وڵاتێك دەگەڕێتەوە بۆ كاركردن بە كاتژمێری هاوینە


پەرلەمانی میسر ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر جێبەجێکردنی کاتەکانی ڕۆژ بەپێی كاتژمێری هاوینە و زستانە، ئەمەش دوای نزیکەی ٨ ساڵ لە ڕاگرتنی.

دوو شەممە، پەرلەمانی میسر ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد، کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش کرابوو، سەبارەت بە پەسەندکردنی سیستەمی جێبەجێکردنی کاتەکانی ڕۆژ لە وڵاتەکەدا، ئەمەش دوای نزیکەی 8 ساڵ لە ڕاگرتنی.

بەگوێرەی میدیاکانی میسر؛ بڕیارە لە کۆتا هەینی ئەم مانگی نیسانەوە دەست بە جێبەجێکردنی کاتی هاوینە بکات، تاوەكو نیوەشەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10)، ئەوەش بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی میسر لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا.

لەو کاتەدا ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، ئەم هەنگاوە بۆ ڕێكخستن و دەستپێوەگرتنی بەکارهێنانی وزە دێت، “لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە ئابووریی و گۆڕانکارییانەی جیهان شاهیدییەتی”.

لە ماوەی 12 ساڵی دوای شۆڕشی 25ی 1ی 2011، میسر چەند جارێک کاتی هاوینەی ڕاگرتووە، لەكاتێكدا لە ساڵی 2011 دەستی پێکرد، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران لە ساڵی 2014دا کارەکەی گەڕاندەوە، دواتر لە ساڵی دواتردا جارێکی دیکە ڕایگرت.

ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵانی ڕابردوودا لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش كار بە كاتژمێری (هاوینە و زستانە) دەكرا، كە لە 1ی نیسان (4)ەوە بەهۆی درێژبوونی ماوەی ڕۆژ كاردەكرا بە كاتژمێری هاوینە و یەك كاتژمێر كات پێشدەخرا تاوەكو 1ی ئۆكتۆبەر (تشرینی یەكەم- مانگی 10) كە كاركردن بە كاتژمێری زستانە دەستی پێدەكرد و یەك كاتژمێر كات دوادەخرا بەهۆی كورت بوونی ماوەی ڕۆژ.

بافڵ تاڵەبانی: ڕێككەوتن بۆ هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە هەنگاوێكی گرنگە
پێشت بافڵ تاڵەبانی: ڕێككەوتن بۆ هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە هەنگاوێكی گرنگە
دوای نەوتی هەرێم، عێراق دۆسیەیەی دیكە دژی توركیا دەجووڵێنێت
دواتر دوای نەوتی هەرێم، عێراق دۆسیەیەی دیكە دژی توركیا دەجووڵێنێت
پەیوەندیدار