ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

دە ژنە ملیاردێرەكەی جیهان كێن و خەڵكی كوێن؟

لوقمان غەفوور

گۆڤاری ئەتلەنتا، سەروەت و سامانی نوێی 10 كەسی یەكەمی ئەو ژنە ملیاردێرانەی جیهانی بڵاوكردەوە لەنێو ئەو لیستە دوورودرێژەی كە 243 ژنە.

گۆڤارەكە بە ڕەخنەوە باس لەوەدەكات لەكۆی 2 هەزار و 163 ملیاردێر لە جیهاندا تەنیا 243 یان ژنن ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پیاوان هەڵپەی سەرمایەدارییان زیاتر تێدایە وەك لە ژنان.

ئەوەشی باسكردووە لە 50 دەوڵەمەندترین كەسایەتی جیهان تەنیا 5 كەسیان ژنن، لەو پێنجەش دووانیان ئەمریكایین كە یەكێكیان ئەلیس والتۆن كە دەوڵەمەندترین ژنی ئەمریكا و جیهانە و كچی سام واڵتن دامەزرێنەری بازاڕی واڵمارت-ە. ئەوی تریشیان جاكلین مارس كە لە خێزانی كۆمپانیای مارس كە گەورەترین كۆمپانیا شیرینی-یە لە جیهاندا.

سامانی ملیاردێرەكان بەگشتی هەڵبەت و دابەز دەكات بۆیە كەمجار هەیە پاشوپێش كەوتن هەبێت لە نێوانیاندا. لێرەدا 10 یەكەمین ژنە ملیاردێرەكەی جیهان دەخەینەڕوو كە چواریان خەڵكی ئەمریكان و دووانیان چین-ین.

1-فرانسۆ بیتنكۆرت مایەرز، خەڵكی فەڕەنسایە، سامانەكەی 49 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە. دەوڵەمەندترین ژنی جیهانە. یەكێكە لەنەوەكانی لۆریال و 33%ی پشكەكانی كۆمپانیای لۆریال هی ئەوە. لەساڵی 1997ەوە لە ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیاكەدا كاردەكات و لەهەمانكاتدا سەرۆكی دامەزراوەكەشە. هەوڵی هەمیشەیی مایەرز پێشكەوتنی زانست و هونەرە لە فەڕەنسا. لۆریال یەكێكە لەو براندە جیهانیانەی جوانكاری كە ناوبانگێكی پەسەندكراوی هەیە.

2-ئەلێكس واڵتۆن: خەڵكی ئەمریكایە، سەروەتەكەی 44 ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە. تاكە كچی سام واڵتن دامەزرێنەری واڵمارت-ە. بە پێچەوانەی براكەی كە لە واڵمارت كاردەكات، ئەم سەرقاڵە بە هونەرەوە. هەربۆیە مۆزەخانەی كریستاڵ بۆ هونەری ئەمریكایی لە شاری بنتۆنڤێل لەویلایەتی ئەركنساس كردەوە. (بازاڕی واڵمارت یەكێكە لەو بازاڕانەی كە لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە و كێبڕكێكارێكی بەهێزی بازاڕەكانە لە ئەمریكا. لەنێو ئەمریكادا كێبڕكێكارەكانی بازاری واڵمارت وەك تارگێت و فامیلی فێر و هۆرینبێرگەر پڕوپاگەندەی ئەوەدەكەن كە بازاڕی واڵمارت بۆ خەڵكانی میدل كلاس و خوار میدیل كلاسە- خەڵكانی چینی ناوەڕاست و هەژار- بەپێچەوانەوە بازاڕەكانی ئەمانەوە بازاڕەكانی ئەمان بۆ خەڵكی ڕاقی و دەوڵەمەندە. لەكاتێكدا من واینابینم لەبنەڕەتدا ئەوەیە نرخی كەلوپەلی واڵمارت لە هەموو بازاڕەكان هەرزانترە و كێبڕكێی هەموویان دەكات كە بەشی زۆری كەلوپەلەكان هەمان كوالێتییە، ئەمەش وایكردووە بە قەرەباڵەغەترین بازاڕی ئەمریكا ناسراوە).

3-جاكلین مارس: خەڵكی ئەمریكایە، سامانەكەی 23 ملیار و 900 ملیۆن دۆلارە، خاوەنی كۆمپانیای مارس بۆ شیرینی، كە یەكێكە لەو سێ كۆمپانیا گەورەیەی جیهان لەبەرهەمهێنانی شیرینیدا. بۆ ماوەی 20 ساڵ كاریكردووە لە كۆمپانیاكەیدا و تا ساڵی 2016ش لە نێو بۆردی كۆمپانیاكەدا خزمەتی كردووە. ئێستا سەرقاڵە بە كاری خێرخوازی لە شەش ئەنجومەندا لەنێو ئەوانەدا سمسۆنسان و ئەرشیفی نیشتمانی ئەمریكا. یەكێكە لەو دوو ژنە ئەمریكاییەی لە لیستی 50 دەوڵەمەندترینەكانی جیهاندایە.

4-یانگ هویان: خەڵكی چین-ە، سامانەكەی 22 ملیار و 100 ملیۆن دۆلارە، 57%ی ئەو سامانەی یانگ-ی باوكی بۆ ماوەتەوە كە بریتییە لە كۆمپانیانی كەنتری گاردن كە كۆمپانیای خانووبەرەیە لە كەرتی گوانگدۆنگ لە چین. هەروەها ڕێكخەری كارەكانی برایت سكۆلەر ئیجوكەیشن كە كۆمپانیایەكی فێركردنی چینی-یە.

5-سوزان كلاتن: خەڵكی ئەڵمانیایە، سامانەكەی 21 ملیار دۆلارە. دایكی كلاتن سێیەم ژنی هێربێرت كواندت كە رێنمایكەر و سەركردایەتكاری كۆمپانیای بی ئێم دەبلیو –ی ئۆتۆمبێل بوو. كاتێكیش كۆچی دوایی كردووە 20%ی سامانەكەی لەنێو پشكی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل-دا بووە. سوزان كلاتن تاكە خاوەنی سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای ئەلتانا كە كە باپیری دایمەزراندووە. كە كۆمەڵێك كۆمپانیای تری ئەڵمانیایی تێدا كاردەكەن.

6-لۆرین پاوڵ جۆبز: خەڵكی ئەمریكایە، سامانەكەی 18 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە. ژنی ستیڤن جۆبز دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەپڵ-ە، لە دوای مردنی جۆبز سامانەكەی بۆ بەجێماو پارێزگاری پێوەكرد. لە ساڵی 2004ەوە كۆمپانیای ئێمرسن كەلەكتیڤ –ی دامەزراند، ئێستا بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیایە، كە كۆمپانیایەكە كاریگەری كۆمەڵایەتی هەیە لەنێو چالاكی وەبەرهێنان و كاری خێرخوازی. وابەستەیە بە پاڵپشتیكردنی سیاسەتی ڕیفۆرم لە بواری فێركردن و كۆچ و دادی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە.

7- ئابیگل جونسن: خەڵكی ئەمریكایە، سامانەكەی 15 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە. جۆنسن لەساڵی 2014ەوە سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای وەبەرهێنانی ئەمریكاییە لەژێر ناوی (فیدالێتی ئینڤێستمینت). هەروەها سەرۆكی كۆمپانیای دەستەخوشكی فیدیالێتی ئینڤێستمێنت-ی نێودەوڵەتی كە باپیری لە 2016 دایمەزراند.

8-ئایرس فاندبۆنا: خەڵكی چیلی- ئەمریكای لاتین-ە. سامانەكەی 15 ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە. لە دەوڵەمەندترین خێزانی چیلی-یە. كە كۆنتڕۆڵی ناوچەی ئینتۆڤاگاستا-یان كردووە كە بەشێكە لە وڵاتی چیلی و كۆمپانیای بەرهەمهێنانی كانزا-یان هەیە لە سانتیاگۆ كە حەوتەمین كۆمپانیای كانزایە لە جیهاندا. هەروەها خۆشی خاوەنی كۆمپانیای خواردنەوە كهولییەكانە لە چیلی. خۆیی و كوڕەكانی پشكی زۆرینەی گروپی كۆمپانیاكانی كۆینیكۆ-یان هەیە كە گروپێكە كاری ئاڵوگۆڕی دراو و بیرە و پیشەسازی كانزا دەكەن.

9-جینا رینهارت، خەڵكی ئوسترالیایە. سامانەكەی 15 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە، دەوڵەمەندترین هاووڵاتی ئوسترالیایە بەهۆی پیشەسازی ئاسنەوە سامانەكەی گەیاندووە بەم ئاستە. باوكی بە مایەپووچی كۆچی دوایی كردووە. جگە لەوەش ئێستا خاوەنی سێیەم كۆمپانیای بەرهەمی گۆشتی ئاژەڵە لە ئوسترالیا.

10-كۆنگ سی هێنگ: خەڵكی چین-ە، سامانەكەی 15 ملیار دۆلارە. سەرچاوەی سامانەكەی كۆنگ بریتییە لە خانووبەرە، ساڵی 2008 كۆمپانیای سەن هۆنگ-ی بۆ خانووبەرە دامەزراند تا 2011 سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیاكەی بووە.

 

راپۆرت

وردەكارییەكانی دەخرێنەڕوو
لێكۆڵینەوەكان بەشێك لە هۆكاریی تەقینەوەكەی بەیروت ئاشكرادەكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرچاوە ئاگادارەكان ڕایدەگەیەنن، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاماژە بە چەندان ساڵ پشتگوێخستتن و بێخەمی دەسەڵاتداران دەكەن لەڕووی عەمباركردنی ماددەیەكی مەترسیدار لە بەندەری بەیروت كە بووە هۆی ئەو تەقینەوەیەی تێیدا زیاتر لە 100 كەس بونە قوربانی.

ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە:”مەسەلەی سەلامەتی عەمباركردن، چەندان جار خراوەتە بەردەست لیژنەكان و دادوەران، بەڵام هیچ فەرمانێك دەرنەكرا بۆ گواستنەوەی ئەو ماددەیە كە خێرا گڕدەگرێت، یان لەناوبردنی”.

بە وتەی سەرچاوەكە:”ئاگرێك لە گەنجینەی ژمارە نۆی بەندەرەكە كەوتەوە و گەیشتە گەنجینەی ژمارە 12 كە نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدا عەمباركراوە”.

سەرچاوەكە دەڵێت:”تەقینەوەكەی 4ی تەمموز بەهێزترین تەقینەوە بوو كە بەیروت بەخۆیەوە بینی، لەكاتێكدا شارەكە هێشتا برینەكانی جەنگی ئەهلی كە سی ساڵ درێژەی كێشا ساڕێژ نەبوون، سەرباری ئەوەش بە تەنگژەیەكی دارایی تونددا تێدەپەڕێت كە دەرهاویشتەی دەیان ساڵ لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابورییە”.

بەدەری زاهیر، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی لوبنان بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە”گەمرگ شەش بەڵگەنامەی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی بەرزكردۆتەوە و هۆشداریی داوە لەبارەی مەترسی گەورەی ماددەكە”.

بە وتەی ئەو بەرپرسە لوبنانییە”داوامان كرد سەرلەنوێ‌ هەناردە بكرێتەوە، بەڵام ئەوە ڕوەینەدا و هۆكارەكەشی بۆ شارەزایان و پەیوەنیدارەكان بەجێدەهێڵین”.
سەرچاوەیەكی تر كە فەرمانبەرە لە بەندەرەكە بە (رۆیتەر)ی ڕاگەیاندووە”شەش مانگ لەمەوبەر تیمێك نیتراتی ئەمۆنیۆمی نێو گەجینەكەی تەماشاكرد و هۆشداریدا لەوەی كە گەر نەگوازرێتەوە،هەموو بەیروت دەتەقێنێتەوە”.

بەپێی ئاژانسەكە، دوو بەڵگەنامە هەن كە تێیاندا گومرگی لوبنانی لە ساڵانی 2016 و 2017 داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی كردووە، تا داوا لە دامەزراوە دەریاییە پەیوەندیدارەكان بكات، ماددەكە هەناردەبكەن، یان ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نیتراتی ئەمۆنیۆم دەرببڕن كە لەڕێی كەشتی باری (رۆسۆس)ەوە هێنرا و لە گەنجینەی 12دا بۆ زامنكردنی سەلامەتی بەندەرەكە هەڵگیراوە”.

یەكێك لە بەڵگەنامەكان، ئاماژە بە چەند داواكارییەكی هاوشێوە دەكات لە ساڵانی 2014 و 2015.

ماڵپەڕی شیب ئەرستید. كۆم، كە تۆڕێكە مامەڵە لەگەڵ سكاڵا یاساییەكانی كەرتی بار دەكات، لە ڕاپۆرتێكیدا لە ساڵی 2015 ڕایگەیاندووە، كەشتی رۆسۆس كە بە ئاڵای مۆڵدافیاوە لە دەریادا گەشتی كردووە، كاتێك ڕووبەڕووی كێشەی تەكنیكی بووە لە گەشتە دەریاییەكەی لە جۆرجیاوە بۆ مۆزەمبیق، ، لە مانگی ئەیلولی 2013 لە بەیروت لەنگەری گرت و 2750 تەن نیتراتی ئەمۆنیۆمی هەڵگرتبوو.

بەپێی ماڵپەڕەكە”دوای ئەوەی پشكنینی بۆكراوە، ڕێگە لە بەڕێكەوتنی گیراوە، پاش ماوەیەكی كەمیش خاوەنی بارەكە دەستبەرداریی بارەكەی بووە، ئەمەش دوو قەرزاریی ناكۆكی ناچار كردووە سكاڵای ئاسایی بەرزبكەنەوە”.

ئەو ماڵپەڕە دەڵێت”بەهۆی مەترسییەكانی پەیوەست بە هێشتنەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لەسەر كەشتییەكە، دەسەڵاتداران ناچاربوون بارەكە بگوازنەوە بۆ نێو گەنجینەكانی بەندەرەكە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

حەوزێكی ماسی سەلەمون گەشتیاران بۆ گوندێكی شارباژێڕ ڕادەكێشێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەدووری ٤٢ كم لە باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی و لەنێو جەرگەی شارباژێری سەختدا، بەقەدپاڵی شاخی سوركێوە-وە لە خاڵی سفری سنووری وڵاتی ئێران و نزیك شاری بانە، لە گوندی بارێی بچووك، لەنێو دارگوێزی چڕ و خوڕەی ئاوی كانیاوەكاندا، لە چەند حەوزێكی سارد و فێنكدا، ماسی سەلەمۆن كە بەدەگمەن لە هەرێمی كوردستاندا دەست دەكەوێت، خۆیان لەنێو حەوزەكانی ئەو قەدپاڵەدا مەڵاس داوە، پەیتا پەیتا گەشتیاران و سەردانیكەران دەچن تاكو لە كەشێكی فێنكی نێو گەرمای هاویندا، ماسی سەلەمۆن نۆش بكەن.

ماسی سەلەمۆن جۆرێكی زۆر بەسوودی ماسیە كە لە هەرێمی كوردستاندا بەدەگمەن دەست دەكەوێت، هەر بۆیە رەغبەتێكی زۆر لەسەر ئەو جۆرە ماسیە هەیە.

ماوەی ٦ ساڵ دەبێت كە لەنێو گوندی بارێی بچووكدا پرۆژەیەك كراوەتەوە و تێیدا ماسی لە جۆری سەلەمۆن لە شاری پێنجوێن-ەوە دەهێنرێت و لە چەند حەوزێكی قەدپاڵی شاخەكەدا لە ئاوێكی سازگاری كانییەكاندا گەورەیان دەكەن و دواتر گەشتیاران بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش دێن بۆ ئەو چێشتخانە بچكۆلەیەی لە تەنیشت حەوزەكانەوە دروست كراوە.

لە بارێی بچوك، كە بە چوار وەرزی ساڵ سەرەڕای رێگا سەختەكەی، گەشتیاران و سەیرانكەران رووی تێ دەكەن، چەندین سەكۆی تایبەت بە گەشتیاران دروست كراوە تاكو لەوێدا لەنێو سروشتە جوانەكەی بارێی بچووكدا چاوەڕێی میوانی سەر سفرە و خوانەكەیان بكەن كە ئەویش ماسی سەلەمۆنە.

رابەر حاجی سیروان ئاغا، كە لەگەڵ باوكیدا ئەو پرۆژەیەیان بەگەر خستووە، ئاماژە بەو دەكات كە ماوەی ٦ ساڵ دەبێت و لە هاوینی ٢٠١٤دا ئەو پرۆژەیەیان كردۆتەوە و ئامانج لێی ئاوەدان كردنەوە و راكێشانی گەشتیارێكی زۆرە بۆ گوندەكەیان. ئەو باس لەوە دەكات كە جگە لەو پرۆژەیە كە بەخێوكردنی ماسی سەلەمۆنە، هاوكات بەرهەمەكانی گوێز، هەنگوین و گێلاس و چەندین میوەی تری هاوینە و وشككراوی زستانە كە لە گوندی بارێی بچووك بەرهەم دەهێنرێن پێشكەش بە میوانەكان دەكرێن.

ئەو باس لەوە دەكات كە لە چێشتخانەكەیدا كە ٦ ساڵە كردوویانەتەوە ماسی سەلەمۆن كە خواردنێكی بەتام و بەسوودیشە پێشكەشی میوانانی دەكات لە وڵاتی ئێرانەوە دەیهێنێت، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی رێگاوە لە شاری پێنجوێنەوە ماسیەكانی دەهێنێت.

رابەر، كە ئێستا سەرقاڵی خوێندنی ماستەرە لە بواری مێژوودا لە زانكۆیەكی ئەنقەرە، ئاماژە بەوە دەكات ئێستا بەهۆی سەرقاڵیەوە ناتوانێت وەك پێویست لە پرۆژەكەدا بمێنێتەوە، زیاتر باوكی لەگەڵ وەستایەك كە لە وڵاتی ئێرانەوە هێناویانە، پرۆژەكە بەڕێوەدەبەن.

ئەو باس لەوە دەكات، كە سەیرانكەران و گەشتیاران جگە لە خواردنی ماسی بۆ مانەوە و سەیران و گەشت روودەكەنە پرۆژەكەیان كە لە رێی ئەو كەپر و شوێنی حەوانەوانەی دابینیان كردووە كەشێكی ئارام بۆ گەشتیاران دروست دەكەن و دەڵێت، “جگە لەوەی گەشتیاران بۆ ماسی خواردن روومان تێدەكەن، بەڵام هاوكات شوێنی حەوانەوەش هەیە بۆ ئەو كەسانەی خوازیارن بەشەو بمێننەوە كە زۆربەی كات لە شەوانی پێش پشووەكانی هەفتەدا دێن و دەمێننەوە و لەو رێیەوە توانیومانە گەشتیارێكی زۆر بۆ ئەم گوندە دوورە دەستە رابكێشین، هەرچەندە ئێمە حەز دەكەین كە تەواوی گوندنشینان سوود لە هێنانی گەشتیاران بكەن بە كردنەوەی شوێنی تری حەوانەوە و ساغكردنەوەی بەرهەمە خۆماڵیەكانی گوندەكە، چونكە ئێستا خەڵكانێكی زۆر بە حەسرەتەوەن بۆ بەرهەمێكی خۆماڵی لە میوە و سەوزە و هەنگوین و گوێز كە بەشێوەیەكی سروشتی بەرهەم دێن”.

لە كاتی گەشتكردنتدا لە سلێمانی-یەوە بۆ گوندی بارێی بچووك، ئاشنا دەبیت بە سروشتی جوانی شارباژێری سەخت، هەرلە گوندەكانی سەر رێگا، بەرهەمی پێگەیشتووی هاوینە بە درەختەكانی سەر رێگاكە، كانیاوەكان، شاخە بەرزەكان، ئاژەڵی كێوی وەك رێوی، سمۆرە، كەروێشك و چەندانی تر جۆرێك لە دڵخۆشیت بۆ دەستەبەر دەكەن و دوورت دەخەنەوە لە جەنجاڵی ژیانی ناوشارەكان و ئاشنات دەكەنەوە بە سروشت.

ماسی سەلەمۆن تەنها لە ئاوی سازگاردا دەژیت، هەر بۆیە لە قەدپاڵی شاخەكەدا ئاوی چەندین كانی كۆكراوەتەوە و دەڕژێتە سەر حەوزی ماسیەكان تاكو پلەی گەرمای ١٦ پلەی سیلیزیان بۆ دەستەبەر بكرێت، ئەمە دیمەنی ناوچەكەی سەرنجڕاكێش تر كردووە.

حەسەن سەلیمی، كە ماوەی زیاتر لە ٧ مانگە لەو چێشتخانەیەی بارێی بچووك كار دەكات و خەڵكی شاری بانەی ئێرانە، ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی داخستنی سنوورەكانەوە نەیتوانیوە بڕواتەوە بۆ ماڵەكەی كە لە شاری بانە نیشتەجێن و دەڵێت، ”من بۆ ماوەی ٧ مانگە لێرە كار دەكەم، پێشتر لە ئێران سەرقاڵی باخداری چەندین كاری تر بووم ئێستا خانەنشین بووم و دوای ئەوە هاتمە ئێرە، لێرە بوومە شێفی دروستكردنی ماسی و لەم چێشتخانەیە كار دەكەم”.

وەستا حەسەن-ی ٥٢ ساڵ كە مانگانە ٤٠٠ هەزار دیناری عێراقی پێدەدرێت لەبەرامبەر مانەوە و كاركردنیدا لەو چێشتخانەیە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو لە پێناو دابینكردنی بژێوی ژیانیدا لە ئێرانەوە هاتۆتە هەرێمی كوردستان و هەوڵی دابینكردنی بژێوی ژیانی دەدات، چونكە لە وڵاتی ئێران ئێستا بژێوی زۆر سەخت بووە و پەیداكردنی بژێوی زۆر ئەستەم بووە بەهۆی ئابڵوقەی ئابووری سەر ئەو وڵاتەوە.

وەستا حەسەن دەڵێت، ”لێرەوە ئەگەر بە پێ بتەوێت بڕۆی تەنیا سەعات و نیوێك رێگایە بۆ نێو ئێران، بەڵام رێگایەكی كراوە نیە، ئێستا بەهۆی كۆرۆناوە ناتوانم بچمەوە وڵاتی خۆم، چونكە ئەگەر بڕۆمەوە ناتوانم بێمەوە هەرێمی كوردستان ئەویش بەهۆی رێكارەكانی بەرگرتن لە كۆرۆنا”.

مام حەسەن باس لە چۆنیەتی برژاندنی ماسی سەلەمۆن دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە هەر ماسیەك ٣٥-٤٥ دەقەی پێویستە ببرژێت، بەهۆی ئەوەی كە وشكە دەبێت رووبەهەناری پێوە بكرێت تاكو چێژێكی سەرنجڕاكێش بداتە ماسیەكە و باس لەوە دەكات كە ماسیەكە بە سۆسێكی تایبەت خۆش دەكەن تاكو تامو بۆنێكی جیاوازی پێببەخشێت.

گەشتیار زانا مستەفا دەڵێت، یەكەمجارە سەردانی ئەو شوێنەی دەكات و پێشتر بۆیان باس كردووە كە زۆر فێنكە و بۆیەش بڕیاری داوە كە لەم وەرزەدا سەردانی بارێ بكات و دەڵێت: “رێگەكە دوورە بەڵام شایەنی ئەوە هەیە سەردانی بكرێت، لێرە ماندوو بوونت لەبیر دەچێتەوە”.

ئومێد لەتیف، كە بە خێزانی سەردانی ئەو ناوچەیەیان كردبوو ئاماژە بەوە دەكات، زۆر جار رێی دەكەوێتە گوندی بارێ بەتایبەت لە هاویناندا چونكە كەشوهەوایەكی فێنكی هەیەو دەڵێت، ”من بە زستانان كەمتر دێم، بەڵام هاوینان زۆر جار دێم چونكە كەشو هەوایەكی فێنكی هەیە، خەڵكی ئێمە فێری ئەوە بوون كە بۆ گەشتی پشووەكان بچنە نێو باخ و ڤێلاكان، لەكاتێكدا تامی دەشتودەرە فێنكەكان زۆر خۆشترە و كەشێكی هێور تر و ئارامت پێ دەبەخشێت، لێرە ماسیەكەیان زۆر خۆشە، بۆخۆمان لەگەڵ منداڵەكان و هاوسەرەكەم و هاویێكانمدا دێینە ئێرە. دەنگی كانیاو، خوڕەی ئاو، زیرەی شنەبای درەختەكان، دەنگی سروشت و دووكەڵی برژاندنی ماسیەكە كەشێكی تەواو خۆشت بۆ دەخوڵقێنێت'”.

سەرچاوە: ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كازمی كەی و چۆن بەشداری هەڵبژاردن دەكات؟

خەڵك- بەشی هەواڵ
شرۆڤەكارێكی سیاسی و بەرپرسی دیسكی عیراق و كوردستانی ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی ڕایدەگەیەنێت، كازمی بە دیاری كردنی ڕۆژی هەڵبژاردن تۆپەكەی هەڵدایە گۆڕەپانی لایەنە سیاسیەكان و بەرپرسیارێتی سەرشارنی سوك كرد.

د.سەرنگەری سەید قادر، بەرپرسی دیسكی عیراق و كوردستانی ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، بڕیاری دیاری كردنی كات و ڕۆژی هەڵبژاردن دەسەڵاتی پەرلەمان و سەرۆك كۆمارە و بڕیاری كازمی بۆ دیاری كردنی ڕۆژی هەڵبژاردن تاكتیكە و لەسەر پیشنیاری ڕاوێژكارەكانی بووە لەبەر چەند هۆكارێك:
١- داواكاری خۆپیشاندەرانی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو كازمیش، كە خۆی بەزادەی ئەو خۆپیشاندانە دەزانێت لە كاتی متمانەپێدانی دا بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختی دا و ئێستاش داواكاری شەقام هەمان داواكارییە و فشارێكی زۆر لەسەر كازمیە.
٢- كازمی بەم هەنگاوەی دەیەوێت دەستكراوە بێت لە لەقاڵبدانی حەشدی شەعبی و پشتیوانی شەقام زیاتر بەدەست بهێنێت.
٣- ڕاگەیاندنی كاتی هەڵبژاردن پێش سەردانی بۆ واشنتن پەیامێكە بۆ حەشدی شەعبی و هێزە سیاسیەكان كە هەڵبژاردنی داهاتوو جیاواز دەبێت.
٤-بەم بڕیارە هێزە سیاسیەكانی توشی ئیحراجیەكی گەورەكرد و ڕووبەڕووی شەقامیان دەكاتەوە چونكە دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەرانە.

– ئامادەكارییەكانی كازمی بۆ ڕێكخستنەوەی سیستەمی حوكمڕانی….
كازمی لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگدا بە پلانێكی تۆكمە كۆمەڵێك كاری ئەنجامداوە كە سەرەتایەكەی باش بۆ گرەنتی كردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوانە:
١- هێزە ئەمنیەكانی ڕێكخستووەتەوە و سەركردە و فەرماندەی هێزەكانی سوپا و وەزارەتی ناوخۆ و هەواڵگری گۆڕیووە
٢- زۆرینەی دەروازە سنورییەكان كۆنترۆڵكردووەتەوە كە سەرچاوەی داهاتی نایاسای میلیشیاكان بوو
٣- كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان گۆڕاوە و سیستەمێكی نوێی هەڵبژاردن پەیڕەو دەكرێت
٤- لەسەر ئاستی چاكسازی سیاسیش هەر لە دیاری كردنی بەرپرسەكانی وەزارەتەكانەوە تا بەڕێوبەڕایەتی دام و دەزگا خزمەتگوزارییەكان چاكسازی تێدا كراوە بەڵام سنوردارە.

– ئایا لە ئێستا دەرفەت لەبارە بۆ هەڵبژاردن..؟
ئەگەر چی ئەو چاكسازیانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێكرا هەنگاوی گرنگن بەڵام بەس نین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دووبارە نەبوونەوەی سیستەمی سیاسی ڕابردوو كە لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا عێراقی بەم دۆخەی ئێستای گەیاندووە
لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ دا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوە جیهانییەكان و لێدوانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و دانپیدانانی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تەنها سەدا ١٩% ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە و بە ڕێكەوتنی هێزە سیاسیەكان بۆ سەدا ٤٤-٤٥% بەرزكراوەتەوە
هەروەها هەڵبژاردنی ڕابردوو وایكرد كە حەشدی شەعبی ٤٨ كورسی لە پەرلەماندا بەدەست بهێنێت كە لە مێژووی ١٥ساڵی پیش هەڵبژاردنی ٢٠١٨ هاوشێوەی نەبووە كە میلیشیا چەكدارەكان بەو ڕێژەیە بچنە پەرلەمان و بەتەواوەتی دەست بەسەر كەرتی ئابوری عێراقدا بگرن و داهاتی عێراق بخەنە خزمەتی پرۆژەی هیلالی شیعی ئێران و دەرهاویشتنی شۆڕش بۆ دەرەوە
هەربۆیە لە ئێستادا كە ئەمەریكا پرۆژەی لەدایك بوونی عێراقێكی نوێی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە ڕێگە بە هەڵبژاردن نادات تەنها لە كاتێكدا نەبێت:
١- حەشدی شەعبی سەربە ئێران لە قاڵب بدرێن و سنوریان بۆ دیاری بكرێت بۆ ئەوەی كاریگەریان لەسەر هەڵبژاردن نەبێت و ساختەكاری هەڵبژاردنی پێشوو دووبارە نەبێتەوە
٢- دەبێت پەرلەمان هەڵبووەشێتەوە یان خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ئەوكات بەپێی مادەی ٦٤ دەستور سەرۆك كۆمار لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا كاتی هەڵبژاردن دیاری دەكات
٣- پێویستە كاتێك كازمی و هاوپەیمانەكانی بچنە هەڵبژاردنەوە كە شوێن پێی خۆی قایم كردبێت و هێزە چەكدارەكانی توندوتۆڵ كردبێت كە توانای ڕێگریان لە گزی و ساختە هەبێت
٤- لەسەر ئاستی كەسیش كازمی هێشتا دەستكەوتەكانی و كارەكانی ئەوەندە نیە كە شەقامی پێ ڕازی بكات و كاری زۆر تری پیویستە
٥- لەسەر ئاستی ناوچەیش ئێران لە ڕابردوودا ڕۆڵی گرنگ و یەكلایكەرەوەی هەبووە لە دیاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا بۆیە دەبێت سەرەتا ڕۆڵی ئێران سنوردار بكرێت ئەویش لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ دەست پێدەكات و زیاتر لە ٨ مانگی پێویستە بە پێی ستراتیژی ئەمەریكا بۆ بە چۆكداهێنانی ئێران
هەر بۆیە ئەگەر چی بەدیاری كردنی كاتی هەڵبژاردن لەلایەن كازمیەوە تۆپەكەی هەڵدایە گۆڕەپانی لایەنە سیاسیەكان و بەرپرسیارێتی سەرشارنی سوك كرد بەڵام كارێكی زۆر قورس تری لە پێشە كە ئەویش لە قاڵبدانی حەشدی شەعبی سەربە ئێرانە و دیاریش نیە كە سەركەوتوو دەبێت یاخود نا.

– دەرئەنجام:
١- دیاری كردنی كاتی هەڵبژاردن گرنگە بەڵام بەبێ ئەو مەرجانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێكرا ئەستەمە لە ئەنجام بدرێت
٢- ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٦ وەك ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری كراوە كە پلەی گەرما لەو كاتەدا بەرزە و قوتابخانەكان لەوكاتەدا دەست بە تاقیكردنەوە دەكەن و قوتابخانەكان ناتوانرێت بۆ پرۆسەی دەنگدان بەكاربهێنرێت
٣- هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنی ڕابردوو و خۆری زۆر سەركردەی عێراقی ئاوا دەكات
٤- هەڵبژاردنی ئەمجارە كۆتای بە سیستەمی مەزهەبی و نەتەوەی لە هەڵبژاردن و دابەشكردنی پۆستەكاندا دەهێنێت و هەڵبژاردن قۆناغی مەزهەبگەرایی و نەوەیی بوون تێدەپەڕێنێت
٥- باشترین كات بۆ هەڵبژاردن لە دوای مانگی ئەیلولی٢٠٢١ دەبێت چونكە تا ئەوكات دەرفەت دەبێت بۆ یەكلایی كردنەوەی هاوكێشە ناوچەیی و ناوخۆییەكان
٦- ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ٢٠٢١/٦/٦ ئەگەر مەرجەكانی كەلەسەرەوە باسكرا جێبەجێ كرا ئەگەرێكی كراوەیە
٧- بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان دركیان بە گەمەكەی كازمی كردووە و دەست جوڵە دەكەن بۆ بە تاڵكردنەوەی هێزی كازمی و ڕێگری كردن لەكارەكانی.
٨- بەپێی دەستور هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەسەرداوای یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یان لەسەر داوای سەرۆك وەزیران بە ڕەزامەندی سەرۆك كۆمار دەبێت و بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێویستی بە 50+1 دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەیە و ئەمە ئەستەمە ئەگەر ڕێكەوتنی سیاسی نەكرێت
٩- لە كاتی لێپرسینەوەی پەرلەمان لە سەرۆك وەزیران ئەوا لەو كاتەدا سەرۆك وەزیران ناتوانێت داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات
١٠-لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی دەستور حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە و كار بەڕێكەر دادەنرێت بەپێی دەستور.
١١- ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا بۆ پەسەند كردنی پێویستە بچێتە دادگای فیدراڵ و ئەو دادگایە ئێستا كیشە ناتەواوی ئەندامی هەیە و پێویستە یاسای دادگایی فیدراڵی سەرەتا هەموار بكرێتەوە لە پەڕلەمان بۆ ئەوەی كێشەی یاسای بۆ پەسەند كردنی ئەنجامەكان دروست نەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان