ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

ئینتەرمیلان بەرامبەر کالیاری دوو خاڵی تری لەدەستدا و چانسی زیاتری بەخشی بە یوڤانتۆس

خەڵک سپۆرت

لەمیانی یارییەکانی هەفتەی ٢١ی کالچیۆ، یانەی ئینتەرمیلان لەجوسێپی میاتزا میوانداری کالیاری کرد و بەئەنجامی یەکسانبوون دوو خاڵی تری لەدەستدا.

لەتایمی یەکەمدا یاریزانانی ئینتەر بەهێزەوە دەستیان پێکرد و هێرشی بەردەوامیان دەکردە سەر گۆڵی کالیەری ڕکابەر و لە خولەکی ٢٩ لاوتارۆ مارتینێزەوە تاکە گۆڵی مارەشێنەکانی تۆمار کرد.

لەو تایمەدا یاریزانانی ڕۆلاند مارانی ڕاهێنەری کالیاری بەهەمان پلانی ئینتەرمیلان یارییان کرد، بەڵام ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەری ئینتەر توانی لەڕووی تاکتیکیەوە باڵادەستی نیشان بدات و باشتر کەلێنەکانی بەرگری یانەی ڕکابەر بدۆزێتەوە.

لەتایمی دووەمدا ڕاهێنەری یانەی میوان بە چەند گۆڕانکارییەک بارودۆخەکەی پێچەوانە کردەوە و لەنێو یاریگای جوسێپی میاتزا ئینتەرمیلانی دووچاری ئاستەنگی کرد.

لە خولەکی ٧٨ ڕادگا ناینگۆلانی بەلجیکی ئەستێرەی پێشووی ئینتەر گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمار کرد و تا کۆتا ساتەکان پارێزگارییان لە گۆڵی یانەکەیان کرد و یەکسانبوون باڵی بەسەر ئەنجامی کۆتاییدا کێشا (١ – ١).

ئینتەر بە لەدەستدانی دوو خاڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی یانەکانی کالچیۆ بەردەوام دەبێت، بەڵام چانسیان بەخشییە یانەی  یوڤانتۆس ئەمشەو بە بردنەوە لە ناپۆلی جیاوازی نێوانیان بۆ شەش خاڵ بەرزبکاتەوە.

جیهانی

بەرشلۆنە لەبارەی پێکانی سێرجی ڕۆبێرتۆوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

خەڵک سپۆرت

یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی بەفەرمی ئاشکرایکرد، کە لەڕووبەڕوبونەوەکانی کلاسیکۆ و ناپۆلی لەچوارچێوەی ململانێکانی خولی ناوخۆیی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەکان، سێرجی ڕۆبێرتۆ بەشداری ناکات.

لەڕاگەیەندراوەکەی بەرشلۆنەدا هاتووە، سێرجی ڕۆبێرتۆ دووچاری پێکانی ماسولکەیی بووە و بەوهۆیەوە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتە لە یاریکردن دادەبڕێت، لەو ماوەیەشدا دوو ڕووبەڕوبونەوەی گرنگی مانچستەر سیتی لە خولی یانە پاڵەوانەکان و کلاسیکۆ لەچوارچێوەی ڕووبەڕوبونەوەکانی خولی ناوخۆی ئیسپانیا لەدەست دەدات.

لە لیستی یاریزانە بانگهێشکتراوەکانی کیکی سیتین بۆ ڕووبەڕوبونەوەی ناپۆلی، زۆرینەی ئەستێرە ناودارەکان بوونیان هەیە، تەنها جۆردی ئەلبا و عوسمان دیمبیلی و لویس سوارێز و سێرجی ڕۆبێرتۆ نەبێت، کە هۆکاری دوورخستنەوەی هەریەکێکیان پێکانی ماسولکەییە.

لەنێو یاریزانە بانگهێشتکراوەکاندا ناوی مارتن برەیزوایتی دانیمارکی هاتووە، سەرباری ئەوەی لەڕووی یاساییەوە لەخولە ئەوروپییەکان سڕدەکرێت و ناتوانێت بەشداری بکات.

بڕیارە سێ شەممەی داهاتوو یانەی بەرشلۆنە لەیاریگای سان پاولۆ لە ئیتاڵیا لەچوارچێوەی یارییەکانی قۆناغی (١٦)ی خولی یانە پاڵەوانەکان ڕووبەروی یانەی ناپۆلی ببێتەوە، بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەگەرەکانی دواخستنی ئەم یارییەش بەهێزبوون و هەندێک لەسەرچاوە ئیتاڵییەکان پێیان وایە بەبێ هاندەر یاخود لەیاریگایەکی تر ئەنجام دەدرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

(ڤیدیۆ) بە بردنەوە لە واتفۆرد، یونایتد گەڕایەوە نێو پێنج یانە گەورەکەی پریمەرلیگ

خەڵک سپۆرت

لەمیانی ڕووبەڕوبونەوەکانی گەڕی ٢٧ی خولی ئینگلتەرا، ئەمڕۆ یانەی مانچستەر یونایتد بە سێ گۆڵی بێوەڵام بردنەوەی بەرامبەر واتفۆرد تۆمارکرد.

لەتایمی یەکەمدا شەیتانە سورەکان لەنێو یاریگای خۆیاندا بەهێزتر دەرکەوتن و کۆنتڕۆڵی یارییەکەیان کرد و چەندینجار لە گۆڵی واتفۆردی ڕکابەریان نزیکبوونەوە، بەڵام هێڵی بەرگری یانەی میوان سەرکەوتوبوون لە ڕەتکردنەوەی هێرشەکان.

خۆڕاگری هێڵی بەرگری یانەی میوان لەکۆتاییەکانی ئەو تایمەدا کۆتاییهات، لەخولەکی ٤٢ برونۆ فێرناندێزی پورتوگالی یاریزانی نوێی پێکهاتەی سۆڵشایەر گۆڵی یەکەمی بۆ مان یونایتد تۆمارکرد، ئەو تایمەش بە گۆڵێکی بێوەڵام کۆتایی هات.

لەتایمی دووەمدا هەمان ئاست و ئەنجامیکی قورستر دووبارەبوونەوە، یاریزانانی یانە سورە زەبەلاحەکە لە خولەکەکانی (٥٨ و ٧٥) دوو گۆڵی تریان لەڕێگەی ئانتۆنی مارتیال و ماسۆن گرینوودەوە تۆمارکرد، تا کۆتا ساتیش پارێزگارییان لەو ئەنجامە کرد و (٣ – ٠) بردنەوەیان بەدەستهێنا.

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکە و بە سوود وەرگرتن لە کەوتنی یانەی تۆتنهام بەرانبەر چێڵسی، مانچستەر یونایتد توانی چەند پلەیەک سەربکەوێت و بە (٤١) خاڵەوە گەیشتنی بە پلەی پێنجەمی ڕیزبەندی پریمەرلیگ تۆمارکرد، حازلی حازر سێ خاڵ لە یانەی چێڵسی چوارەمی ڕیزبەندی جیایان دەکاتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

لازیۆ لەسەرکەوتنەکانی بەردەوامە و بە جیاوازی یەک خاڵەوە دوای یوڤانتۆس کەوتووە

خەڵک سپۆرت

لەمیانی یارییەکانی گەڕی ٢٥ ی خولی ئیتاڵیا، یانەی لازیۆ ڕووبەڕووی جەنەوا بووەوە و بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو بردنەوەیان نوسییەوە.

دەستپێکی تایمی یەکەم بۆ لازیۆ هاوشێوەی تەقینەوەی گڕکانێک بوو، لە خولەکی دوو ئادەم مارۆسیچ گۆڵی یەکەمی تۆمار کرد، لەدوای ئەو گۆڵەش فشارەکانیان بۆسەر گۆڵی یانەی خاوەن یاریگا ڕانەگرتەوە و چەندین هەلی مەترسیداری تریان دروستکرد، لەماوەی ٤٥ خولەکدا توانیان کۆنتڕۆڵی یاریگا و ئەنجام بکەن.

لەتایمی دووەمدا سیمۆنی ئینزاگی ڕاهێنەری لازیۆ لەڕووی هێرشبەرییەوە کاراتر دەرکەوت و داڤید نیکۆلای ڕاهێنەری یانەی جەنەوای ناچارکرد بەرگری بە پێکهاتەکەی بکات.

لەخولەکی ٥١ شیرۆ ئیمۆبێللی گۆڵی دووەمی بۆ لازیۆ تۆمارکرد، لەدوای ئەم گۆڵە یاریزانانی جەنەوا هەوڵی هاوتاکردنەوەی سەنگی هێزیاندا و بە پێچەوانەکردنەوەی فشارەکان توانیان لەخولەکی ٥٧ بەپێیەکانی فرانسیسکۆ کاسانا گۆڵێک تۆمار بکەن.

لەگەڵ ئەوەی هاندەرانی یاریگای لویجی فیراریس چاوەڕوانی گەڕانەوەی یانەکەیان بوون، لە خولەکی ٧١ دانێلۆ کاتاڵدی گۆڵی سێیەمی لازیۆی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکلاییکردەوە.

لێرەدا یانەی خاوەن یاریگا هیچ نەمایەوە لەدەستی بدات و بەهەموو توانای هێرشبەرییانەوە هێرشیان کردە سەر گۆڵی لازیۆ و لە خولەکی ٩٠ گۆڵی دووەمیان لەڕێگەی دۆمینیکۆ کریشیتۆوە تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی کەمی کاتەوە سەرکەوتوو نەبوون لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە.

بەم بردنەوە و بە کۆکردنەوەی (٥٩) خاڵ لازیۆ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندیدایە بەردەوامبوو و جیاوازی نێوانیان لەگەڵ یانەی یوڤانتۆس بۆ یەک خاڵ کەمکردەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان