتامین ئه‌ی، كه‌ گرنگن بۆ به‌رگریی خانه‌كانی له‌ش، ماجومدار پێیوابوو كه‌ كارده‌كات بۆ هاوكاریكردنی دژه‌ ته‌نه‌كانی خانه‌ تا په‌رچه‌كرداری هه‌بێت بۆ ژه‌هراویبوونی خانه‌ و ته‌نه‌ بێگانه‌كانی وه‌ك ڤایرۆس و به‌كتریا كه‌ رووده‌كه‌نه‌ خانه‌كانی له‌ش.
جگه‌ له‌و چه‌ند خۆراكه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ په‌تاته‌ی پرته‌قاڵی و مانگۆ و سپیتاخ و برۆكلین و كۆله‌كه‌ی پرته‌قاڵی و گندۆره‌دا هه‌یه‌.

دووه‌م: پرته‌قاڵ، شیلك و برۆكلی بۆ ڤیتامین سی:
له‌هه‌موو ڤیتامینه‌كان، ڤیتامین سی له‌ هه‌موویان گرنگتره‌ له‌م كاته‌دا، چونكه‌ ئه‌بێت هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی دژه‌ ته‌نه‌كانی خانه‌ له‌ ناو خوێندا. ماجومدار پێیوابوو یارمه‌تی له‌ش ده‌دات بۆ دیاریكردنی جۆرێك له‌ پارێزگاری له‌ش كه‌ هیچ له‌ ڤیتامینه‌كانی تر ناتوانن به‌و شێوه‌یه‌ بیكه‌ن. وتیشی: “لانی كه‌م 200 ملیگرام پێویسته‌ تا پله‌ی گه‌رمی له‌ش پارێزراو بێت و سه‌رمات نه‌بێت”.

مرۆڤ به‌ ئاسانی ئه‌توانێت 200 ملیگرام ڤیتامین سی ده‌ستكه‌وێت له‌ گیراوه‌یه‌كی خۆراكی وه‌ك پرته‌قاڵ و گرێپ فرۆت و كیوی و بیبه‌ری سه‌وز و سور و قه‌رنابیت و لیمۆ.

سێه‌م: پاقله‌، برێشكه‌ و گه‌نم و خواردنه‌ ده‌ریاییه‌كان وه‌ك ماسی بۆ ده‌ستكه‌وتنی زنك (توتیا):
توتیا یه‌كێكه‌ له‌و مادده‌ خۆراكییانه‌ی كه‌ ئه‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌پێدانی خانه‌كانی به‌رگری له‌ش.

هه‌روه‌ها ماجومدار باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی توتیا-ی له‌ش ئه‌بێت هۆی دابه‌زینی پله‌ی گه‌رمی له‌ش.
ئه‌و خۆراكانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ توتیا، بریتین له‌ فاسۆلیا، پاقله‌، ساوه‌ر، نیسك، ئۆیستێرس، ماست ، گۆشتی سور و مریشك.

چواره‌م: هێلكه‌، شیر، چه‌ره‌سات بۆ پرۆتین:
پرۆتین كلیلی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ خانه‌كانی به‌رگری له‌ش و رۆلێكی گه‌وره‌ ده‌گێڕێت له‌ یارمه‌تی سیستمی به‌رگری له‌ش كه‌ به‌كاری خۆی هه‌ستێت.

پرۆتین له‌هه‌موو مادده‌ گۆشتی و گیاییه‌كان و شیرییه‌كاندا هه‌یه‌. گۆشتی سور، مریشك، ماسی، شیر، په‌تاته‌، كه‌ره‌، هێلكه‌ -دا هه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای پاقله‌مه‌نییه‌كان. به‌ڵام ماجومدار داوا ده‌كات كه‌ به‌ ژه‌می كه‌م بخورێت پرۆتین.

پێنجه‌م: مۆز، فاسۆلیا زیاتر بۆ پرۆبایۆتیك:
ماجومدار رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پرۆبایۆتیك یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ چالاككردنی ته‌ندروستی مایكرۆبایۆم كه‌ رۆڵی هه‌یه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی سیتمی به‌رگری له‌ش.

ئه‌و خۆراكانه‌ كه‌ پرۆبایۆتیك-یان تێدایه‌ ماستاو، كه‌شك، په‌نیری پێسته‌، ترشیاتی خۆماڵی، هه‌ویرێك كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ خۆمره‌ی تیابێت نه‌ك سۆده‌، سیر و پیاز و شویت و نه‌عنا و كه‌ره‌وز. ماجومدار ده‌ڵێت: “به‌ڵام باشترین گیایی سروشتی یان رووه‌كی سروشتی بۆ كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ باشه‌ روه‌كی ئێڵدلبێرییه‌، ئه‌گه‌ر به‌ روه‌كیش ده‌ست نه‌كه‌وت ئه‌وا به‌ شێوه‌ی كولاج پێویسته‌ بخورێت”.
شه‌شه‌م: ئاو و شه‌ربه‌ت و شۆربا بۆ وشكنه‌بوونه‌وه‌.

دواهه‌مین شت پێویسته‌ نه‌هێڵیت وشكبوونه‌وه‌ رویدات. پێویسته‌ له‌ ئێستادا هه‌موو ژنێك رۆژی 2 لیتر و 70 ملیی لیتر ئاو زیاتر بخواته‌وه‌ و پیاویش 3 لیتر و 70 ملی لیتر. له‌سه‌رو هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ خۆت بێبه‌ش مه‌كه‌ له‌ شه‌ربه‌تی فرێشی پرته‌قاڵ و لیمۆ و مۆز و شیلك و بلوبێری.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان