ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

حزبی شیوعی بۆ (خەڵك) باس لە سووتاندنی بارەگاكەیان دەكات لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە

خەڵك-ئیدریس جەبار
سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عیراق، ئاماژە بە هۆكاری سووتاندنی بارەگای حزبەكەیان دەكات لە شاری ناسریە لەلایەن خۆپیشاندەران و دەڵێت، “ئەوانەی كارەكەیان كردووە، لەو گرووپە لاوانە پێكهاتوون، كە هۆشیاری جیاكارییان نەبووە و هەندێكیشیان لە دەرەوەی شارەكەوە هاتوون”.

ڕائید فەهمی، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند، “ئەوانەی بارەگای حزبی شیوعیان سووتاند لە شاری ناسریە لەو گرووپە لاوانە پێكهاتوون، كە هۆشیاری جیاكارییان نەبووە و هەندێكیشیان لە دەرەوەی شارەكەوە هاتوون و توڕەن و بیریان لە جیاكردنەوەی نێوان حزبەكان نەكردۆتەوە، ئەوەش بەدەرناكەین، كە ڕەنگە خەڵكانێك هەبن جیاوازییان لەگەڵ حزبدا هەبێت و بیانەوێت ئاژاوە و پشێوی دروست بكەن”.

سكرتێری حزبی شیوعی عیراق دەڵێت: “بەشێوەیەكی گشتی زۆربەی ئەوانەی لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانن، پەیوەندی باشیان لەگەڵ حزبی شیوعیدا هەیە، بەڵام ئەوەی هەندێك جار ڕوودەدات، بەرەنجامی توڕەیی خەڵكە بەرانبەر بەو حزبانەی لە دەسەڵاتدان و جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و تێوەگلاون لە هەموو سیاسەتەكانی گەندەڵی و سیاسەتەكانی شكست لە بنیاتنانی دەوڵەت، بەڵام پەلاماردانی حزبەكان لەئێستادا لەلایەن هەندێكەوە گشتاندنی بۆ دەكرێت و هەمووان وەك یەك تەماشا دەكرێت”.

بە وتەی ڕائید فەمی، “بەداخەوە هەمووان وەك یەك تەماشا دەكرێین، بەڵام بەهەر حاڵ ئێمە شۆڕشەكە بە شۆڕشێكی گشتی دەزانین و چاوەڕوانین لەگەڵ هەندێك هێوربوونەوەی ڕەوشەكە، كاروبارەكان زیاتر ڕوونببێتەوە”.

ئەمڕۆ لە شاری ناسریەی باشووری عیراق، خۆپیشاندەران بارەگاكانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دامەزراوەكانی تر و بارەگای حزبی شیوعی عیراقیان لە شارەكەدا سووتاند.

عێراق

دانوستانەکانی هەرێم و بەغداد دەستپێدەکەنەوە

خەڵک – بەشی هەواڵ

 سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن و، لێكنزیكبوونەوەی باشیش ھەیە. سەركردەیەكی سوننەكانیش دەڵێت، چاوەڕێ دەكرێت ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە رێككەوتنی ھەردوو حكوومەت، دەبێتە ھۆی سەقامگیری لە عیراقدا بە شێوەیەكی گشتی.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی وتی: “بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، چونكە بەردەوامبوونی دانوستان پێویستە و رێككەوتننامەش پێویستە بەپێی دەستوور بكرێت و بۆ سەقامگیریی ھەردوو حكومەت بێت، بۆیە گەر بگەنە رێككەوتن، دۆخەكەش سەقامگیر دەبێت”.

سەبری وتیشی: “لێكنزیكبوونەوەی باش ھەیە و تەنھا ھەندێك وردەكاری ماون، كە رەنگە ئەوانیش لەم چەند رۆژەدا یەكلا بكرێنەوە و بگەنە رێككەوتن”.

لای خۆشیەوە، د. عەلا مەكی، سەركردەی سوننەكان، رایگەیاند: “عێراق پێویستی بە سەقامگیری ھەیە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێكی دیكە، تا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر نەبێت و بتوانێت سەقامگیری دروست بكات، بۆیە پێویستە دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوام بێت و بگەنە رێككەوتن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەكە و ھەرێمی كوردستان ناوچەیەكە بۆتە ھۆی سەقامگیری بۆ ھەموو عیراق، هەروەها سەقامگیریی ھەرێم، واتا سەقامگیریی ھەموو عیراق، بۆیە پێویستە حكومەتی عیراق لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بگاتە رێككەوتن”.

مەكی، وتیشی: “پێویستە دانوستانەكان دوانەكەون و پەلەیان لێ بكرێت، چونكە رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا دەبێتە ھۆی سەقامگیریی عیراق بە گشتی، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارە ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە بوونی كێشە لە نێوان ھەردوولا، دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی دۆخی عیراق”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

20ی ئەم مانگە كازمی سەردانی ئەمریكا دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

كۆشكی سپی ئاشكرایدەكات، 20 ئەم مانگە دیاری كراوە بۆ سەردانەكەی موستەفا كازمی بۆ ئەمریكا.

كۆشكی سپی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 20ی ئەم مانگە سەردانی ئەمریكا دەكات و هەریەك لە پرسەكانی ئاسایش و وزە و ئابووری و ڤایرۆسی كۆرۆنا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا تاوتوێ دەكات.

ئەمەش لەكاتێكدایە، لە ڕاگەیەنراوەكەی كۆشكی سپیدا باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق نەكراوە، لەكاتێكدا گفتوگۆكان بۆ ئەو مەبەستە ڕێكخراوە و پێش دوو مانگ گەڕی یەكەمی گفگۆكان لە عیراق ئەنجام دران.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی کۆرۆنا لەعیراق چاکبوونەوە

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

بەپێی نوێترین ئاماری تووشووانی کۆرۆنا لەعیراق لەماوەى ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دوو هەزار و ١٧٢ تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.

 

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوکردەوە، کە تێیدا سێ هەزار و ٤٦١ تووشبووی نوێی کۆرۆنا لەعیراق تۆمارکران و دوو هەزار و ١٧٢ تووشبووش چاکبوونەوە.

 

هەر بەپێی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا ٧٥ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان