ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

“لەهەر شوێنێك پێشێلكاریی دەرهەق بە كرێكاران كرا، دەبێت بدرێنە دادگا”

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی، لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: دەبێت بەدواداچوون بۆ بارودۆخی كرێكاران بكرێت، تا لەهەر شوێنێك پێشێلكارییان دەرهەق كرا، پێشێلكاران بدرێنە دادگا.

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “ئەمڕۆ لەگەڵ چەند بەرپرسێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتیمان كردووە و كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ فەرمانبەرانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی ئەنجام دەدەین، ئەمەش بەشێكە لەو زنجیرە كۆبوونەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی كار ئەنجامی دەدەن”.

وتیشی: “ئەم سەردانەمان بەشێكە لەو زنجیرە كۆبوونەوانەی كە لە هەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتی و بەشانەی لە سەنتەری پارێزگا و قەزاكان هەمانە، مەبەست ئەوەیە هەوڵ بدەین لیژنەكانی پشكنین لە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی چالاك بكەین، كە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی پشكنین دەكەن بۆ سەرجەم ئەو كۆمپانیا و مۆڵ و سەپەرماركێت و میوانخانە و چێشتخانەكان تا لە ڕێیەوە بەدواداچوون بۆ مافی بیمە و دەستەبەری كرێكارەكان بكەن، بۆ ئەوەی لە كاتی پەككەوتەیی، یان لە كاتی تەواوبوونی ماوەی خزمەتیان، خانەنشین بكرێن”.

كوێستان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو: ” لیژنەكانی كار كاریان ئەوەیە بەدواداچوون بۆ ڕەوش و بارودۆخی كرێكاران بكەن، تا لە هەر شوێنێك پێشێلكارییان دەرهەق بكرێت، پێشێلكاران بدرێنە دادگا و بەدواداچوون بۆ كەیسەكانیان بكرێت، لەگەڵ ئەمەشدا، دەبێت بەریوەبەرایەتییەكانی كار لەسەردانیاندا بزانن، كۆمپانیا و سۆپەرماركێت و مۆڵەكان تا چەند پێویستیان بە دەستی كار هەیە، تا لەڕێگەی بەرێوەبەرایەتییەكانی ئێمەوە هەلیكار بۆ گەنجەكانمان بڕەخسێنین”.

 

ئابوری

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

نرخی‌ نەوت لەبازاڕەكانی‌ جیهان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو كەمێك بەرز بووەتەوە.

ئاژانسەكانی جیهان بڵاویانكردەوە، نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ یەك شەممە، 27ی ئەیلولی 2020، بەشێوەیەك بووە كە نرخی‌ نەوتی برێنت بە 41 دۆلار و 83 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 40 دۆلارو 5 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە.

هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، ژمارەیەك لەو وڵاتانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم كەرتە پیشەسازی و بازرگانییەكانیان وەستاندبوو، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا، بەشێك لە چالاكییە ئابوورییەكانیان دەستپێكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پێدانی پێشینەی خانووبەرە بۆ فەرمانبەران و هاووڵاتیان دەستی پێكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ
بانكی ڕافیدەینی عیراقی پێدانی پێشینەی خانووبەرەی بە فەرمانبەران و هاووڵاتیان دەستپێكرد و ڕایگەیاند، كە دەتوانن لە سەرجەم پارێزگاكان سەردانی لقی بانكەكە بكەن.

بانكی ڕافیدەین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە لقەكانی بانكەكەمان لە سەرجەم پارێزگاكان ڕاسپێردراون تاوەكو ئاسانكاری بكەن و ڕێكارەكان ئاسان بكەن لەبەردەم هاووڵاتیان تاوەكو بتوانن پێشینەی نیشتەجێبوون بۆ دروست كردنی خانوو یان نوێكردنەوە و بنیاتنانەوەی خانوو وەربگرن.

ڕاشیگەیاندووە، قەرزەكە بۆ فەرمانبەران و هاووڵاتیانیشە، كە دەگاتە 50 ملیۆن دینار بۆ دروست كردنی خانوو لەسەر پارچە زەوییەك، بەڵام بۆ نوێكردنەوە و بنیاتنانەوە بۆ فەرمانبەران بڕی 50 ملیۆن دینارە و بۆ هاووڵاتیان بڕی 30 ملیۆن دینارە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە هاووڵاتیان و فەرمانبەران دەتوانن سەردانی لقی بانكەكان بكەن لە سەرجەم پارێزگاكان بۆ سوود وەرگرتن لە پێشینەكە.

پێدانی پێشینە و قەرزەكانی بانكی ڕافیدەین هەموو ئەو فەرمانبەر كوردانەش دەگرێتەوە، كە مووچەیان لەسەر دامەزراوە فیدڕاڵییەكانی عیراق یان لەسەر سەرۆكایەتی كۆمار و پەڕلەمانە لەگەڵ فەرمانبەران و هاووڵاتیانی كورد لە شاری كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پارەكە لە بەغداوە گەیشت و دەست بە دابەشكردن دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، كە شایستە داراییەكانی جوتیاران گەیشتۆتە هەولێر و سبەینێ‌ دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

هێمن سەید موڕاد، بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ‌ یەك شەممە، چەكی شایستە داراییەكانی جوتیاران دابەشدەكرێت.

ڕاشیگەیاند، لەپێناو دروست نەبوونی قەرەباڵغی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ئاشكراشی كرد، ڕۆژی یەك شەمە لەژمارە پسوولەی 140 تاوەكو 440 و لەڕۆژی دوو شەممە لە ژمارە پسووڵەی 441 تاوەكو 846 دابەشدەكرێت .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان