ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

ڤایرۆسی كۆرۆنا: خۆپاراستن و چارەسەر و نیشانەكانی

لوقمان غەفوور

گۆڤاری نیو ئینگلاند جۆرنالی پزیشكی-ی ئەمریكی لە ژمارەی 24ی جێنیوەری وتارێكی 6 لاپەڕەیی بڵاوكردۆتەوە لەسەر نەخۆشی كۆرۆنا، بەپێویستمزانی بەشی پێویستی بۆ خوێنەرانی كورد بگوازمەوە:
ڤایرۆسى كۆرونا كە بە (nCoV-2019) ناسراوە تا رۆژی 24ی جێنیوەری لە وڵاتی چین 45 كەسی كوشتووە و 1429 كەسی تۆماركراوە. لەئەمریكاش دوو حاڵەت تۆماركراوە ئەویش پیاوێكی تەمەن 30 ساڵ لەویلایەتی واشنگتۆن و ژنێكی تەمەن 60 ساڵ –ی خەڵكی شیكاگۆ-ی ویلایەتی ئیلینۆیا، دوای ئەوەی لە چین گەڕاونەتەوە، دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكەن و لەژێر پشكنیندان.

هەروەها لەوڵاتانی فەرەنسا و كۆریای باكوور و ژاپۆن و نیپاڵ و تایلاند و سەنگاپۆرە و مالیزیا و ڤێتنام و تایوان و ڕوسیا و عەرەبستانی سعودیە و ئوسترالیا-شی گرتۆتەوە و لەهەروڵاتەش بە ژمارەی جیاواز 3-4 كەس دیاریكراوە.

تا ئەمساتە زانایان هەوڵدەدەن لە چۆنێتی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە بگەن، بەڵام لەوە دڵنیا بوون كە لەمرۆڤەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

سەنتەری كۆنترۆڵكردن و خۆپاراستن لەنەخۆشییەكان (CDC) كە رێكخراوێكی نیشتمانی گشتییە بۆ تەندروستی لەئەمریكا و سەنتەری كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە ترسناكەكانە و سەر بەئاژانسی حكومەتی فیدرالی ئەمریكای وەزارەتی تەندروستییە و بارەگای سەرەكی لە ویلایەتی جۆرجیایە، لەئێستادا زیاتر سەرقاڵی خۆپاراستن و چاودێریكردنی تەندروستییە بۆ روبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

چی لەرووخساری كەسی تووشبوودا دەبینرێت:
بەپێی سەنتەری كۆنترۆڵكردن و خۆپاراستن (CDC)، دەشێت ئەو كەسە هەست بە ترس بكرێت لە تووشبوونی ئەگەر:
*تا-ی لەرادەبەدەر و بەئەستەنگ هەناسەدان-ی تیابینرا، ئەویش دوای ئەوەی زانرا كەسەكە گەشتی وڵاتی چین-ی كردووە یاخود پەیوەندی هەبووە بە كەسێكەوە كە گومانی لێدەكرێت یان لە گەشت گەڕاوەتەوە.

*كۆكەی توند و سوتانەوەی قوڕگ

*هەستی كرد بە گیان داهێزرانێكی لەناكاو و شەكەتی ماسولكەكان و سەریەشە و گێژبوون.
هەرچەندە دۆن هۆڵت، پسپۆری نەخۆشییە هەناوییەكانی منداڵان لە پۆرتلاند، دەڵێت:”یەكێك لە گرفتەكانی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە هەمان نیشانەی ئەنفلۆنزای ئاساییە، بۆیە پێویستە هەركەس هەستی بە ئەنفلۆنزا كرد سەردانی پزیشك بكات بەبێ هیچ خۆ دواخستنێك”.

كێ زیاتر ئەگەری مردنی زیاترە؟

ئەوكەسانەی كە سیستمی بەرگرییان لاوازە ئەگەری مردنیان خێراترە ئەوانیش منداڵ و كەسی بەتەمەنە.

خۆپاراستن هیچ بودجەیەكی ناوێت:
*پێویستە سەردانی وڵاتی چین راگیرێت بۆ ماوەیەك تا كۆنترۆڵی نەخۆشییەكە دەكرێت لەو وڵاتە. هەر ئەوانەشی كە لەوێوە دێنەوە لەم ماوەیە بێ هیچ چەند و چونێك پێویستە لەلایەن (چاودێری پزیشكی خێرا) پشكنینیان بۆ بكرێت.

*تائێستا هیچ كوتانێك دژی نەخۆشییەكە نەدۆزراوەتەوە تا پێشوەخت هاووڵاتی تووشنەبوو بیدات لەخۆی، بۆیە لەئێستا خۆپاراستن بە پلەی یەكەم دێت لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

*ئاژەڵ و باڵندەی ماڵی ئەگەری تووشبوونی هەیە بە ڤایرۆسەكە بۆیە نابێت رێگەی بدرێت لە شوێنی پیس خواردن بخوات. ئەو خواردن و پاشماوەی خواردنانە بۆ باڵندە و ئاژەڵی ماڵی بەكارنەهێنرێت چونكە دوور نییە لەلایەن شەمشەمەكوێرەوە قەپی لێگیرابێت و ئەویش سەرچاوەی هەڵگری ڤایرۆسەكەیە لەگەڵ مار-دا.

*ئەو شوێنانەی شێدارن و ئاژەڵ و باڵندە و زیندەوەری ئاوی لێدەفرۆشرێت پێویستە بە هەموو شێوەیەك لەلایەن لیژنەی خۆپاراستنەوە چاودێری بكرێت تا ئاستی داخستن ئەگەر گومان كرا شوێنەكە شیاو نییە.

ئەی چۆن خۆت ئەپارێزیت؟

بەپێی (CDC) و ئەوانەی پسپۆرن لە چاودێری تەندروستی پێیانوایە پێویستە:
*جلوبەرگی هیچ كەس بەكارنەهێنیت.

*دەست مەبە بۆ چاو و لوت و دەم، چونكە ئەم سێ ئەندامە سەرچاوەی گواستنەوەی ڤایرۆسەكەیە.

*لەئێستا پێویستە هەر 20 دەقیقە جارێك دەستت بە سابون و شامپۆ بشۆیت لە هەر جێگەیەك بیت و هەوڵبدە جێڵی پاكژكەرەوە لەناو دوكان و شوێنی كار و ناو ئۆتۆمبێلەكەت دانێ لەهەر 5 دەقیقە جارێك دەستی پێ تەعقیم بكە، خۆ ئەگەر ماددە و گیراوەی كهولی هەبێت باشتر و بەهێزترە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكە.

*لەماڵەوە هەوڵبدە هەموو كەس قاپ و كەوچك و كەلوپەلی خۆی بەكاربهێنێت تا دەنگۆی ڤایرۆسەكە كۆتایی دێت.

*تا ئەتوانی رۆژانە ئاوی زۆر بخۆرەوە بۆ ئەوەی لەئەگەری تووشبووندا، بەرگەی سەرەتای نەخۆشییە بگریت تا چارەسەر دەكرێیت.

*ئاگاداربە بە هیچ شێوەیەك ئەسپرین بۆ منداڵ بەكارنەهێنرێت لەكاتی هیچ ئەنفلۆنزایەكدا.

*تا ئەتوانی دوور كەوەرەوە لە شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندە و زیندەوەری دەریایی، ئەوانەش كە فرۆشیارن ئەبێت (دەستكێش لەدەست بكەن، كەمامە بە دەمولوتیانەوە بێت، بەدلەیەك لەبەربكەن كە ئاو نەگرێتە خۆی).

كەسی تووشبوو چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكرێت:

*كەسەكە ئەبێت دوورخرێتەوە لە كۆمەڵگە، لە نەخۆشخانەی تایبەت دابنرێت و ئەو پزیشك و كەسانەی دەچنە لای بە جلوبەرگی تایبەتەوە لەدووی 6 پێ لێیەوە دوور بن.

*بەهیچ شێوەیەك نابێت هیچ كەسێك جگە لە تیمی پزیشكی سەردانی نەخۆشەكە بكات و لە شوێنێكی تایبەت بە شوێنی چاودێری سەردانیكارەكان بمێننەوە تا بتوانرێت خۆ لەسەردانی كردنی بپارێزیت تا نزیك چاكبوونەوە.

لەئەمریكا:

هەرچەندە پسپۆرانی ویلایەتی ئۆریگۆن حكومەتی فیدرال-یان ئاگاداركردۆتەوە دۆخەكە لەئەمریكا ترسناك نییە بەڵام رێوشوێنی خۆپاراستن، زۆر پێویستە و ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان ئەركێكی نیشتمانییە، سەنتەری خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردن (CDC) ئەوەی راگەیاند كە لەرۆژی 25 جێنیوەرییەوە فرۆكەخانەی جۆن كەنەدی لە نیۆیۆرك و فرۆكەی سان فرانسیسكۆ و فرۆكەخانەی لۆس ئەنجلس، فرۆكەخانەی هارتسفێڵد جاكسۆن ئەتلەنتا و فرۆكەخانەی شیكاگۆ، هەستاوە بە پشكنینی ئەوانەی كە دەگەڕێنەوە لە وڵاتی چین.

دواهەمین ڤایرۆسی كوشندەش، كە لە رۆژی 16ی جێنیوەری بەرپرسانی تەندروستی چین ئاشكرایان كرد بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی نوێی-یە هاوشێوەی سارس-ە كە لە ساڵی 2003 جیهانی تووشی شۆككرد.

نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتییە لە هەوكردنی توندی قوڕگ و دواتر پوكانەوەی گورچیلە و مردنی كەسەكە. زانایانی پزیشكی پێیانوایە ئەمە نەوەیەكی نوێی (سارس) ڤایرۆسی كۆرۆنا-یە. كە بۆ هەمان خێزانی ئەو ڤایرۆسە دەگەڕێتەوە و نەخۆشییەكی توندە و تووشی كۆئەندامی هەناسە دەبێت. هەروەك ڤایرۆسی كۆرۆنا مرۆڤ تووشی تا و كۆكە و پوكانەوەی گورچیلە دەكات.

ڤینسینت مۆنستەر، زانای ڤایرۆلۆجست لە تاقیگەی رۆكی ماونتن، پێوایە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك سارس وایە لەنێو شەمشەمە كوێرەدا سوڕی ژیانی تەواو دەكات و زیندەوەرێكی تر دەیگوازێتەوە بۆ مرۆڤ ئەویش بەشێوەیەك كە شەمشەمە كوێرەكە خواردێك دەخوات و پاشماوەكەی بەجێدێڵێت، دواتر بەراز و سەگ و باڵندەكان دەیخۆن، یان راستەوخۆ شەمشەمەكوێرەكە لەرێگەی مارەوە دەخورێت. دواتر كاتێك مرۆڤ پەنا دەباتە بەر خواردنی مارەكە، تووشی نەخۆشییەكە دەبێت، یان ئەگەر مرۆڤ گۆشتی بەراز و سەگ و پەلەوەرەكان بخوات، ئەوكات تووشدەبێت، دەشڵێت: “خۆ ئەگەر مرۆڤ راستەخۆ شەمشەمە كوێرە بخوات ئەوە ترسناك ترە، هەر ئەوەندە مرۆڤێكیش تووش بوو زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێكی تر”.

هەروەها زانایانی چین، پاڵپشتی قسەكانی ڤینسینت مۆنستەر-یان كردەوە، رۆژی 25 جێنیوەری رایانگەیاند كە كۆدەكانی بۆماوەیی (ترشی ناوكی) ی مردووان و تووشبووانیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە كۆدەكانی بۆماوەیی ئەو زیندەوانەیان بەراوردكردووە كە تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە نێویاندا ماری ئاسیا-یی و كۆبرا و شەمشەمەكوێرە، بۆیان دەركەوتووە هەمان كۆدە.

راپۆرت

ڤیدیۆ؛ لە بازاڕی سەیدسادق ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە کۆرۆنا دادەنرێت

خەڵك – یەحیا حبیب
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق، قایمقامیەتی شارۆچکەکە لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان و به‌ هاوکاری دوو گه‌نجی خۆبه‌خش، ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆسیان لە نێو بازاڕی سەیدسادق دانا.

عەلی تەپەڕەشی، خاوەن بیرۆکە و دروستکەری ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ (خەڵک) وتی، “بەهۆی بەرزبوونەی ژمارەی مردنی هاووڵاتییانی شارۆچكەکەمان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بیرم لە دروستکردنی ئامێرێک کردەوە کە هەستوەر (حاسە) بێت و هاووڵاتییان و دوکاندارانی ناو قەزاکە سودی لێوەرگرن و بەدوور بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

وتیشی: “هەر بۆیە لەسەر کاغەز وێنەی ئامێرەکەم دروستکرد و کاغەزەکەم برد بۆ لای یەکێک لە دوکانەکان بە ئەلەمنیۆم دروستی بکات بۆم بەو شیوەیەی خۆم دەمەوێت و ئامادەکاریم بۆی کردووە”.

عەلی تەپەڕەشی دەڵێت: “بەهۆی ئەو شارەزاییەی هەمە لە بواری کۆمپیوتەر و ئۆتۆمبێلدا،هەستام بە دروستکردنی ئامێرێکی بەرنامەکراو، کاتێک هاووڵاتییەك بە ئامێرەکەدا تێپەر ببێت دەرمانی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕشێنێت و ئەو هاووڵاتییە تەعقیم بکات کە پێیدا تێپەڕ دەبێت. لە تواناشیدا هەیە کە نزیکی 2000 کەس لە کاتژمێرێکدا دەرمانڕشێن بکات”.

ڕونیشیکردەوە، “دروستکردنی ئەم ئامێرانە بە یەک کەس قورسە و ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تا یەک ئامێر دروست بکەیت”، وتیشی: “ئەگەر حکومەت پشتیوانیمان بکات تیمێکی چەند کەسی دیاری بکات بۆمان دەتوانین ڕۆژانە چەند دانەیەک بەرهەم بهێنین بۆ زیاتر خزمەتی خەڵک و تەندروستی خەڵکی کوردستان”.

سوهەیب محەمەد، چالاکوانێکی شارۆچكەی سەیدسادقە و بۆ (خەڵک) وتی، “دانانی ئەم ئامێرە لە لایەن گەنجێکی خۆبەخشی شارەکەمانەوە هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

وتیشی، “لە مێژەوە وتراوە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر، هەر بۆیە دەبێت خەڵکیش هۆشیار بێت و خۆی بپارێزێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

لای خۆشیەوە قایمقامیەتی شارۆچکەی سەیدسادق ڕایگەیاند ئامانج لە دانانی ئامێرەكە كەمكردنەوە و ڕێگریكردنە لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و “له‌ کاتی هاتن و ڕۆشتنی هاووڵاتییان بۆ بازار و ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سەیدسادق دێنه‌ ناو شارۆچكەکه‌ تەعقیم بکرێن”.

ئاشکراشی دەکات، له‌ به‌رنامه‌یاندا هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا له‌ چه‌ند شوێنێکی تری شارۆچكەكەدا ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە کۆرۆنا دابنرێت، ئەویش لە پێناو پاراستن هاووڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەكە.

قایمقامیەتی سەیدسادق داواشی کرد،‌ “هاووڵاتیان له‌ کاتی سه‌ردانی کردنیان بۆ بازاڕ، لانیکه‌م له‌ کاتی چوون و هاتنیاندا، به‌ناو ئه‌و ئامێرەدا بڕۆن بۆ سه‌لامه‌تی خۆیان و خێزانیان و شاره‌که‌مان”.

تا ئێستا 13 هاووڵاتی بە هۆی تووشبوونیان بە كۆرۆنا لە شارۆچكەی سەیدسادق گیانیان لە دەست داوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

یۆنسێف: 4.5 ملیۆن منداڵی عیراقى ڕووبەڕووی هەژاریی دەبنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕێكخراوی (یونسێف)ی سەر بە نەتەوە یەگگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت، منداڵانی عیراقی كە زۆرینەن لەنێوان نزیكەی 4.5 ملیۆن عیراقی، هەڕەشەی هەژاریی و نەدارییان لەسەرە بەهۆی كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەپێی هەڵسەنگاندێك كە لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە پاڵپشتی (یونسێف) و بانكی نێودەوڵەتی و دەستپێشخەریی (ئۆكسفۆرد) بۆ هەژاریی و گەشەی مرۆیی بڵاوكرایەوە” 4.5 ملیۆنی تری عیراقییەكان (واتا نزیكەی 11%)، ڕووبەڕووی مەترسی كەوتنە خوار هێڵی هەژارییان لەسەرە، بەهۆی كاریگەریی كۆمەڵایەتی ئابوری پەتای كۆرۆنا”.

هەر لە هەڵسەنگاندنەكەدا هاتووە”ئەم بەرزبوونەوە زۆرە دەبێتە مایەی هەڵكشانی ڕێژەی هەژاریی نیشتمانی لە 20% لە ساڵی 2018 بۆ 31.7%، و زۆربوونی گۆی گشتی هەژاریی بۆ 11.4 ملیۆن”.

(یۆنسێف) پێیوایە”منداڵان و تازەپێگەیشتوان بەشێوەیەكی زیاتر ئاستی هەژارییان هەڵكشاوە”.

هەروەها دەڵێت”بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناش، یەكێك لەنێوان هەر پێنج كەسێكدا لەنێو منداڵان و تازەپێگەیشتوان هەژاربوون، بەڵام ئەمە بۆ زیاتر

لە 2 كەس لەنێوان 5 كەسدا زیادی كرد، كە 37.9%ی كۆی گشتی ژمارەی منداڵان دەكات”.

بە بۆچوونی ئەو ڕێكخراوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان”42%ی دانیشتوان لەو توێژە فشەڵەن كە ڕووبەڕووی بەرزترین ئاستی مەترسی دەبنەوە، بەو پێیەی لە چەندان ڕووەوە بەدەست نەدارییەوە دەناڵێن، بە تایبەتیش لەڕووی، فێركاریی، تەندروستی، گوزەرانی ژیان، ئاسایشی دارایی”.

سەبارەت بە منداڵانیش، “هەر منداڵێك لەنێوان دواندا (واتا 48.8%) زیاتر ڕووبەڕووی نەداریی دەبنەوە لەزیاتر لە یەكێك لەو چوار ڕووە”.

نەداریی و بێبەشبوون لە پەیوەندیكردن بە خوێندنگەكان، و دەستبەركردنی سەرچاوەی ئاوی شیاو، لەو فاكتەرە سەرەكیانەن كە بونەتە مایەی فشەڵبوونی خێزان و ئاستی گوزەرانی منداڵ.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

مێژووی بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی تەماتە

خەڵک ـ عەبدول محەمەد

تەماتە ئەو سەوزەیەی یان وەک هەندێک دەڵێن ئەو میوەیەی کە بەشێوەیەکی نمیچە ڕۆژانە دەبێت لە هەموو ماڵێکدا بوونی هەبێت، هەر کە باسی لێنانی هەر چێشتێکی شلە دەکرێت، دەبێت تەماتەش بوونی هەبێت.

تەماتە لە خێزانی بەروبومە باینجانییەکانە بە زۆری لە ناوچە مامناوەندی و گەرمەکان دەڕوێت و گەشە دەکات، ناوە زانستیەکەی Solanum lycopersicum، ناونانی تەماتە لە زمانی گەلی “ئیزتیک”ی مەکسیکەوە هاتووە، کە بەو بەربومەیان وتووە تۆماتۆل (tomatl)، لە هەندێک وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە تەماتە دەوترێت بەنەدۆرە، کە لە زمانی ئیتالیاوە وەرگیراوە.

نابێت ئەوەشت لە یاد بچێت کە تەماتە یەکێکە لەو بەرهەمە رووەکیانەی کە بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کانزا و ڤیتامینەکان و خوێ کانزانییەکان و کاربۆهێدرات و رەنگە سروشتییەکان دادەنرێت بۆ جەستەی مرۆڤ.

توێژینەوە پزیشکییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن تەماتە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە و پارێزگاریکردن لە فشاری خوێن و خوێنبەرەکان و بەربەرەکانێی نەخۆشیە جیاجیاکان شێرپەنجە، بەهێزکردنی دەزگای هەرس و پارێزگاریکردن لە چاوەکان.

نیشتیمانی یەکەمی تەماتە بەرزاییەکانی خۆرئاوای ئەمریکای لاتینە، کە ئێستا بە وڵاتانی پیرۆ و ئیکوادۆر ناسراوە، بە دیاریکراویش ٢٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر شوێنی ئەم ڕووەکەی تیا دۆزراوەتەوە.

ئەم بەرهەمە کشتوکاڵیە لەسەردەستی هیندیە سورەکان گواستراوەتەوە بۆ وڵاتی مەکسیک، تۆی تەماتەی ناوچەکانی ئەمریکای ناوەڕاست بە سەرچاوەی هەموو جۆرە تەماتەکانی ئەمڕۆ دادەنرێت، کە لە سەرانسەری جیهاندا بەشێوە و قەبارەی جیاواز هەیە.

زۆرێک لە میژوونووسان کۆکن لەسەر ئەوەی دوای داگیرکردنی شاری ئەزتیک شوێنی مەکسیکۆ سیتی پایتەختی ئێستای مەکسیک لە ساڵی ١٥٢١، “کورتس” گەریدەی ئیسپانی یەکەم کەس بووە تۆی تەماتەی گواستووەتە بۆ ئەوروپا، هەندێکیش دەڵێن کریستۆفەر کۆلۆمیس ئەو کەسەی بۆ یەکەمجار کیشوەری ئەمریکای ئاشکراکرد، یەکەم ئەوروپی بووە لە ساڵی ١٤٩٣ تۆی تەماتەی گواستووەتەوە بۆ ئەوروپا
مانیۆلی مێژوونووسی ئیتالی یەکەم کەس لە ساڵی ١٥٤٤ باسی لە بوونی تەماتە کردووە لە ئەوروپا.

بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە بەسەر ڕەنگی بەرهەمی تەماتەدا دێت تا پێ دەگات لەسەرەتاوە خەڵک ترساوە لەوەی کە ڕوەکێکی ژەهراوی بێت.

تەماتە لە تورکیا و ناوچەی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردستانیش بەشێکە لێی، تا سەردەمی داگیرکارییەکانی بەریتانیا لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان بوونی نەبووە، دواتر لە ساڵی ١٩١٧ بەدواوە جوتیارەکان لەدەشتاییەکانی تورکیا و ئوردن و پارێزگای دیالەی عێراق لە شارەکانی بەعقوبە و مەندەلی چاندوویانە.

کاتێک بەرهەمەکەی چووەتە بازاڕەکانی بەغدا خەڵک لێی ترساون بە بەرهەمێکی ژەهراویان زانیووە و دواتر ناونراوە بە “پرتەقاڵی ئینگلیزی”، بەڵام دوای ئەوەی خەڵک لێی شارەزا بووە، بووەتە پێکهاتەکی سەرەکی چێشتخانەی عێراقی.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 185 هەزار تۆن تەماتەیە، توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی ناوخۆش هیچ ساڵێك نەگەیشتووەتە نیوەی ئەم بڕە، بۆیە ناچارە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی تەماتە هاوردە بکرێت.

ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە فاو، لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٩ی خۆیدا ڕیزبەندی کردووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین بەرهەمی تەماتەیان هەیە ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان کە ئەمانەی خوارەوەن:

چین لە پلەی یەكەمدایە و ساڵانە بڕی 56 ملیۆن ە 423 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنێت.

هیندستان بە پلەی دووەم دێت و ١٨ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ١٣ ملیۆن و ٣٨ هەزار تۆن.

تورکیا ١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن.

میسر ٧ ملیۆن و ٩٤٣هەزار تۆن.

ئیتالیا ٦ ملیۆن و ٤٣٧ هەزار تۆن.

ئێران ٦ ملیۆن و ٣٧٢ هەزار تۆن.

ئیسپانیا ٤ ملیۆن و ٦٧١ هەزار تۆن.

بەرازیل ٤ ملیۆن و ١٦٧ هەزار تۆن.

مەکسیک ٤ ملیۆن و ٤٧ هەزار تۆن.

ڕوسیا ٣ ملیۆن تۆن.

ئۆزبەگستان ٢ ملیۆن و ٦٤٨ هەزار تۆن.

نەیجیریا ٢ ملیۆن و ٢٤٣ هەزار تۆن.

ئۆکرانیا ٢ ملیۆن و ٢٢٩ هەزار تۆن.

پرتوگال ١ ملیۆن و ٦٩٣ هەزار تۆن.

تونس ١ ملیۆن و ٣٠٣ هەزار تۆن.

جەزائیر ١ ملیۆن و ٢٨٠ هەزار تۆن.

مەغریب ١ ملیۆن و ٢٣ هەزار تۆن.

کامیرۆن ١ملیۆن و ١٨ هەزار تۆن.

یۆنان ١ ملیۆن و ٤ هەزار تۆن.

ئەوەی جێی سەرنجە لەم ڕاپۆرتەدا ئەوە، هەرچەندە سەرەتای سەرهەڵدانی چاندنی ڕووەکی تەماتە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی مەکسیک، بەڵام ناوی لە ناوەڕاستی لیستەکەدا و بە نۆهەمین وڵات دێت لە بەرهەمی تەماتەدا، جگە لەوەش عێراق بە یەکێک لە وڵاتە پێشینەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە بۆ یەکەمجار تەماتەی تیا بەرهەم هاتووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناوی لەناو لیستەکەدا نەهاتووە و ساڵانە ناچارە بە سەدان تۆن تەماتە لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەوە هاوردە بکات، ئەویش بەهۆی پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵەوە بەرهەمی ناوخۆیی توانای پڕکردنەوەی داوای بازاڕەکانی خۆی نییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان