ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

هێرش دەربەندی: بەهێزترین چەك بۆخۆپارێزی لە کۆرۆنا، پاكوخاوێنی و دەست شووشتنە


خەڵك-ئارام سەردار

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی خێرا، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و لایەنە تەندروستییەكانی سەرجەم وڵاتانی هێناوەتە سەرخەت بۆ ئەوەی ڕێگری لەبڵاوبوونەوەی بكەن، د.هێرش دەربەندی، پزیشكی پایەبڵندی هەناوی لەدیمانەیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) هۆكار و نیشانەو چۆنێتی خۆپاراستن لە نەخۆشیەكە شیی دەكاتەوە.

خەڵك: ڤایرۆسی كۆرۆنا چییە؟
د.هێرش دەربەندی: پەتایەكی ڤایرۆسییە دەكرێ ئێمە چەندین نەخۆشیمان هەبێت كەوا دەكرێت میكرۆب و بەكتریا و پاراسایت و ڤایرۆس بن، كە ئەم جۆرەیان ڤایرۆسە، بەڵام یەك ڤایرۆس نییە، بەڵكو كۆمەڵێك ڤایرۆسن لەژێر یەك چەتر پێیان دەوترێت كۆرۆنا یەكێكە لەو دەیان جۆرە ڤایرۆسە، لە بەكتریا زۆر جیاوازن شێوەكەی لە تاج دەچێ، هەرچەندە كۆرۆنا جۆرێكی نوێی پەتاكەیە، بەڵام وەك ڤایرۆس پێشتریش هەبووە لەساڵی ۱۹٦٥ و ۲۰۱۲ و ساڵانی تریش، ئەوەی ئێستا هەیە ڤایرۆسەكان ماوە ماوە جۆری خۆیان دەگۆڕن.

خەڵك: كەسی تووش بوو چی بەسەر دێت؟
د.هێرش دەربەندی: كۆرۆنا كەسی تووشبوو تووشی نەخۆشی جۆگەی هەناسەی دەكات.

خەڵك: نیشانەكانی چین؟
د.هێرش دەربەندی: نیشانەكان زۆرن، دەكرێت كۆكەی وشك و ئاو لە لوت هاتن و لوت گیران بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەناسەتەنگی و ئازاری ماسولكە و بێ هێزی كەسی تووشبوو بێت، واتە بەشێویەكی گشتی نیشانەكانی نزیكن لەهەڵامەت، بۆیە نیشانەیەكی تایبەتمەندی نییە و بەڵكو هاوشێوەی نەخۆشیە ڤایرۆسیەكانی ترە.

خەڵك: پێویستە هاوڵاتی چی بكات؟
د.هێرش دەربەندی: خۆشبەختانە تائێستا ئەو پەتایە لەهەرێمی كوردستان و عیراق  تۆمار نەكراوە ئەمەش گرنگە، بۆیە هاوڵاتی نابێت بشڵەژێت، بەڵام خۆپاراستن و وەرگرتنی ڕێنمایی باشتر و كاریگەرتر و هەرزانترە، بۆیە هاوڵاتیان پێویستە ڕێنماییەكانی WHO ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی بخوێننەوە و ئاگاداربن.

خەڵك: نەخۆشیەكە چۆن دەستنیشان دەكرێت؟
د.هێرش دەربەندی: دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە لەڕێگای تاقیگەوە دەكرێت، لەبەرئەوە دەبێ خۆمان بپارێزین لەو كەسانەی نەخۆشی جۆگەی هەناسە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و پژمین كۆكەی زۆر بووە، كەسانی تووشبووش خۆیان بپارێزن تاكو ئەڵقەی گواستنەوە كەم بكەینەوە.

خەڵك: چۆن خۆمان بپارێزین؟
د.هێرش دەربەندی: زۆر گرنگە چۆن خۆمان بپارێزین بەهێزترین چەك بۆخۆپارێزی پاكوخاوێنی و دەستشووشتنە لە كاتی نان خواردن و ئامادەكردنی خواردن و دوای نان خواردن، كە تێكەڵاوی خەڵكت كرد، هەوڵبدە دەست لە دەم و لوت و چاوت مەدە، لە جیاتیان كلینیكس بۆ ئەو مەبەستان بەكاربهێنە، هەتا ئەوكاتەی دەست دەشۆیت یان تەعقیمی دەكەیت، دووركەوتنەوە لەكەسانی تووش بوو بە هەر پەتایەك، چونكە هەڵامەت و پەتایەكانی تریش هەمان نیشانەن، دووكەوتنەوە لە تەوقەكردن لەكاتی ناچاریشدا تەوقەت كرد بەتایبەت كەسێك هەڵامەتیشی بێت باشترە دەست بشۆیت، خۆت بپارێزە لەشوێنی داخراو و قەرەباڵغ  بەتایبەتی لەوانە كە دەكۆكن و دەپژمن، بەردەوام خواردنەوەی ئاو و شلەمەنیەكان، خواردنی باش و كوڵاو، وەرزش، چوونە بەر هەوای پاك و نەخواردنی گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش و ڕێگانەدان بەووشك بوونی قوڕگ و ناودەم، ئاڵوگۆڕی هەوای ژوورەكان و بەكارهێنانی كلێنس و ماسك.

خەڵك: كەسانی تووشبوو بەهەر پەتایەك دەبێ چی بكەن؟
د.هێرش دەربەندی: كەسێك كە تووشی هەر پەتایەك دێت باشترە كەلوپەلی خۆی نەدات بەكەس و كلێنس و ماسك بەكاربێنێ و پشوو وەربگرێت و خەوی زیاتر بكات، تێكەڵاوی كەسانی تر نەبێت تاكو هەم خۆی بەرگری لاواز نەبێت، هەم كەسانی تریش تووش نەبن، دەكرێت بڵێین ڕێنماییە خۆپارێزییەكان هەمان ئەو ڕێنماییانەن كەوا بۆ پەتایەكانی تری وەك هەڵامەت هەیە.

خەڵك: كۆرۆنا لەچیەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؟
د.هێرش دەربەندی: كۆرۆنا بەپێی سەرچاوە زانستیەكان لە ئاژەڵ و گیانلەبەرانەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە زۆر لەیەكەوە نزیكن، جا لەڕێگەی بەخێوكردنەوەبێت یان خواردنی ئەو جۆرە گیانەوەرانە.

زۆر لە ڤایرۆسە كوشندە و درمەكانی پێشووش هەر لەوێ سەریان هەڵداوە، ئەم جارەشیان، نیوەی نەخۆشەكانی مانگی دیسەمبەر پەیوەندیان بە ماركێتی فرۆشی بەرهەمی گیانەوەران وەیان خواردنی گیانەوەری ئاوی هەبووە.

چاوپێکەوتن

كۆرۆنا مانای چییە؟
چەند زانیارییەكی ورد و نەبیستراو لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا


خەڵك-ئارام سەردار
پزیشكێكی شارەزا لەتەندروستی گشتی ئاماژە بەمێژوو و سەرهەڵدانی نەخۆشیە ڤایرۆسیەكان دەكات، دكتۆر فەیسەڵ عارەب، پزیشكی شارەزا لەتەندروستی گشتی لەدیمانەیەكی لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك) دەڵێت، یەكەم بەڵگەی هەبوونی ڤایرۆسیش لەو تاقیكردنەوەیەدا دەركەوت كە زانا (دیمتری ئیڤانۆفسكی 1864 – 1920) لەسەر گەڵای ڕووەكی تووتن كردی، لەبارەی كۆڕۆناش وتی، خێزانی كۆڕۆنا بۆ یەكەمجار لەساڵی 1960 دا دۆزرایەوە و بەدرێژایی لێی كۆڵراوەتەوە.

خەڵك: دۆزینەوە و مێژووی كۆڕۆنا و ڤایرۆسەكان دەگەڕێتەوە بۆ كەی؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لەچین و هەندێك وڵاتی دیكەوە كەوتە ناو هاوڵاتیان. مێژووی دۆزینەوەی میكرۆبی (ڤایرس) Virus زۆر كۆن نیە هەرچەندە ڤایرۆس لەهەموو شوێنێكی سەر ئەم زەویە هەیە و زۆریش بڵاوە. هەردوو زانا (لویس پاستیۆر 1822 – 1895) و (ئیدوارد جینەر 1749 – 1823) بۆ یەكەمجار توانیان لەسەردەمی خۆیان كوتان Vaccine بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشیی خوریكە Smallpox دروست بكەن، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان نەیاندەزانی كە میكرۆبێك هەیە بەناوی ڤایرۆس كە ئەو نەخۆشیە تووشی منداڵان دەكات، بەڵام یەكەم بەڵگەی هەبوونی ڤایرۆس لەو تاقیكردنەوەیەدا دەركەوت كە زانا (دیمتری ئیڤانۆفسكی 1864 – 1920) لەسەر گەڵای ڕووەكی تووتن كردی، بەوەی گوشراوی ئەو گەڵایانەی كە تووشی نەخۆشیەك ببوون بەناوی Tobacco mosaic disease بەناو پاڵێوەریەكی (فیلتەرێكی) تایبەتدا برد كە نەیدەهێشت بەكتریا بەناو كونیلەكانیدا تێپەڕێ، كاتێك ئەو پاڵاوتەیەی دەستی كەوت بەسەر گەڵای تووتنی بێ نەخۆشی داكرد، بینی گەڵایەكان تووشی هەمان نەخۆشی بوون، بۆیە زانای هاوەڵی (مارتین بێژەرینگ 1851 – 1931) ئەو پاڵاوتەیەی ناونا ڤایرۆس (كە لەزمانی كۆن بەمانای ژەهر یان پاڵاوتە دێ).

خەڵك: لێكۆڵینەوەكان لەسەر ڤایرۆس بەچی گەیشتن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ئەم دۆزینەوەیە لەمێژوودا بەسەرەتای پەیدابوونی زانستی خوێندنی ڤایرۆس Virology دادەنرێ. ئەوكات وادەزانرا كە ڤایرۆس مادەیەكی شلە، بەڵام لێكۆڵینەوەكانی دواتر دەریانخست كە میكرۆبەكە لەسەر شێوەی دەنكۆڵەیە، هەروەها لەبەر ئەوەی ڤایرۆس زۆر بچووكە، بۆیە ئەوكات نەتوانرا بەوردبینی رووناكیی ئاسایی ببینرێ Light Microscope. هەتا ساڵی 1931 كە بۆ یەكەمجار وردبینێكی ئەلیكترۆنی Electron Microscope دروستكرا كە دەیتوانی تەنەكان بۆ 400 ئەوەندەی قەبارەی خۆیان گەورە بكا و بەمەش ڤایرۆس بینرا، لەبەر بچووكیی، قەبارەی ڤایرۆس بە (نانۆمەتر) دەپێورێ كە هەر یەك نانۆمەتر یەكسانە بە یەك هەزار ملیۆن بەشی مەترێك (یەك لەملیار بەشی مەتر). زۆربەی ڤایرۆسەكان لەنێوان 20 بۆ 200 نانۆمەتر درێژن.

خەڵك: ڤایرۆسەكان چەند جۆریان هەیە؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆسەكان زۆر شێوەی جیاوازیان هەیە. هەتا ئەوڕۆ پتر لە 5000 ڤایرۆس دەستنیشان كراون بەڵام باوەڕ وایە ژمارەیان لەیەك ملیۆن جۆر پتر بێ، بەگشتی ڤایرۆس (بەدانەیەك دەگوترێ Virion) لە ناوكێك پێكدێ كە مادەی بۆماوەی تێدا هەڵگیراوە. ئەو ناوكەش بەپەردەیەك دەورە دراوە پێی دەگوترێ قەپێلك Capsid. لەهەندێك ڤایرۆسدا لەدەرەوەی ئەو قەپێلكەش پەردەی دیكەی لەپرۆتین و شەكر و چەوری دروستكراو هەیە كە بەزۆری لەخانەی زیندەوەران وەریگرتووە لەكاتی زۆربوونی لەناو ئەو خانانەدا. ڤایرۆسەكان شێوەشیان جیاوازە، هەیانە خڕ و هەشیانە درێژووكانی و هەیە چەند لایە و چەند رووی هەیە.

خەڵك: چۆن پۆلێن دەكرێن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: بۆ پۆلێنكردنیان ڤایرۆسەكان دەكرێنە دوو پۆلی سەرەكی بەپێی مادەی بۆماوەی ناو ناوكەكەیان. ڤایرۆسەكان ماددە بۆماوەییەكەیان یان لەجۆری RNA یە یان لەجۆری DNA. ئەوجا ئەو مادە بۆماوەییەش لەهەندێكیان كورت و لەهەندێك درێژترەو لەهەندێكیان ڕستەیەكی ڕێكوڕاستە و لەهەندێكی دیكەیان پێچاوپێچ یان بازنەییە.
بێجگە لەوەش ڤایرۆسەكان لەسەر بنەمای شێوەو قەبارەش پۆلێن دەكرێن و هەندێكجار لەسەر بنەمای ئەو نەخۆشیانەشی كە پەیدای دەكەن دابەش دەكرێن، هەرچەندە بەگشتی زانایان هێشتا لەسەر پۆلێنكردنی تەواوی ڤایرۆسەكان ڕێك نەكەوتوون، چونكە هەر ڕۆژەو شتێكی تازەیان لەبارەوە دەدۆزرێتەوە، بەڵام بەگشتی ڤایرۆسەكانیان دابەش كردووە بۆ چەند خێزانێكFamily و هەر خێزانەی بۆ چەند ڕەگەزێك Genus و هەر ڕەگەزەش بۆ چەند ڕێچكەیەك Species هەر ڕێچكەیەكیش بۆ چەند زنجیرەیەك Strain.

خەڵك: ڤایرۆسەكان لەخانەی زیندوو یان نازیندوو زیاتر دەژین؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆس لەدەرەوەی خانەی زیندوودا ناژی و هیچ نیشانەیەكی ژیانی لێ نابینرێ وەكو: هەناسەدان و گەشەكردن و زۆربوون…هتد. دەكرێ لەتاقیگەشدا وەكو كریستاڵ هەڵبگیرێ. بۆیە زاناكانی زیندەوەرزانی، بەتایبەتی ئەوانەی بڕوایان بەبیردۆزی گەشەسەندن هەیە، پێیان وایە ڤایرۆسەكان ئەڵقەیەكن لەنێوان مادەی نازیندوو و مادەی زیندوو و زنجیرەی گەشەكردنەكانیان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و دەتوانن تووشی هەموو خانەیەكی زیندوو ببن، هەر لەبەكتریاوە بگرە تا دەگاتە زیندەوەرە یەكخانەییەكان و ڕووەك و هەموو گیاندارەكان بەمرۆڤیشەوە. هەروەها ڤایرۆسەكان هەر جۆرەو تایبەتمەندیەكی خۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە تایبەتە بەجۆرە شانەیەكی لەش Tissue Specific. بۆیە زۆر جۆرە نەخۆشیی ڤایرەسی هەنە، لەوانە: ڤایرەسی تایبەت بەنەخۆشیی پێست (بۆ نموونە: تامیسكە). ڤایرەسی جگەر (بۆ نموونە ڤایرەسەكانی سووتانەوەی جگەر كە چەند جۆرێكی هەیە لەوانە: A، B، C، D..)، ڤایرەسی كۆئەندامی هەناسە و سیپەلاكەكان (بۆ نموونە: ڤایرەسەكانی ئەنفلەوەنزا و كۆڕۆنا)، ڤایرەسی مێشك و دەمارەكان (بۆ نموونە: ڤایرەسی ئیفلیجی منداڵان)… تد. تەنانەت ڤایرەسی تووشبوون بەشێرپەنجەش هەیە (بۆ نموونە: نەخۆشیی لیمفۆما و هەندێك جۆری لوكیمیا).

خەڵك: ڕێگەكانی گواستنەوەی ڤایرۆس بۆ مرۆڤ جیاوازن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڕێگەكانی تووشبوون و گواستنەوەی ڤایرۆسەكان جیاوازن و هەر جۆرەو ڕێگەی تایبەت بەخۆی هەیە. بۆ نموونە، ڤایرۆسی كۆئەندامی هەناسە لەڕێی پڕیشكی دەم و كۆكەوە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسی جگەر هەیە لەڕێی خواردن و خواردنەوە و هەشیانە لەڕێی دەرزی لێدان و خوێن گواستنەوە و نەشتەرگەریی دیكەوە دەگوازرێنەوە، نەخۆشیە سێكسیەكانی ڤایرۆسی وەكو ئایدز لەڕێی كاری سێكسكردنەوە دەگوازرێنەوە.

خەڵك: بنەمای ناونانی ڤایرۆسەكان چین؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ناونانی زانستیی ڤایرۆسەكان لەسەر بنەمای ئەو مادە پڕۆتینیانەی لەناو خوێندا كاریان تێدەكا ناودەنرێن، بۆ نموونە: ڤایرەسی H1N1 لەوشەكانی Hemagglutinin &Neuraminidase هاتووە كە ژمارەكانیشان دەگۆڕێن بۆ 1و 2و 3 و4…هتد

خەڵك: لەبارەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا چی دەڵێن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆسی كۆڕۆنا تایبەتە بەتووشكردنی شانەكانی كۆئەندامی هەناسەدان، بەتایبەتیش ئەو خانانەی كە لەڕێبازی هەناسەدانن و مەمیلەیان هەیە بۆ گلدانەوەی هەر شتێك كە لەگەڵ هەناسە وەرگرتن بچێتە ژوورەوە. باوەڕ وایە كە لەسەرەتاوە ئەو ڤایرۆسە هی گیانداران بووە و دوایی بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە و پاشان وای لێهاتووە بتوانێ لەمرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی دیكە بگوازرێتەوە، خێزانی كۆڕۆنا بۆ یەكەمجار لەساڵی 1960 دا دۆزرایەوە و بەدرێژیی لێی كۆڵراوەتەوە. ئەو ناوەی كۆڕۆناشی Corona لەوەوە بەسەردا سەپێندراوە چونكە لەپەردەی دەرەوەیدا دڕكی لێ دێتە دەرەوە كە وەكو خەرمانە (جۆخینە)ی خۆر و مانگ وایە. (لەزمانی ئینگلیزیدا كۆڕۆنا واتە ئەوەی دەورەی شتێك دەدا و بۆ تاجی پاشایەتی و دەستوپێوەندەكانی دەوروپشتی بەكارهاتووە).
مادە بۆ ماوەییەكەی ئەم ڤایرۆسە لەجۆری RNAیە و بەدرێژترین رستەی ناو ناوكی ڤایرەسەكان دادەنرێ كە ژمارەی ئەمینەكانی كە پێكی دێنن Amine Bases دەگاتە 26000 هەتا 32000. تا ئێستا چوار رەگەز لەو خێزانە دۆزراونەتەوە كە پیتەكانی ئەلفا و بێتا و گاما و دەلتایان بۆ دانراوە.

خەڵك: جیاوازیان چیە؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: جۆری ئەلفا و بێتا تووشی گیاندارە شیردەرەكان دێن، لەوانە شەمشەمەكوێرە و بەراز و سەگ و مرۆڤیش. جۆری گاما بەزۆری تووشی باڵندەكان دەبن، بەڵام جۆری دەلتا دەتوانی تووشی باڵندە و شیردەرەكانیش ببێ.

خەڵك: نیشانەكان چین؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: نیشانەكانی تووشبوون بەنەخۆشیەكە لەگیانداران و باڵندەكان جیاوازن. هەندێك لەو زنجیرە ڤایرۆسانە بەراز و عەلەشیش (قەل) تووشی زگچوون دەكەن، بەڵام نیشانەكانی لەمرۆیاندا زۆرتر بەهەڵامەت دەچێ و رێبازی هەناسەدان دەسووتێنێتەوە.
چەند زنجیرەیەكی بەترس لەم دواییە لەو ڤایرەس پەیدا بوون، لەوانە: ئەو كۆڕۆنایەی ئەمڕۆ كە ناویان لێناوە Covid-19 كە بۆ یەكەمجار لەوڵاتی چین و لەشاری (وهان) پەیدابوو. دەزگا تەندروستیەكانی ئەو وڵاتانە پێیان وایە ڤایرۆسەكە لەمارەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، بەڵام هەندێك دەڵێن لەشەمشەمەكوێرەوە بووە، چونكە یەكەمجار لەناو ئەو كەسانە بینرا كە ڕاوی ئەو گیاندارانە دەكەن و دەیانخۆن.
جۆری SARS لەو ڤایرۆسە یەكەمجار لەساڵی 2003 هەر لەوڵاتی چین وەكو پەتا پەیدابوو، كە هەر جۆرە زنجیرەیەكە لە كۆڕۆنا و سەرەتا لەساڵی 2002 لەشاری (كوانگدۆنگ) دەستنیشانكرابوو.
هەروەها جۆری MERS لەساڵی 2012 لەوڵاتی سعوودیە دۆزرایەوەو نیشانەكانی بریتیبوون لەكۆكە و پشمین و هەناسەسواری و هەندێك لەتووشبووان تووشی زگچوونیش دەهاتن. سەرچاوەی ئەو جۆرەیان دیار نەبوو، بەڵام هەندێك پێیان وابوو لەحوشترەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە.

خەڵك: ئەو كێشانە چین لەڤایرۆسەكانەوە تووشمان دەبن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: كێشەی ئەو نەخۆشیانەی ڤایرۆسەكان تووشمان دەكەن لەوەدایە كە میكڕۆبەكە هەرجارەو بەشێوەیەكی تازە مادە بۆماوەییەكەی خۆی دەگۆڕێ Mutation كە پێشتر جەستەی مرۆڤ نەیبینیووەو نایناسێتەوە بۆ ئەوەی بەرگریی لێبكا. جەستەی مرۆڤ سیستەمی بەرگریی خۆی هەیە كە بێجگە لەپێست و پەردەكانی ناوپۆشی ئەندامەكان، خانە و پڕۆتینیش Antibody دروست دەكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی میكڕۆب و تەنە نامۆیەكانی كە دێنە ناو لەشەوە. هەر میكڕۆب یان تەنێكی نامۆ بێتە ناو لەشەوە، ئەو سیستەمە خانە و پرۆتینی لەدژ دروست دەكا بۆ لەناوبردنی. ئەو خانە و پرۆتینانە هەر دەمێنن ئەگەر كەسەكە چاك ببێتەوەو ئەگەر جارێكی دیكە هەمان میكرۆب روو لەجەستەی بكەنەوە، ئەوا یەكسەر ئامادەن بۆ بەرگریكردن و لەناو بردنی، بەڵام ڤایرۆسەكان كە خۆیان دەگۆڕن، سیستەمی بەرگریی پێشوو نایاناسێتەوە، بۆیە بەرگریان لێناكا. هەتا بەرگریەكی تازەشیان بۆ ئامادە دەكا، ئەوا میكڕۆبەكە كاری خۆی دەكا، هەر لەبەر ئەوەشە هەتا كوتانێك بۆ نەخۆشیەكی لەوجۆرە دروست دەكرێ و دێتە بەرهەم، جۆرێكی دیكەی ڤایرۆس پەیدا دەبێ كە ئەو كوتانە بۆی هیچ سوودێكی نابێ، بۆیە نەخۆشیەكانی ڤایرۆس زۆرتر لەپیر و بەساڵاچوو و نەخۆش و ئەوانەی بەرگریان كەمە بەترسترە و كوشندەترە.
تا ئێستا چەندان دەرمان و كوتان بۆ ڤایرۆسەكانی پێشتر و ڤایرۆسەكانی ئەنفلەوەنزا بەتایبەتی دروست كراون، بەڵام هێشتا هەر خۆپاراستن لەهەموو ئەو رێگایانە باشترە.

خەڵك: هاووڵاتیان چۆن خۆیان بپارێزن؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: بۆ خۆپاراستن لەهەموو ڤایرۆسەكان و بەڤایرۆسی كۆڕۆناشەوە، پاكوخاوێنی و دووركەوتنەوە لەكەسی تووشبوو و بەكارنەهێنانی كەلوپەلی گومانلێكراو باشترین رێگەیە. هەروەها بۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەوەی زانرابێ تەنیا لەڕێگەی پڕیشكی دەمولووت و دڵۆپی هەناسە و لیكاو دەگوازرێتەوە، بۆیە دەمامك بۆ دەمولووت گرنگە، پاشان زوو زوو دەستەكانت بشۆی، بەتایبەتی كە دەست دەدەیە شتێك كە ڕەنگە پڕیشكی دەمی كەسێكی تووشبووی لەسەر بێ. باشترە دەست نەدەیە دەمولووت و ناو چاوت پێش ئەوەی بیشۆی چونكە ڤایرۆسەكە بەسەر پەردەی لینجی ئەو شوێنانەوە دەگیرسێتەوەو دەچێتە ناوەوە. دەستگوشین و ماچكردنیش دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایرەسەكە، لەهەمان كاتدا دووركەوتنەوە لەو شوێن و كەسانەی جێی گومانن بۆ مەترێك یان پتر نایەڵێ پڕیشكت بگاتێ، باوەڕ وایە لەڕێی هەواوە ناگوازرێتەوە، واتە لەشوێنێكی دوور بۆ شوێنێكی دیكە بەهەوا ناڕوا.

خەڵك: نیشانەكانی كۆڕۆنا لەماوەی چەند دەردەكەوێت؟

دكتۆر فەیسەڵ عارەب: ڤایرۆسەكە لەو ڕۆژەی كە دەچێتە ناو جەستەوە تا یەكەمین نیشانەی نەخۆشیەكە دەردەكەوێ نزیكەی دوو حەفتەیە (لەزانستی پزیشكی پێی دەڵێن ماوەی هەڵهێنان) Incubation Period. باوەڕ وایە هەر لەیەكدوو ڕۆژی گرتنی ڤایرۆسەكە، ئەو كەسە ڤایرۆسەكە لەپڕیشكی دەمولووتی دەردەچێ و دەگوازرێتەوە. كە نیشانەكانیشی دەردەكەون، سەرەتا وەكو پەسیو (هەڵامەت) وایە، ئاو لەلووت و چاوەكان دێتە خوارێ و كۆكە و پشمین و تا و هەناسەسواری و سینگ ئێشان تا دەبێتە سووتانەوەیەكی تیژی سیەكان و هەناسەدان زەحمەت دەبێ و ئەوجا دەمرێ.
ئەو ئامێرانەی كە بۆ ڕووماڵكردنی خەڵك لەفڕۆكەخانە و شوێنە گشتیەكاندا بەكار دەهێنرێن، ئەوانە جۆرە كامێرایەكن كە بەتیشكی ژێرسوور كاردەكەن و دەتوانن وێنەی كەسێكی كە تای لێبێ لەیەكێكی دیكەی ساغ و بێ تا جودا بكەنەوە، چونكە ڕەنگی كەسی تادار لەسەر شاشەكەی پێشی پشكێنەر جیاواز دەردەكەوێ لەوەی كە تای لێ نیە. ئامێرەكان زۆرجۆر و شێوە و قەبارەیان هەیە و وڵاتی چین هەرخۆی ئێستا كارگەكانی برەویان تێكەوتووە و ڕۆژانە هەزاران لەو ئامێرانە بەرهەم دێنن بۆ خۆیان و وڵاتانی دیكەش. دەڵێن هەستیاریی ئەو ئامێرانە ئەوەندەیە كە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش بەبڕێكی بچووك وەك 0.07ی پلەیەك دەدۆزێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

د. محەمەد: تووشبوون بە كۆرۆنا مانای مردن نییە


خەڵك-ئارام سەردار
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تووشبون بە كۆرۆنا مانای ئەوە نیە مرۆڤ بەرەو مردن دەچێت، چونكە تائێستاش ڕێژەی مردن بە كۆڕۆنا لە ٤٪ە، د. محەمەد قادر بۆ (خەڵك) وتیشی، “بەدواداچوون بۆ گلەیی و ڕەخنەی هاووڵاتیان لە كەرتی تەندروستی دەكەین”.

خەڵك: دۆخی نەخۆشخانە حكومییەكان لە هەرێم قسەی زۆری لەبارەوە دەكرێ، بەوەی وەك پێویست بەدەم نەخۆشەوە ناچن، پزیشك وەك پێویست ئێشك ناگرێ، سستی و ئیهمالی هەیە، ئاگاداری گلەیی و گازاندەی خەڵكن؟ لەمبارەیە چی دەكەن تا وردتر ئاگاداری كاری نەخۆشخانەكان بن؟

د.محەمەد قادر: دۆخی نەخۆشخانەكان و گلەیی هاووڵاتیان دوو جۆرە، یەكێكیان لێكتێنەگەیشتن هەیە لەنێوان هاووڵاتیان و پزیشكان سەبارەت بەجیاكردنەوەی ئەو نەخۆشانەی حاڵەتی فریاكەوتنن و ئەوانەشی فریاكەوتن نین، بۆیە ئەوانەی فریاكەوتن نین لەڕاوێژكاریەكان دەبینرێن و كاتێك دەگات بەوەی چارەسەری لەوێ نیە ناڕەزایی لێ دەكەوێتەوە، حاڵەتی دووەم ڕەنگە گلەیی و گازاندەكان لەشوێنی خۆی بێت وەك ئەوەی لەهەندێ شوێن پزیشك لەشوێنی خۆی نەبێت، ئێمە لەڕێگای لێژنەكانی پشكنین و بەدواداچوون، بۆ هەموو نەخۆشخانە و دەزگاكانی سەر بەوەزارەتمان بەدواداچوون دەكەین، تەنانەت بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەكان و كۆگا و دەرمانخانەكانیش، بۆیە هاووڵاتیان هەر كەمتەرخەمیەكیان بینی لەهەر شوێنێك بەڕێوەبەری ئەو شوێنە ئاگادار بكەنەوە، ڕێكاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر پزیشك و كارمەندێك كەمتەرخەم بێت دەگیرێتەبەر.

خەڵك: پەتایەكی توند و كاریگەر ئێستا لە هەرێم بڵاوە؟ هەر پەتایەكی ئاساییە یان جۆرێكی جیاوازی درم و پەتایە و هاتۆتە هەرێم؟ دەرمان و پێداویستی تایبەت بەم پەتایە بوونی هەیە؟ ئایا وەك وەزارەت هیچ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەیەكتان هەیە بۆ ئەم دۆخە؟ بە ئاكامێك گەیشتوون، كە پەتاكە نەخۆشییەكی ئاساییە؟

د.محەمەد قادر: لەدوای مانگی تشرینی یەكەم پەتای ئەنفلۆنزای H1N1 بڵاوبۆوە لەگەڵ پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی، كە هەر هەبوو، چەند حاڵەتێك لەهەولێر و سلێمانی و دهۆك تۆماركرا و چارەسەری پێویست كرا و پەتایەكە بەرەو نەمان دەچێت، بۆ كەسانی تووشبوو بەپەتاكەش شوێن و كارمەندی تایبەتیان بۆ دابین كرابوو، هەرچەندە ئەو جۆرە پەتایانە لەم وەرزە بەردەوام دەبن، بەڵام مەرج نیە هەمووی بەم شێوەیە تووند و بەهێزبێت، بەردەوامیش هۆشیاری بڵاودەكەینەوە لەبارەی هەموو پەتا وەرزیەكان بەڕێگەی جیاواز.

خەڵك: لەگەڵ بەغدا هەناهەنگی هەیە بۆ ڕەوانەكردنی دەرمان؟ چونكە پێشتر لە زاری پەڕلەمانتارانی كورد ئەوە ڕاگەیەنرا، كە بەغدا دەرمانی پێویست ڕەوانەی هەرێم ناكات.

د.محەمەد قادر: دەنگۆی نەهاتنی دەرمان لەبەغداوە بەم شێوەیە نیە، بەڵكو پێشتر بەشێوەیەك لەگەڵ بەغداد ڕێككەوتبووین بەڕێژەی لە ۱۷٪ دەرمانمان بۆ دەهات، بەڵام ئێستا ئەوە گۆڕاوە بەپێی پێویستی دەرمان دێت، كە بۆ هەرێم و بەغدادیشش سوودی هەیە، ئێستاش ئاستی دەرمان زۆر باشتر بووە لەپێشووتر، پرسی كەم بوونی هەندێ دەرمان تایبەت بەچەند پسپۆڕیەكیش لەبەغدادیش هەیە، حكومەتی هەرێمیش بەردەوام ئەو دەرمانانەی پێویستن جگە لەوەی لەبەغداد دێت لەڕێگای كۆپانیا ناوخۆیی و بیانیەكان دابینی دەكات.

خەڵك: لە ڕووی بینای نەخۆشخانە هەرێم ژمارەی تەواوی نەخۆشخانەی پێویستی هەیە؟ پلان هەیە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە لە ناوچە دوورە دەستەكان؟ چونكە زۆر شارۆچكە و شارەدێیەكان گیرۆدەی دەستی نەبوونی نەخۆشخانەن؟

د.محەمەد قادر: نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان تاڕاددەیەكی باش پێداویستی ناوخۆ پڕدەكەنەوە، بەڵام ئێمە خواستمان هەیە نەخۆشخانەی نوێ دروست بكەین و نەخۆشخانەكانی هەن گەورەتریان بكەین ۆ ڕێژەی كارمەندانیش زیاتر بكەین، بەڵام لەهیچ شوێنێكی جیهان نیە لە هەموو شارۆچكەیەك یان شارە دێیەك پسپۆڕیەكی ورد بەئامێری زۆر پێشكەتوو هەبێت، بەڵكو بەپێی سیستەمی تەندرووستی جیهانی پسپۆڕیە وردەكان لەشارە گەورەكان دەبێت، لە شارۆچكە و شارە دێیەكانیش لەنەخۆشخانەكانی فریاكەوتن باری تەندروستی نەخۆش جێگیر دەكرێت و ئەگەر پێویستی بە پسپۆڕی ورد هەبێت ڕەوانەی شارە گەورەكان دەكرێت.

خەڵك: سەبارەت بە هەوڵەكانی وەزارەت بۆ بە هەمیشەیی كردنی دامەزراوانی گرێبەست چ شتێك لە ئارادایە؟

د.محەمەد قادر: كاتێك گرێبەستەكان دەكرێن بەهەمیشەیی، كە پسپۆڕیەكانی سەرجەم گرێبەستانی وەزارەتی تەندروستی جیابكرێنەوە، بەپێی پسپۆڕیەكانیان، چونكە هەموو كارمەندان ناكرێن بەهەمیشەیی، بەڵكو ڕەنگە ئەو كارمەندانە بكرێن بەهەمیشەیی كەوا پسپۆڕیەكانیان زۆر پێویستن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەسەر ئەمە نیە.

خەڵك: ئەی سەبارەت بە داوای دەرچووانی بەشە جیاوازەكانی تەندروستی چ هەوڵێك هەیە بۆ دامەزراندنیان؟

د.محەمەد قادر: وەزیری تەندروستی لەگەڵ سەندیكاكانی بەشە جیاوازەكانی تەندروستی و ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ دامەزراندنی ئەو دەرچووانە كۆمەڵێك پێشنیاری خستۆتەڕوو، كە بەشێوەیەك لەشێوەكان شوێنیان بۆ بكرێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا پێشنیارەكان لەگفتووگۆدان و بڕیاری لەسەر نەدراوە.

خەڵك: ڕێنماییتان چیە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا؟

د.محەمەد قادر: ڕێنماییەكانی خۆپارێزی هەر ئەو ڕێنماییانەن كەوا بۆ خۆپارستن لە ئەنفلۆنزای وەرزی و ئەنفلۆنزای H1N1 بووە، كە ئەویش گرنگیدانە بە پاك و خاوێنی دەست شووشتن لە دوای سەرئاو و پێش نان خواردن و دەستدان لەهەرشتێك، كە هەوای بەردەكەوێت، دووركەوتنەوە لەشوێنی قەرەباڵغ و ئەو كەسانەی كێشەیان لە كۆئەندامی هەناسە هەیە یان كۆكە و پژمینیان هەیە، بەكارهێنانی دەمامك لەشوێنی قەرەباڵغ، لەكاتی بوونی حاڵتی ژانەسەر، كە كۆكە و پژمینی لەگەڵدابێت یاخوود سووتانەوەی قورگ پێوێستە سەردانی پزیشك بكات.

خەڵك: ڕێژەی مردن بەم نەخۆشیە چەندە؟

د.محەمەد قادر: هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە، كە تووشبون بە كۆرۆنا مانای ئەوە نیە مرۆڤ بەرەو مردن دەچێت، چونكە تائێستاش ڕێژەی مردن بە كۆڕۆنا لە ٤٪ە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

“كەسانی ناشایستە خۆیان خزاندووەتە ناو زیندانییانی سیاسییەوە”


خەڵك – نزار جەزا

لێپرسراوی بەشی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە مەکتەبی خزمەتی پێشمەرگەو تێکۆشەرە دێرینەکان ڕایدەگەیەنێت، زیندانیانی سیاسی هەرێم 43% مووچەی زیندانییانی سیاسی عیراق وەردەگرن و بەردەوام لەهەوڵدان بۆئەوەی مووچەكانیان هاوتای عیراق بكرێت. وتیشی:”نزیكی 8 هەزار كەس بەناشایستە خۆی بەزیندانی سیاسی نووسیوە”. هاوكات جەختی لەوەشكردەوە، بەهیچ شێوەیەك مەترسی بڕینی مووچە یان كەمكردنەوەی مووچە لەسەر هەشت وەجبەی یەكەمی زیندانییانی سیاسی نابێت”.

مام هەژار لێپرسراوی بەشی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە مەکتەبی خزمەتی پێشمەرگەو تێکۆشەرە دێرینەکانلەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك) باس لەهەوڵەكانی هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازاتەكانی زیندانییانی سیاسی هەرێم بە زیندانییانی سیاسی عیراق دەكات، هاوكات باس لەكەموكوڕییەكانیان و مەترسییەكانی بڕین و كەمكردنەوەی مووچەكانیان لەپاش چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێم دەكات، لەلایەكی ترەوە ئاماژە بە خەوشی ناو لیستی زیندانییانی سیاسی و چەند پرسێكی تر دەكات.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

خەڵك: پاش تەواوبوونی شەڕی داعش و ڕاگەیاندنی كۆتاییهاتنی قەیرانی دارایی لە هەرێم، بەگشتی لەئێستادا دۆخی زیندانییانی سیاسی چۆنە؟

مام هەژار: لەژێر پاساوی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشدا، قوربانی یەكەم دوای پێشمەرگەكانی بەرەی پێشەوەی شەڕی تیرۆر زیندانییانی سیاسین، چونكە هەر لەسەرەتای شەڕی داعشەوە تائێستا و پێشتریش نادادپەروەرانە ڕووبەڕوویان وەستاونەتەوە، لە هەرێمی كوردستان 23 هەزار و 700 زیندانی سیاسی ناویان تۆماركراوە، بەڵام بەداخەوە تەنها 5 هەزار و 261 زیندانی سیاسی خاوەنی مووچەی مانگانەن، كە مووچەكەیان لە 43%ی مووچەی زیندانێكی سیاسییە كە لەسەر بەغدا ناوی تۆماركراوە، ئەمەش غەدرێكی گەورەیە لەو زیندانییە سیاسییانە.

هاوكات 15 هەزار و 408 زیندانی سیاسی تر پشتڕاستكراونەتەوە، كە نزیكی هەشت هەزاریان پێناسی مووچەیان بۆ كراوە، بەڵام مووچەیان بۆ خەرجنەكراوە، ئەمەش هەرگیز لەهیچ شوێنێكی جیهان نەبووە كەسێك پێناسی مووچەی هەبێت و بەبیانووی قەیرانی داراییەوە مووچەیان پێنەدرێت، تەنانەت مووچەی ئەمانە ناگاتە داهاتی 10%ی ئەو داهاتەی كە لە تەنكەرە نەوتە قاچاغەكانەوە دەستدەكەوێت.

خەڵك: تا چ ڕادەیەك جیاوازی حزبی لەنێوان زیندانییانی سیاسی دەكرێت؟

مام هەژار: ڕاستە من كادری پێشكەوتووی یەكێتیم و ئەندام مەكتەبم، بەڵام كاتێك ناوی 15 هەزار و 408 زیندانی سیاسیم پێشكەش بەجێگری سەرۆكی حكومەت (هاوڕێی خۆشەویستم كاك قوباد تاڵەبانی كردووە) كە زەوییان پێشكەش بكرێت، حزبەكانم جیانەكردووەتەوە، بەڵكو لیستی ناوەكان زیندانییانی سیاسی هەموو حزبەكانی تێدایە، تەنانەت دەیان كادری حزبی تر سەردانی كردووم و هاوكاری و خزمەتمان كردوون.

خەڵك: هەوڵەكانتان بۆ خزمەتكردنی زیاتری زیندانییانی سیاسی چۆن بووە؟

مام هەژار: ئەو پێنج هەزار زیندانییە سیاسییەی مووچەیان هەیە، زەوییان پێدراوە، سنووری زەوییەكانیان بۆ جیاكراوەتەوە، بەڵام جوتیارەكانی ئەو ناوچەیە بەپشتبەستن بەهەندێك “چەكدار و پشتێن پان” هەموو ئەو زەوییانەیان كێڵا و تۆویانكردووە، بۆیە زیندانییانی سیاسی نەیاندەوێرا نزیكی زەوییەكانیان ببنەوە و نەشیاندەزانی كامەیە زەوییەكەیان، چونكە هەمووی كێڵدراوە، بۆ ئەم مەبەستە لەڕێگە سەلمە فاتیحەوە پەیوەندیمان بە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگاوە كرد و قائیمقامیش لەڕێگەی بەشی یاساوە فۆڕمێكی بەجوتیارانی ئەو ناوچەیە پڕكردەوە كە جارێكی تر مافی ئەوەیان نییە ئەو زەوییانە بكێڵن.

هاوكات ئەو زەوییانەی لە هەولێر بەسەر زیندانییە سیاسییەكاندا دابەشكراون، تەنها بەكارتێكی شارەوانی پێیاندراوە و تاپۆ نەكراون، كە ئەمە سێ بۆ چوار ساڵ تێپەڕیوە و هێشتا بۆیان تاپۆ نەكراوە، بۆیە دەبێت برادەرانی هەولێر هەر چاوەڕێبكەن و بڵێن:”ئەم نانە بۆ ئەو دۆشاوە”، بۆئەمانیش هەوڵمان هەبووە بەڵام ئەنجامی نەبووە.

زۆر سوپاسم بۆ وەزیری كاروباری شەهیدانی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم مەحمود حاجی ساڵح و بەڕێوەبەری گشتی كارگوزاری و خزمەتگوزاریی شەهیدان و ئەنفال و زیندانییانی سیاسی پارێزەر ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەهەموو لایەك هەوڵێكی باشیاندا بۆ ئەوەی 5 هەزار و 69 زەوی بۆ خێزانی ئەنفال دابینبكرێت، هاوكات بەبڕیاری جێگری سەرۆكی حكومەت و بەهەوڵی ئەو تێكۆشەرانە توانرا دوو هەزار 674 زەوی بۆ زیندانییانی سیاسی تر دابین بكرێت و بڕیاری بۆ دەربچێت، هەرچەندە ئەم بڕیارە جارێ جێبەجێنەكراوە، بەڵام دەرچوونی بڕیارەكە جێی دڵخۆشییە.

خەڵك: تاچەند لیستی ناوی زیندانییانی سیاسی خاوێنە و دوورە لەناوی دووبارە و كەسانی ناشایستە؟
مام هەژار: ئەو كۆمەڵە زیندانییە سیاسییەی سەرەتا (پێنج وەجبەی یەكەم) لەلیژنەی سەر بەدەزگای زیندانییانی سیاسی بەغداد ساغكراونەتەوە و لەگەڵ ڕێزمدا ئەمانە زیندانی سیاسی عەیارە 24ن و هەمووشیان كە زیاتر لە 5 هەزار كەسن، ناوەكانیان بڵاوكراونەتەوە و هەر كەسێك گومانی لەیەك كەسیان هەیە با ئاگادارمان بكاتەوە، هەروەها (وەجبەی شەش و حەوت و هەشت)یش بڕواناكەم ئەگەر كەسێك تێبینی لەسەریان هەبێت، چونكە ئەمانیش لیژنەی هاوبەشی هەرێم و بەغداد ساغیكردوونەتەوە، بەڵام لە (وەجبەی نۆ بۆ 17یان 18) دڵنیام زیاتر لە 8 هەزار ناوی نادروستە و زیندانی سیاسیی نییە، تەنانەت ڕەنگە ئەندامی كۆمكاری زیندانییانی سیاسی هەبێت پێی وابێت، 10 هەزاریشی زیندانی سیاسی نەبێت.

خەڵك: كاتێك گومانتان لەم كەسانە هەیە، كەواتە بۆچی تۆماركراون؟

مام هەژار: لەسەر بنەمای یاسا ئەم كەسانە تۆماركراون، بەجۆرێك بەپێی یاساكە هەر كەسێك دوو شاهیدی لەناو زیندان هەبێت یان چوار كەس لەدەرەوەی زیندان ئاگاداربووبێت و شاهیدی بۆ بدات، ئەوا بەزیندانی سیاسی دەنووسرێت، ئەمەش گرفتی دروستكردووە، چونكە چەند كەسێك پێكەوە ڕێكدەكەون بەدرۆ شاهیدی بۆ یەكتر دەدەن و بەدرۆ سوێند بە قورئان دەخۆن كە زیندانی سیاسی بوون، لەو كاتەشدا نە دادوەر و نە لیژنەكان تاوانبارن.

لەلایەكی ترەوە هەر بەپێی یاسا هەندێك كەسی تر بەناوی ئەوەی چەكیان بۆ پێشمەرگە بردووە خۆیان خزاندووەتە ناو لیستی زیندانییانی سیاسییەوە، خەڵك هەیە قاچاغچی بووە و دەستگیركراوە، ئێستا دەڵێت من چەكم بۆ پێشمەرگە بردووە و بەخۆی دەڵێت زیندانی سیاسی.
ئەم جۆرە فرتوفێڵانە وای كردووە كەسانی ناشایستەی نا زیندانیی سیاسی خۆیان بخزێننە ناو لیستی زیندانییانی سیاسییەوە.

خەڵك: ئەم كەسانە مووچە وەردەگرن؟

مام هەژار: بەپێی پڕۆژە یاسای چاكسازی پێداچوونەوە بە فایلی هەموو ئەوانەدا دەكرێت و وردبینییان بۆ دەكرێت و بەپێی زانیارییەكانم هەتا پاكسازی لەم لیستەدا نەكرێت مووچە بۆ هیچ زیندانییەكی سیاسی نوێ نانووسرێت.

خەڵك: زیادكردنی ناوی زیندانییانی سیاسی بە بەرنامە بووە، یان خۆڕسكانە خەڵك خۆی كردوویەتی؟

مام هەژار: لە سلێمانی كۆمەڵێك خەڵك دروستببون كە تۆڕێك بوون و بەپارە سوێندیان بەقورئان دەخوارد و شاهیدییان دەدا، كە كەسێك زیندانی سیاسییە، ئەو كەسانەش دەستگیركران و بەڵێننامەیان پێ پڕكرایەوە، كە جارێكی تر نەچنەوە سەر ئەو كارە، بەگشتی بە بەرنامە نەبووە، بەڵكو خەڵك خۆی كردوویەتی.

خەڵك: هەوڵەكان بۆ هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازەكانی زیندانییانی سیاسی هەرێم بە زیندانییانی سیاسی عیراق بەكوێ گەیشتووە؟

مام هەژار: زیاتر لە سێ ساڵە هەوڵی دڵسۆزانە لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەڕێوەبەرایەتی زیندانییانی سیاسی و هەڤاڵی بەڕێزمان ئامانج ڕەحیم و ئەحمەدی مام ڕەسوڵ و مەحمود حاجی ساڵح دراوە، كە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی كوردستان هەموار بكرێتەوە بەیاسای ژمارە 4ی ساڵی 2006 هەمواركراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەڕووی مووچە و زەوی و مینحە و پێشینەی خانو و خوێندن و گەشت و چارەسەری پزیشكی و زۆر بواری تر.

دوا هەوڵیش ئەوەبوو، كە لیژنەیەكی زیندانیانی سیاسی بەنوێنەرایەتی هەموو حزبەكان، چاویان بەجێگری سەرۆكی حكومەت كەوتبوو، كە سەرەكیترین داواكارییان لێی ئەوەبوو، یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی كوردستان هەمواربكرێتەوە بەیاسای ژمارە 4ی ساڵی 2006 هەمواركراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

هەوڵێكی تریان ئەوەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم ناتوانێت ئەو خاڵە جێبەجێ بكات، با بمانخەنە سەر حكومەتی عیراق و ساغیانبكەنەوە.

كۆتا بەڵێن ئەوەیە كە قوباد تاڵەبانی وتویەتی:”بەڵێنتان پێدەدەم لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم زۆر بەوردی دیراسەی داواكارییەكانتان دەكەین و هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدەین”.

خەڵك: ئەگەر ئیمتیازەكانی زیندانییانی سیاسی هەرێم لەگەڵ زیندانییانی سیاسی عیراق هاوتای یەكتر بكرێنەوە، ئەو گۆڕانكارییانە چین كە ڕوودەدەن؟

مام هەژار: زیندانییانی سیاسی لە هەرێم بەخششی 500 هەزار دینار وەردەگرن و بۆ هەر ساڵێك زیندانی 50 هەزاری دەچێتە سەر، بەڵام لەعیراق ملیۆنێك و 200 هەزار دینارە. بەپێی یاساكەی هەرێمی كوردستان ئەو بەخششە بۆ 10 ساڵە، بەڵام لە بەغدا بۆ 25 ساڵە و دەنگۆ هەیە بكرێت بە هەمیشەیی. لە هەرێم مووچەی خانەنیشینی و بەخششی زیندانی سیاسی بەجیا وەردەگیرێت، بەڵام لە بەغدا دەكرێت بە یەك و لەبانك وەریدەگیرێت. بەپێی یاسا دەبوو هەر زیندانێكی سیاسی كە زەوی وەرگرتووە بڕی 20 ملیۆن دینار وەربگرێت، بەڵام تائێستا 20 فلسیشمان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا لە بەغدا 30 ملیۆن دینارە. لە هەرێمی كوردستان تەنها یەك منداڵی زیندانی سیاسی بۆی هەیە لەسەر ئەركی حكومەت بخوێنێت، بەڵام لە عیراق هەموو منداڵەكانی لەسەر ئەركی حكومەت دەخوێنن. لەڕووی تەندروستییەوە هەموو چارەسەرێكی زیندانی سیاسی لەعیراق لەسەر ئەركی حكومەتە، بەڵام لێرە بەو جۆرە نییە. كۆمەڵێك جیاوازی تریش هەیە، كە ئەمانەی باسمكرد سەرەكیترینیان بوون.

خەڵك: هەوڵێك بۆ پێداچوونەوەی لیستی ناوی زیندانییانی سیاسی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە هەبوو، ئەگەر ئەم هەوڵە سەربگرێت هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟ ئایا ئەم هەنگاوە گونجاوە؟

مام هەژار: كاتێك حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان خۆیان بڕیاری پاكسازییان داوە، پێویست ناكات “ئاردی خۆمان بدەینە دەست بێژینگی عیراق”، لەڕوانگەی تەعەسوبەوە ئەمە ناڵێم، بەڵام هەڤاڵانی خۆمان گۆشتیشمان بخۆن ئێسقانمان ناشكێنن، بۆیە من داوا دەكەم لەوەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان و لیژنەی تایبەت بە پاكسازی لە لیستی زیندانییانی سیاسی و شەهیدان، لیژنەی خۆماڵی ئەو پاكسازییە بگرنە ئەستۆی خۆیان.

خەڵك: ئەگەر حكومەتی هەرێم چاكسازی بكات و پاكسازی لە لیستی ناوی زیندانییانی سیاسیدا بكات، هیچ مەترسییەك لەسەر كەمبوونەوەی مووچەی ئێوە دەبێت؟

مام هەژار: بەهیچ شێوەیەك مەترسی بڕینی مووچە یان كەمكردنەوەی مووچە لەسەر هەشت وەجبەی یەكەمی زیندانییانی سیاسی نابێت و ئەو كەسانەشی كە دوای پاكسازی بڕیاری مووچە بۆ بڕینەوەیان بۆ دەدرێت، یەك دیناری ئەم چەند ساڵەی ڕابردوویان نافەوتێت و بەهەوڵی دڵسۆزان مینحە و زەویش وەردەگرن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان